هێرشی ژەهراوی لە ئێران ١٣ هەزار خوێندکاری ژەهراوی کردووە

بەپێی زانیارییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بە ژەهر هێرشکراوەتە سەر ١٣ هەزار خوێندکاری کچ لە ئێران.

سەعید کەریمی جێگری وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، ١٣ هەزار خوێندکار بەهۆی هێرشی گازی ژەهراییەوە چارەسەرکراون.

کەریمی وتی، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە.

ئەو هێرشانە لەم هەفتانەی ڕابردوودا بووە هۆی دەستپێکردنی چالاکی نوێ. پزیشکەکان لەو وڵاتەدا دەڵێن، هێرشەکە بە 'گازی ژەهراوی' لە دژی خوێندکاران ئەنجام دراوە.

کاربەدەستان دەڵێن، هێرشەکان بە تایبەتی لە دژی ئامانجێک ئەنجام دەدرێن. ئەو قوتابخانانە، کە هێرشیان کراوەتە سەر هەموو ئەو قوتابخانانەن، کە خوێندکارانی کچ تیاندا دەخوێنن.  بنەماڵەکان تووڕەن و هەروەها ناڕەزایی دەردەبڕن، کە دەسەڵاتداران ڕێوشوێن ناگرنەبەر.

وەزارەتی ناوخۆی ئێرانش ڕایگەیاند، تائێستا نزیکەی ١٠٠ گومانلێکراو دەستگیرکراون.

هێرشەکان لە کۆی ٣١ پارێزگا لە ٢٥ پارێزگا ئەنجامدراون. لەو پارێزگایانەدا هێرش کراوەتە سەر سەدان قوتابخانە. ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێت، دەوڵەتی ئێران لەپشت ئەو هێرشانەوەیە.

ژ.ت