کەنەکە: بە دانانی قەیوم هێرش بۆ سەر ئیرادەی گەلی کورد بەردەوامە
کەنەکە دانانی قەیومی لەسەر شارەوانی سێرت شەرمەزار کرد و دەڵێت: "بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا بوێری بە ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە_مەهەپە دەبەخشێت."
کەنەکە دانانی قەیومی لەسەر شارەوانی سێرت شەرمەزار کرد و دەڵێت: "بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا بوێری بە ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە_مەهەپە دەبەخشێت."
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دژی دانانی قەیوم لە شارەوانی سێرت ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەمە ١١ ساڵە، ڕژێمی تورک ئەو هاوسەرۆکی شارەوانیانە لە ئەرکەکانیان دووردەخاتەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا زۆرینەی دەنگەکانیان هێناوە، ئیرادەی دیموکراتیکی گەلی کورد زەوت دەکات و بەشێوەیەکی نایاسایی دەست بەسەر ئیدارە خۆجێیەکانی کوردستاندا دەگرێت".
کەنەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم بەیانییە پۆلیس بینای شارەوانی سێرتی گەمارۆدا، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت سۆفیا ئالاگاش کە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو لە کارەکەی دوورخرایەوە، جەخت دەکاتەوە ئەمە بێڕێزییە بە ئیرادەی دەنگدەران و دەڵێت: "ئەم کارە بێجگە لەوەی پشتگوێخستنی دەنگ و ئیرادەی خەڵکە، هاوکات درێژەدانە بە ڕژێمی فاشیستی و تاڵانکاری.
دانانی قەیوم لە شارەکانی کوردستان، دەستبەسەراگرتنی ئیراەی گەلی کوردە، هێرشێکە دژی هەموو بنەما یاسایی و دیموکراسییەکان، داخستنی بینای شارەوانییەکان، گرتن و دەستبەسەرکردنی کەسانی هەڵبژێردراو، کردارگەلێکی ستەمکارانەن و پێوەرە نێونەتەوەییەکان و پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی پێشێل دەکات. وەک کەنەکە ئەم هێرش و کارانە بەتوندی شەرمەزار دەکەین".
هەروەها کەنەکە دەڵێت: "لەلایەک شاندەکان کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و لەڕێگەی دیالۆگەوە بەدوای چارەسەر بۆ پرسی کورد دەگەڕێن، هەروەها بەرپرسانی دەوڵەتی تورک داوا لە بەڕێز ئۆجالان دەکەن بۆ وەستاندنی شەڕ و توندوتیژی؛ لەلایەکی ترەوە هێرش و گرتن و کوشتن و دانانی قەیوم هەیە، ئەمە پارادۆکس و دژییەکییە، ڕەوشەکە بەرەو ناسەقامگیری دەبات و گومان دەخاتە مێشکی مرۆڤەوە".
کەنەکە تیشک دەخاتە سەر بێدەنگی هێزە جیهانییەکان و دەڵێت: "بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا و دامەزراوە هاوشێوەکانیان، بوێری بە ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە_مەهەپە دەبەخشێت. بانگەواز لە هێزە دیموکراتیکەکانی جیهان و هەموو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین بەرامبەر ئەم کارانە بێدەنگ نەمێنن و دژی ئەم کارە نایاسایی و نادادپەروەرییە بوەستنەوە. بانگەواز لە هەموو شارەوانی و سەرۆک شارەوانییە دیموکراتەکانی جیهان دەکەین دژی ئەم سەپاندنە نایاساییە بوەستنەوە و هاوکاری شارەوانی و سەرۆک شارەوانییەکانی کوردستان بکەن.
داوا دەکەین دەستبەجی ئەم کارانە بوەستێنرێن و قەیوم هەڵوەشێتەوە و کەسانی هەڵبژێردراو بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. پێویستە ئیرادەی گەل و مافە دیموکراتیکە دەستوورییەکان سەربکەون.
مافی خۆبەڕێوەبردن مافێکی بنەڕەتییە و هەڵوەشاندنەوەی بەها دیموکراتیکەکان قبووڵ ناکەین. بەرامبەر ئەم نادادییە گەلی کورد پاشەکشە ناکات، پێداگرین لەسەر مافی چارەنووس و دیموکراسی و ئیرادەی ئازادمان. بانگەواز لە گەلی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراتیکی تورکیا دەکەین، ئەم نادادییە قبووڵ نەکەن و ڕاپەڕن، ئەم نادادییە بوەستێنن و شارەوانییەکان وەربگرنەوە."