پەکەکە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی سوید نیشاندا

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە کاردانەوەی بەرامبەر لێدوانەکانی ئۆسکار ستێنستۆرم دەسەڵاتداری سوید نیشاندا، کە پەکەکەی تێکەڵ بە لایەنە تاوانکارەکان کردبوو.

ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە لەوبارەیەوە:

"چەند ڕۆژێکە هەندێک لەدەسەڵاتدارانی سوید، حزب و جوڵانەوەی ئێمەیان بەچەند شتێکی نادروست تۆمەتبارکردووە تاوەکو بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بە تاوانبار نیشان بدەن.

پەکەکە پارتێکی سیاسیە، کە بۆ ڕزگاری و ئازادی کورد و کوردستان تێدەکۆشێت و بۆ ئەوەش قوربانیی زۆر قورسی داوە. حیزبەکەمان، بزووتنەوەیەکە، کە بە بەها ئەخلاقی و ویژدانی و دیموکراسییەکانەوە پەیوەستە. حیزبەکەمان لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە (١٩٧٨) تاوەک ئێستا، کە ماوەی ٤٥ ساڵە، بەو بەها و نرخانەوە سیاسەت دەکات. حیزبەکەمان هیچ پەیوەندیەکی بە کەس و لایەنە  تاوانبارەکانەوە نییە و لە دژی ئەو لایەنانەشە.

هەرچەندە ڕاستییەکە ئەوەیە، بەڵام دەوڵەتی تورک و دەوروبەرە هاوکارەکەی، بۆ ئەوەی حیزبەکەمان تاوانبار بکەن پەنا دەبەنە بەر هەموو درۆ، فێڵ و چەواشەکاری و نەبوونییەک. ماوەیەکە باڵیۆز ئۆسکار سترێنسترۆم سەرۆکی شاندێکە و بە ناوی سویدەوە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دەکات، چووە بەشداریی لەو تاوانبارکردنە ناڕاستانەدا کردووە. بەڕێز سترێنسترۆم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی سوید وتی، هەندێک تاوانبار لەسوید تاوانی زەوتکردن، چەک و ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دەدەن و گوایە ئەوانە هاوکاریی دارایی حیزبەکەمان دەکەن و باسی لە ناوێک بەناوی "ڕێویی کورد" کرد.

ئەو لێدوانەی بەڕێز سترێنسترۆم ڕاست نییە، هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە و ئەو تاوانبارکردنانەی لە خۆییەوە بۆ ڕازیکردن و دڵخۆشکردنی ئەو بەردەنگە تورکانە وتوە، کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دەدات. ئێمە نازانین 'ڕێویی کورد' کێیە، نایناسین و هیچ پەیوەندییەکەمان پێوەی نییە. لە تورکیا لێدوان و قسەکردن بۆ پشتیوانی لە پەکەکە تاوانە و خەڵکی لەسەر زیندانی دەکرێت. زۆرکەس هەیە، کە بەهۆی قسەکردن لەسەر پەکەکە، یان ناندانێک بە پەکەکەییەکان، تاوانبارکراون و لەبەر ئەوەش لە تورکیا هاتوون و داوای پەنابەرییان لە دەسەڵاتدارانی سوید کردووە. بە وتەی سترێنسترۆم 'ڕێویی کورد' لەبەر ئەوەی تاوانی کردووە لە سویدا بە دوایدا دەگەڕێن و لە سوید یارمەتیی پەکەکەی داوە، بەڵام هەڵهاتووە بۆ تورکیا و لە تورکیا بە ئازادی دەسوڕێتەوە!. ئەمە لێدوانێکی بێ نرخ و ناڕوونە.

 ئەم جۆرە لێدوانانە تەنها لەلایەن بەڕێز سترێنسترۆمەوە نادرێن. لەم دواییانەدا، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ، بۆ ڕازیکردنی حکومەتی تورکیا و ئەردۆغان، بەرپرسانی حکومەتی سوید، وەک تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید لێدوانی لەو شێوەیەی دابوو. ئێمە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە. ڕەنگە حکومەتی سوید گەشە بە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا بدات،  بەڵام با سەودا و مامەڵە لەسەر ئێمە و لەسەر کورد نەکەن، نەبنە پشتیوانی ئەردۆغانی دەستخوێناوی، کە لە وڵاتی ئێمە تاوانی جەنگی  دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.

دۆستایەتیی نێوان کورد و گەلی سوید لەمێژە بوونی هەیە. ئەم دۆستایەتییە بۆ ئێمە گرنگ و هێژایە، ئێمە گرنگیی پێ دەدەین و دەمانەوێت بەرەو پێش بڕوات. گەلی سویدی خاوەن ویژدان دەزانن و دەبینن، کە ئەو لێدوان و تۆمەتانە بۆ چی دەخرێنە پاڵمان. کێ چی دەڵێت با بیڵێت، ئێمە داکۆکی و پاراستن لە بەها مرۆیی، ئەخلاقی و دیموکراسییەکان دەکەین، ئێمە بە ڕۆیشتن و رێکردن بەو ڕێگایەدا، کە ئێمە بڕوامان بە ڕاستبوون و ڕەوابوونی هەیە، وڵاتەکەمان لە داگیرکاری ڕزگار دەکەین و گەلەکەمان ئازاد دەکەین".

ژ.ت