پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵائۆجالان لە چەندین وڵات بە ئەنجامدانی چالاکی و ڕێپێوان ئیدانە کرا. لەو چوارچێوەیەدا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا چالاکییەکی ئیدانەکردن و ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.
کوردستانیانی دانیشتووی بەرلین یادی سەما ئالپ، مستەفا کورت، ئەحمەت ئاجار و سینان کاراکوش-یان کردەوە، کە لە ١٧ی شوباتی ١٩٩٩دا لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی ئیدانەکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو پیلانگێرییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆمەڵکوژ کران. کوردستانیان لە هەموو ساڵیادێکی شەهیدبوونی ئەو وڵاتپارێزانەدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بەرلین چالاکی ئەنجام دەدەن. کوردستانیان ئەمساڵیش یادی هەر چوار شەهیدەکەیان کردەوە و تاجەگوڵینەی ڕەشیان لەبەردەم باڵیۆزخانەکە دانا.
کۆمەڵەی ژنانی دەستان و ئەنجومەنی بەرلین ناڤ بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد. چالاکییەکە بە رێزگرتن لە شەهیدانی شۆڕشی کوردستان دەستیپێکرد. پاشان حوسێن یلماز ئەندامی بەرلین ناڤ وتی: "پێش هەموو شتێک با سەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو گەلی کورد ساخ بێت. ئەمڕۆ، کە ٢٤هەمین ساڵی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە، ئێمە یادی شەهیدەکانمان لەبیرە و یادیان دەکەینەوە. تا ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەم تێکۆشانە بەردەوام دەبێت".
چالاکوانان گوڵیان لەو شوێنانەدا دانا، کە ئەو چوار کوردە وڵاتپارێزەی تیادا شەهید و کۆمەڵکوژ کرا و دروشمی "ئیسرائیلی بکوژ" و "شەهید نامرێ" یان وتەوە.
ژ.ت