لە وڵاتی سوازیلاند سیمیناری 'دادپەروەری بۆ گەلی کورد، ئازادی بۆ هاوڕێ ئۆجالان' بەڕێوەچوو
حیزبی کۆمۆنیستی سوازیلاند (سی پی ئێس / CPS) سیمینارێکی بە ناونیشانی "دادپەروەری بۆ گەلی کورد، ئازادی بۆ هاوڕێ ئۆجالان" ڕێکخست.
حیزبی کۆمۆنیستی سوازیلاند (سی پی ئێس / CPS) سیمینارێکی بە ناونیشانی "دادپەروەری بۆ گەلی کورد، ئازادی بۆ هاوڕێ ئۆجالان" ڕێکخست.
تیتوس ڤیلاکاتی بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی سوازیلاند (سی پی ئێس) لە سەرەتای سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەدا، تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بۆ ئەوان گرنگە و ڕایگەیاند، سیمینارەکەیان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی هەموو زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی بۆ دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخستووە، کە پێشەنگایەتی بۆ دۆزی ئازادی دەکات.
مەحمود پاتەل سەرۆکی کۆمەڵەی خەباتی کورد لە ئەفریقای باشوور (KHRAG) بانگهێشت کرا بۆ پێشکەشکردنی وتەیەک و پاتەل لە وتەکەیدا باسی لەو شەڕە کرد، کە دەوڵەتی تورک لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئێستا بە پشتیوانیی هێزە نێونەتەوەییەکان لە دژی کورد بەڕێوەی دەبات. لە بەشی دووەمی وتەکانیدا باسی لە مێژووی پەکەکە، بەرخۆدان و هەڵوێستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەو تێکۆشانەدا کرد.
هەروەها هەڵوەستەی لەسەر ڕۆڵی سی ئای ئەی و موساد و ناتۆ لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژ بە عەبدوڵا ئۆجالان کرد. پاتەل باسیشی لە سیستمی ئیمراڵی کرد، کە ڕێبەری گەلی کورد ماوەی ٢٤ ساڵە ڕووبەڕووی بووەتەوە، بۆ ئەوەی دۆخی رێبەر ئاپۆ بە باشی ڕوون بێتەوە باسی لە دۆخ و پرۆسەکانی سەردەمی ڕژێمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور کرد.
پیوس ڤیلاکاتی سکرتێری نێونەتەوەیی حیزبی کۆمۆنیستی سوازیلاند (سی پی ئێس / CPS) لە سیمینارەکەدا ڕایگەیاند، تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد تێکۆشانی ئەانیشە و بە یەکگرتنی گەلان ئەنجامێک بە دەست دێت. ڤیلاکاتی ڕاشیگەیاند، لەبەر ئەوەی شۆڕشی ژنانی کورد بەهێز بوو، دەوڵەتی تورک ساکینە جانسزی تیرۆر کرد.
بەشداربوان ڕاشیانگەیاند، پێویستە سی پی ئێس بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد تێبکۆشێت و داوای تێکۆشانێکی هاوبەشیان کرد.
حزبی کۆمۆنیستی سوازیلاند ساڵانێکە لە دژی سیستمی پاشایەتی لە وڵاتەکەیدا تێدەکۆشێت. وڵاتی سوازیلاند لە باشووری کیشوەری ئەفریقایە و لە سێ لاوە هاوسنووری وڵاتی ئەفریقای باشوورە و لە یەک لاشەوە هاوسنووری وڵاتی موزامبیکە. وڵاتی سوازیلاند ناوەکەی گۆڕاوە بە شانشینی سواتینی و ئێستا بە شانشینی سواتینی دەناسرێت.
ژ.ت