"پەکەکە بە هەڵە بە ڕای گشتیی ئەوروپا ناسێنراوە"

مامۆستا و هونەرمەند سیمۆن هوتز ڕایگەیاند، پەکەکە بە هەڵە بە ڕای گشتیی ئەوروپا ناسێنراوە و وتی: "ئەوانەی مۆر و تۆمەتی 'تیرۆر'یان خستوەتە سەر پەکەکە، هەوڵیان داوە ڕاستیی پەکەکە، کە بزووتنەوەیەکی دیموکراتیک و فێمینیستی و دژە کاپیتالیستییە بشارنەوە".

کەمپەینی واژۆکردن بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی "ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" لە سویسرا بەردەوامە.

یەکێک لە بەشداربووانی کەمپینەکە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی و هونەرمەند سیمۆن هۆتزە.

سیمۆن هوتز چالاکانە بەشدارە لە کارەکانی رێکخراوی سویسرای بێ سوپا (GsoA)دا و ڕایگەیاند، قبوڵ ناکرێت وڵاتانی ئەوروپا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قسەی باش بۆ دیکتاتۆری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بکەن، پەکەکەش، کە ڕێکخستنێکی دیموکراتیک، فمینیست و دژە کاپیتالیستە بە 'رێکخستنێکی تیرۆریستی' تاوانبار بکەن.

هوتز رایگەیاند، لە منداڵییەوە ئاشنای دونیای سیاسەت بووە و لەو کاتەوە لەگەڵ کورد بووە و وتی: "من خەبات و سیاسەتی کوردم لە نزیکەوە بینیوە. زوڵم و گوشاری دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی کورد پەردەپۆش دەکرێت و نابینرێت، بەڵام ئەوە بۆ من قبوڵ ناکرێت. دەوڵەتانی ئەوروپایی بەهۆی ڕێککەوتنی بازرگانییان لەگەڵ دەوڵەتی تورک، چاپۆشی لە پێشێلکاری و تاوانەکانی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرییە دەکەن".

"دەبێت ڕژێمی دیکتاتۆر ریسوا بکرێت"

هوتز ڕاشیگەیاند، پێویستە ڕژێمی دیکتاتۆریی بەڕێوەبەریی ئەردۆغان لە ئاستی نێونەتەوەیدا ریسوا بکرێت و وتی: "ئاشکرایە و بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانە، کە لە نێو ڕای گشتیی ئەوروپادا بڵاویدەکەنەوە، لە تورکیا ڕژێمێکی دیموکراتیک بوونی نییە و پەکەکەش رێکخستنێکی تیرۆریستی نییە. بە ریسواکردنی ڕژێمی دیکتاتۆری و بە هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی، ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە پەکەکە بزووتنەوەیەکی گەلە".

ژ.ت