هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ڤییەنا ئیدانە کران

کوردستانیانی دانیشتووی شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر مەخمور و شەنگال و ڕۆژئاوا لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا چالاکیی دانیشتنیان ئەنجامدا.

کاتژمێر ١٨:٠٠ی ئێوارەی دوێنێ دەیان کەس چالاکیی دانیشتنیان ئەنجامدا و پانکارد و ئاڵاکانی پەکەکە، کەجەکە، تەژەکە –ئە، یەپەژە و یەپەگەیان بەرزکردبووە.

کۆمەڵگای کورد و دۆستانیان لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردومانە بەرفراوانەکانی بە فڕۆکە جەنگی بۆ سەر باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی لە کامپەکانی مەخمور و دێریک و شەهبا، چالاکیی دانیشتنی جەماوەرییان ئەنجامدا.

چالاکییەکە بە بانگەوازی "با بەڵێنمان بۆ شەهیدەکانمان نوێبکەینەوە، کە لەپێناو ژیانێکی پیرۆزدا گیانی خۆیان بەخشی" و بە وتنەوەی دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت