لە دژی هێرشی ژەهراوی بۆ سەر خوێندنگەکان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە رۆژهەڵات و ئێران دەستیپێکرد

لەکاردانەوەیەکدا بەرامبەر هێرشە ژەهراوییەکان بۆ سەر خوێندگەکانی کچان ئەمڕۆ لەسەر بانگەوازی رێکخراوەکانی مامۆستایان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ لەسەر بانگەوازی ئەنجومەنی هاوئاهەنگی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە دژی هێرشە ژەهراوییەكان بۆ سەر خوێندنگەی كچان، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەستیپێكرد، هاوکات لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتیش چەند چالاکوانێک دەستگیرکران.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر، ئەنجومەنی هاوئاهەنگی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، لە بانگەوازێكدا داوایكرد، لە دژی هێرشە ژەهراوییەكان بۆ سەر خوێندنگەی كچان، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت.

لەو چوارچێوەیەدا و بە پێی ئەو وێنە و دیمەنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراونەتەوە، ئەمڕۆ لەبەشێكی بەرچاو لە شارەكانی ڕۆژهەڵات و ئێران، لەوانەش سنە، سەقز، مەریوان، تاران، ئەسفەهان، كەرەج، ڕەشت، لاهیجان، ئەهواز، بابل، شیراز، نورئاباد، مەمەسەنی، ئەلیگودەرز، مەشهەد، شیراز، كاشمەر، كازێروون، جڵفا، بوشەهر، ئابدانان، زنجان و هتد.. توێژە جیاجیاكان، ڕوویان لە شەقامەكان كردووە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

هاوكات هەر ئەمڕۆ، ئەنجومەنی هاوئاهەنگی پیشەیی مامۆستایان بڵاویكردەوە، لە میانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی شاری فارس، هێزەكانی سەر بە دەسەڵات بە جل و بەرگی مەدەنییەوە، محەمەد عەلی زەحمەتكێش، سەرپەرشتیاری باڵای ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی فارس و غوڵامڕەزا غوڵامی و لە پارێزگای ئەلبۆرزیش، هێزەكانی سەر بە دەسەڵات ڕەحمان عابدینی، یەكێكی دیكە لە چالاكوانانی پیشەیی مامۆستایانیان دەستبەسەر كردووە.

ماوەی نزیكەی ١٠٠ رۆژە، هێرش بە گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندنگەكانی كچان دەستیپێكردووە و بەهۆیەوە لە زیاتر لە ١٠٠ خوێندنگەی كچان، نزیكەی پێنج هەزار كچە خوێندكار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

هـ. ب