هەماهەنگی نومەلەرزەی هێزەکانی رەنج، ئاشتی و دیموکراسی بە دروشمی 'نەک بومەلەرزە، سیستمی رانتپارێز بووە هۆی کوشتن و ئێستا کاتی پشتگیریە' لە ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ چالاکی ئەنجامدا. موسا پیرئۆغلۆ و ئۆیا ئەرسۆی پەرلەمانتارانی هەدەپە و زۆر کەس بەشداریان کرد، بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەرچالاکوانان و ژمارەیەکیان بە ئەشكەنجە دەستگیر کرد.
بەرلە ئەنجامدانی چالاکیەکە، پۆلیس ئەندامانی هەماهەنگیەکەی گەمارۆدا. چالاکوانان بە وتنەوەی دروشمی ' ئەمە بومەلەرزە نییە، کۆمەڵکوژیە' نارەزایەتیان دەربڕی، بەڵام رووبەرووی پەلاماری پۆلیس هاتنەوە و ژمارەیەک چالاکوان بە لێدان دەستگیرکران.
ئەندامانی هەماهەنگیەکە لەگەل هەموو ئاستەنگیەکان، جارێکی دیکە لە گۆڕەپانەکە کۆبوونەوە، بەڵام پۆلیس پەلاماریدانەوە و دەستگیرکران. چالاکوانان جاریکی دیکە بە چەپڵەلێدان پۆلیسیان شەرمەزار کرد و پۆلیس جارێکی دیکە هێرشی کرد.
لە کاتی هێرشی پۆلیسدا، موسا پیرئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە بانگەوازی کرد و وتی، لە سەمسور بە هەزاران کەس بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
پیرئۆغلۆ وتی، " هاوڕێیەکم لەوێوە هات و وتی ' بەهۆی بەفر و باران، برازا و خوشکەزاکانی کە لەژێر دارپەردووی باڵەخانەکان بوون، رەق بوونەوە. بە سەمسور بە هەزاران کەس لە سەرما مردن.' ئەگەر زوو دەستووەردانیان بکردایە، بەم ئەندازەیە هاوڵاتیەکانمان نەدەمردن. رێگەیان نەدا هاوکاریان بکرێت. بەرپرسیارێک هەیە کە لە کۆشک دادەنیشێت و بۆ دەسەڵاتەکەی، ئامادەیە، خوێن بڕێژێت و هەموومان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا بهێڵێت.
کەسێک قسەی پیرئۆغلۆ بڕی و بە شانوباڵی دەوڵەت هەڵدا. هاوڵاتیان نارەزایەتیان دەربڕێ. کەسێک وتی، " ئەم رووداوە لە ١٠ پارێزگا روویدا، دەوڵەت چی کرد؟. " ژنێکیش وتی، " دەوڵەت پێویستە چادر دابین بکات و خزمەتی زیانلێکەوتووان بکات، لەبەرئەوەی ئێمە دەوڵەتمان بۆ ئەوە دروست کردووە."
لە کاتی قسەکردندا، جاریکی دیکە پۆلیس هێرشی کرد و رۆژنامەنووسانیان بە لێدان دوورخستەوە.
ئەندامانی کۆردیناسیۆنەکەش لەگەڵ هەموو هێرشێک لە کادکۆی، دروشمی ' حکومەت دەست لەکاربکێشەرەوە'یان وتەوە.
ف.ق