پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک بەیاننامەێکی لەسەر دۆخی دەسەڵاتی ئێران و بەتایبەتیش ئامانجەکانی لە دانوستانە ئەتۆمییەکان، بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەەکەدا هاتووە: دۆخی گشتی ئێران، لەم ڕۆژانەدا بە شێوەیەکە کە قەیران هەموو بازنەیەکی تێپەڕاندووە و بووەتە دێوەزمەیەکی گەورە، هەموو ئەمانەش، تەقینەوەی نارەزایەتییەکان و گۆڕانکاریی گەورە لەگەڵ خۆی دێنێت، بەڵام ڕەهەندی گۆرانکارییەکان بە بەردەوامی لەلایەن سیستمی ویلایەتی فەقێ و بە دەستێوەردانی دامەزاروەکانی لەوانە سوپای پاسداران و مەلاکان، لە پێناو بەرژەوەندی هێزی دیکتاتۆریی ڕێبەرایەتی سیستم لە سەرەوە ئاراستە دەکرێت، ئەوان بۆ مانەوەیان، دەستێوەردانی تەواوی ئاشکرا و نهێنییان بە بنەما گرتووە و تا پێش لە بەشداریی گەل لە بڕیاردان و هەڵبژاردندا بگرن، وایان داناوە کە بە کەمیی ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردن، ئاسانتر و دەست ئاوەڵاتر ئەندازیاریی هەڵبژاردن بکەن و کاروباری سیاسی و هێز و هەموو دامەزراوەکان ڕێکبخەن، وەک ئەوەی گەرەنتیی بەدەستهێنانی هێز و پۆستی سەرۆک کۆماری، لەلایەن سوپای پاسداران و مەلا توندڕەوەکانەوە، ئەمجارە کەمیی ڕیژەی بەشداریی خەڵک بێت، بۆیە بەشداریی لایەنگرانیان لە هەڵبژاردن وەک نمایشێکی ساختە بۆ جیهان بەکار دێنن.
لە بەردەوامیدا پژاک، ئاماژەی بە پشت گوێ خستنی کێشە بنەماییەکان، وەک کێشەی کورد و گەلانی دیکەی ئێران و حەواڵەکردنی بۆ داهاتوو لە قۆناغی هەستیاری هەنووکەیی داوە و هاتووە:
ڕۆژ نییە کە لە چەند شاری ئێران گردبوونەوەی ناڕەزایی نەکرێت و تێیایدا دروشمی ڕادیکاڵ دژی حکومەتەکەی ڕۆحانی و دیکتاتۆریی خامنەیی بەرز نەکرێتەوە، ئەم ناڕەزایەتییانە هەرچەند کاریگەریی لەسەرر بناژۆخوازەکان و سیستمی توندڕەو نابێت، بەڵام هیوای سەرهەڵدانێکی زیاتر کردووە، بۆیە بێگومان کۆمەڵگا بە شێوازی جۆراوجۆر خەریکی تتێکۆشان دژی دەسەڵاتە.
هەروەها هاتووە: بێکاری، خۆکوژی، قەیرانی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و هەندێک کێشە کە تا ئێستا لە گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا نەبینراوە، نیشانەی ئەوەی کە فشارەکانی دەسەڵات بووەتە شێرپەنجە دژی گەل، گەلان و توێژەکان، لە ئێستادا هاوکات لە دژی ئەم فشارانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، لوتکەی دەسەڵات لە خەمی لابردنی برسێتی، بێکاری و گرنگتر لە هەموویان، کێشە سیاسییەکاندا نییە و نکۆڵیشی لێدەکات، دەسەڵات بەو پەڕی تاریکییەوە، لە تەنازولی بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە مێزی دانوستانە ئەتۆمییەکان، بازاڕ لەسەر هەموو کێشە شێرپەنجەییەکان و هەروەها لەسێدارەدان و زوڵم لە گەلان دەکات و سازشیان لەگەڵ دەکات، ئەم بازاڕکردنە چەپەڵە، ڕووی ڕاستەقینەی سیستمی ویلایەتی فەقێ لە بەرامبەر گەلان نیشان دەدات.
پژاک “بەرجام” (دانوستانە ئەتۆمییەکان) بە سازش دەزانێت نەک ڕێککەوتن و دەڵیت: ئەم سازشە بۆ پەردەپۆش کردنی کاتیی قەیران و دێوەزمەکانە و بەهۆی ئەوەی چارەسەریی ڕیشەیی کێشەکانی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی نییە، بێگومان دوای ماوەیەکی کەم، دیسان هەموو شتێک تێکدەچێت، ئەم بازاڕکردنە، بازاڕکردن لەسەر مافەکانی مرۆڤە، بازاڕکردن لەسەر خوانی خەڵک، نان، ئازادیی و شکۆی گەلانی ئێرانە، هەموو شکۆ و گەورەیی گەلانی ئێران، لە مێزی دانوستانەکان بۆ فرۆشتن دادەنرێن.
لە بەردەوامیدا بە ئاماژەدان بەو شەڕەی لە ناوچەکە بەڕێوەدەچێت و دەستی ئێرانیشی تێدایە، هاتووە: هەموو هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، لە دانوستاندنەکانی خۆیان، بێ بەزەییانە کارتی کورد بەکاردێنن، بازاڕێکی گەورە ساڵانە لەسەر کورد دەکرێت، کوردەکانیش لە دۆخێکی تێکۆشانیی بەهێز دانە، ئەم تێکۆشانەش بەهۆی ئەو زۆڵمە گەورەیەیە کە لە ناوچەکە و جیهان لێیان دەکرێت، ئێران بەشیکی گەورەی هاوپەیمانییەکانە لە شەڕ دژی کوردەکان، چوار بەشی کوردستانیان لە شەڕێکی بێ بن تێوەگلاندووە، شەڕ، شەڕی دەوڵەتەکان لەسەر هێزە و هیچ پەیوەندییەکی بە مافی گەلان، ئازادی و دیموکراسییەوە نییە، زۆر ئاشکرایە، دەسەڵاتی ئێران و دەوڵەتی تورک، کە خۆیان بە زلهێزی ناوچەکە دەزانن، دەستی باڵایان هەیە لە کوشتاری گەلانی ناوچەکە.
