عەلی ئاکیوز باوکی دوو شەهیدی هەپەگە لە شاری درەسدەنی ئەڵمانیا وتی، " لێرە هەرچیەکمان لەدەست بێت، دەیکەین. تا مردن بەردەوامی بە تێکۆشانی منداڵەکانم دەدەم کە لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهید بوون."
خاڵە عەلی بەهۆی فشار و زۆردەستی دەوڵەتی تورک، چووە ئەڵمانیا. لە ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردی درەسدەن ئێمە بینیمان.
سەرەتا باسی خانەوادەکەی کرد و وتی، " خەڵکی ناوچەی چناری ئامەدە، خەڵکی گوندی خانکا ژێرینە. ٨ منداڵم هەیە. دەلیل و ئەحمەد شەهید بوون. ٣ منداڵم هاوسەرگیریان کردووە. ماڵی کچێکم لە ئەستەنبوڵە، ماڵی کوڕێکم لە ئامەدە. کوڕێکی دیکەم لە گوندە. کوڕێکم رۆژنامەنووسە. کچێکم زانکۆی تەواو کردووە و هاوسەرۆکی پارتی سیاسیە. منداڵە بچوکەکەم تەمەنی ٢١ ساڵە لە ئامەد لە بەشی پزیشکی دەخوێنێت. هاوسەرەکەم هاوسەرۆکی کۆمەڵەی خانەوادەی شەهیدانە. زەوی زۆرمان هەیە، بەو زەویانە دەرامەتمان پەیدا دەکەین. دوای ئەوەی سزام بەسەردا سەپێنرا هاتمە دەرەوەی وڵات. چەند مانگێکە لێرە لە درەسدن دەژیم."
'تا مردن لەسەر رێگەی تێکۆشانی منداڵەکانم دەبم'
خاڵە عەلی بە ڕەنجدەری خۆی لەنێو کوردانی درەسدەندا جێگەیەکی تایبەتی هەیە و بەهۆی کارە سیاسیەکانی لە وڵات، لە ساڵی ٢٠٢١دا سزای بەسەردا سەپێنرا و بۆیەش هاتە دەرەوەی وڵات. خاڵە عەلی دەڵێت، " من کارم کرد و وام کرد منداڵەکانم بخوێنن. جگە لەوە لە رووی سیاسیەوە کاری پارتەکەم دەکرد. بەهۆی ئەوەی وڵاتمان لەژێر فشار و زۆردەستی بوو، بە هەموو هێزێکم کارم دەکرد. ژیانم بەم شێوەیە تێپەڕی. هەوڵ دەدا خانەوادەکەشم بەڕێوە ببەم. ماوەیەک بەم شێوەیە کارم کرد. چەند ساڵ لەمەوبەر خانەنشین بووم.
بە شێوەیەکی چالاک دەستم بە سیاسەت کرد. دوات دەستگیرکرام. کەسێکیان هێنا و قسەی لەسەر کردم و سزایان بەسەرمدا سەپاند. لەبەرئەوەی گۆڕی شەهیدێکم دروست کرد سزایان بەسەردا سەپاندم. وایان کرد کە بێمە دەرەوەی وڵات. سزاکە یاسایی نەبوو، سیاسی بوو. نزیکەی دوو مانگە هاتمە درەسدەن. لێرەش هەرچیەکمان لەدەست بێت دەیکەین. تاوەکو دەمرم لەسەر ڕێگەی تێکۆشانی منداڵەکانم کار دەکەم، دەستی لێهەڵناگرم."
'شۆڕش بەبێ باجدان نابێت'
خاڵە عەلی کە وەسیەتی کوