لورێنس فیلمان ریەڵ (Laurence Fehlmann Rielle) پەرلەمانتاری سویسری رۆژی ٥ی ئایاری ٢٠٢١ بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد پرۆژە پێشنیازێکی پێشکەشی پەرلەمانی فیدراڵی سویسرا کرد.
لە پرۆژە پێشنیازەکەدا هاتووە، "دەبێت ئەنجومەنی فیدراڵ لەسەر نەهێشتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تر لە ئیمراڵی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەست بە چاوپێکەوتن بکات. ئەنجوومەنی فیدراڵ لەبارەی گۆڕینی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ تورکیا کارێکی داوەتە پێش خۆی. دەبێت رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە بیری ئەو وڵاتە بخرێتەوە".
لە پرۆژە پێشنیازەکەدا ئاماژ بەوەکراوە، کۆمەڵەی مافەکانی پارێزەران، کە پەیوەندیدارە بە دۆزی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە لەسەر تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجالان راگەیاندراوی بڵاوکردووەتەوە.
لە پرۆژە پێشنیازەکەدا ئاماژ بەوەشکراوە، پاریزەران رایانگەیاندوە لە ساڵی ٢٠١١ ەوە نەیتوانیوە چاویان بە موەکیلەکەی خۆیان بکەوێت. لە پرۆژە پێشنیازەکەدا ئەوەش هاتووە، "پارێزەران لە ئابی ٢٠١٩ دا چاوپێکەوتنێکیان ئەنجامدا، بەڵام رێگایان پێ نەدرا لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنەوە زانیاری بدەن. ئەو جۆرە بڕیارانە تەنها بە مانای پێشێلکردنی مافە دەستووری و بنەڕەتییەکانە بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تری ئیمراڵی عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم وەیسی ئاکتاش. هەر چواریان ساڵەهای ساڵە گۆشەگیر کراون.
سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی لە دژی دەستوور و یاسا نەتەوەی و نێونەتەوەییەکان و پێشێلکردنی رێککەوتننامە نێونەتەوەییەکانە.
دەرفەتەکانی عەبدوڵا ئۆجالان زۆر کەمن تاوەکو بتوانێت چاوی بە بنەماڵەکەى بکەوێت".
لە پرۆژە پێشنیازەکەدا باسی ئەوەکراوە، شاندێک لە سی پی تی لە ئایاری ٢٠١٩دا سەردانی زیندانی ئیمراڵییان کردووە و نیگەرانیی زۆری خۆیان لەسەر دۆخی ئیمراڵی بڵاوکردووەتەوە.
پەرلەمانتارە سویسرییەکان رایانگەیاند، دۆخی نائاسایی تەممووزی ٢٠١٩ لابراوە، بەڵام هێشتا رێگری لە سەردانی پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت و راشیانگەیاندووە، "سی پی تی رایگەیاندووە، کە دەبێت لە بابەتی 'ئاسایش' و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤدا هاوسەنگی هەبێت. سی پی تی لە هەمان کاتدا هۆشداریی داوە، کە دەبێت رێگرێ لە سەردانی پارێزەران و بنەماڵە نەکرێت و رێگایان پێبدرێت".
پرۆژە پێشنیازەکە لەلایەن ئەم پەرلەمانتارانەی پەرلەمانی فیدراڵی سویسراوە ئیمزا کراوە:
کرۆتاز بریگیت داندرێس (Crottaz Brigitte Dandrès)، کریستیان دیلا ریوسیلە (Christian de la Reusille)، دەنیس فریدیز (Denis Fridez)، پیری ئالاین فریدل (Pierre-Alain Friedl)، کلودیا فونیسلۆ (Claudia Funiciello)، تامارا گیاسی (Tamara Gysi)، بارابارا لوچێر (Barbara Locher)، بینگویرەڵ ساندرا (Benguerel Sandra)، مارتین مین لی مۆلینا (Marti Min Li Molina)، فابیان مونز (Fabian Munz)، مارتینا پیلیر کارارد (Martina Pillier Carrard)، ڤالێری پریزۆسۆ باتۆو ستیفانیا (Valérie Prezioso Batou Stefania)، پلوت جۆن (Plut Jon)، سچیندر سچوتیل ئورسولا (Schneider Schüttel Ursula).
ژ.ت