پژاک لە بەردەوامیدا جەختی لەوە کردووەتەوە؛ سەدان ‘بەرجام ‘ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ بکرێت، دۆخی ئێران ناگۆڕێت، هەموو لایەنەکان، لە تاڵانکردنی گەلان بەشییان دەوێت و ئەمە کێشەی سەرەکیی ئەوانە، لە بەردەوامیش هاتووە: دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران، ڕۆژانە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران، خەریکی دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان، برسیکردن، بڵاوکردنەوەی بێکاری و بێبەشکردنی گەلی کورد لە مافە ڕەواکانیەتی و گرێی دەدات بە خواستی خودا و دینەوە، تا لەژێر سەرکوتی تەواودا، هیچ ناڕەزایەتییەک دروست نەبێت.
لە کاتێکدا دەسەڵات ستراتیژییەکی ڕوونی بۆ چارەسەریی کێشەی کورد و گەلانی دیکەی ئێران نییە، مسۆگەر نییە کە کاندیدێکی سەرۆک کۆماری، بوێرێت، یاسا توندەکانی ویلایەتی فەقێ تێپەڕێنێت و بەرنامەیەک داڕێژێت، بۆیەش هەڵویست لە بەرامبەر کیشەی کورد، بەلوچ، عەرەب و …، بچوکترین گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە لە چاو دەیەکانی ڕابردوو، تەنانەت سەرکوتەکان گەیشتووەتە ئاستی دڕندایەتییەکی بێ سنوور، ئەشکەنجە و دەستگیرکردنی بەربڵاوی چالاکوانانی کورد و هەڵسوکەوتی دڕندانە لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگامان، بووەتە خویەکی دێرینی دیکتاتۆرانە لە هەموو دامەزراوە سەربازیی و سیخوڕییەکانی دەسەڵات، بۆیەش بزوتنەوەی ئازادیخوازی، وەکو کۆمەڵگای ناڕازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە چاودێریی هەموو کردەوە زاڵمانەکان، تەنیا ڕێگە، بە تێکۆشانی یەکگرتووی بزوتنەوە و گەل دەزانێت، مێژووی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ ئێران لە دەیەکانی ڕابردوو، سەلماندوویەتی کە دەستگیرکردن، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و هەر چەشنە سەرکوت لە دۆخی بەسەربازیکردنی زاڵ، تۆزێکیش لە ورە و هەوڵی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی کەم نەکردووەتەوە و ئەمڕۆش کە ڕێکخستنی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان وەک هێڵی سێیەم ڕیشەی داکوتاوە، لەناو نابرێت، بۆیە بەهێزتربوونی کوردەکان لە زەمینەی ڕێکخستنی لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستی ستەمگەریی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار، گەیشتووەتە خاڵی پێکدادانی گەورە و بەربڵاو، بۆیەش هەر چەشنە داپۆشینی کێشەکان و بەردەوامیی سەرکوتکاری بێ سوود دەبێت.
هەروەها هاتووە: ئەمەی کە بۆ چارەسەریی کێشەی کورد بەرنامەیەکیان نییە، واتای ئەمەیە کە ڕێگای شەڕێکی بێ بن و دوور لە سەرکەوتنیان هەڵبژاردووە، توندڕەوی لە ئێران دەتوانێت ئەم شەڕە گرژتر بکاتەوە و لایەنێکی نەرمتر تەنیا دەتوانێت لە دۆخێکی بێ چارەسەری بیهێڵێتەوە، بۆیە تەنیا ڕێگەی یەکلاییکەرەوە، تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەرجی یەکێتی لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران، دژی سیستمی دیکتاتۆری ئێرانە، یەکێتی بۆ دیموکراسی گەورەترین ستراتیژی گەلانی ئێرانە کە لە خواستەکانی هەموو تاک و توێژەکان بە باشی دەبینرێت، لە کرێکارانی هەفت تەپە بگرە تا زیندانیان و چالاکوانانی سیاسیی کورد، ژنان و تاڵانکراوەکان، لە گەلی کورد بگرە تا بەلوچ و ئازەری، هەموو داواکاریی هاوبەشیان هەیە کە دەتوانێت، لە یەکێتییەکی سەرتاسەری پێکەوە گرێیان بداتەوە، وەک لە شۆڕشی ٩٧ـدا ئەمە ڕوویدا، ئەم سەرهەڵدانە یەکگرتووە، بەشێک لە کلتوری گەلانی ئێران دژی دەوڵەت و دەسەڵاتەکان بووە و ئەمڕۆکەش بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەی پژاک هاتووە: بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کورد بە پێشەنگایەتی پژاک و کۆدار، بێگومان لە ئاستی توانای ڕێگەی کردووەتەوە، هەوڵەکانمان بەرزکردووەتەوە و یەکێتی گەلانیشمان کردووەتە کلیلی تێکۆشان، ئەم دۆستایەتییە، بنەمای سەرکەوتن لە داهاتوویەکی نزیکە و ئەم توانا و هێزەش بە ئاشکرا لە گەلەکەمان دەبینین.
ک-ش