پەنابەرێكی رۆژهەڵاتی كوردستان ماوەی ١٨ مانگە بێ سەرۆشوێنە

بنەماڵەی پەنابەرێكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان رایدەگەیەنن كە كوڕەكەیان ماوەی ١٨ مانگە بێ سەرۆشوێنە.

ئارمان ئەشراقی دواین جار لەسنوری بۆلغارستانەوە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەكەیدا گرتووە، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێك لەچارەنووسی ناوبراو بەدەستنەخراوە.

ئارمان ئەشراقی گەنجێكی ٢٨ ساڵەی خەڵكی ورمێ رۆژهەڵاتی كوردستانە. ئارمان لەتەشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە بەرەو ئەوروپا كەوتووەتە رێ.

برایەكی ئارمان دەڵێت یەكێك لەهاوڕێیانی بۆ دواین جار بەرێگەی لۆكەیشن زانیوویەتی لەناو سنورەكانی بۆلغاریایە.

ئەو گروپەی لەپەنابەران كە ئارمان ئەشراقیان لەگەڵ بووە، دوای چەندین رۆژ لەوون بوونیان لەجەنگەڵەكاندا لەتاو برسیەتی و رەوشی نالەباری كاتێك دەگەنە پاسێكی نەفەرهەڵگر، ئارمان بەهاورێیانی دەڵێت لەشوێنی ئەوەی لەبرسیەتیدا بمرین، خۆم رادەستی هێزە ئەمنیەكان لەبازگەیەكدا دەكەم. ئەو لەوكاتەوە بێ سەرۆشوێنە.

بنەماڵەی ئارمان ئەشراقی كە تا ئێستاكە بەهیوا ئارمان دەستگیر و لەزینداندا  بێ، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، كۆنسولخانەی توركیا و بۆلغارستان و هاوكات خاچی سوری نێودەوڵەتی كردوە، بەڵام رایانگەیاندوە "بەداخەوە هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتووە".

ئەم بنەماڵە كوردە داوا لەرێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوی پاراستنی پەنابەران دەكەن لە دۆزینەوەی منداڵەكەیاندا هاوكاریان بن.

هـ . ب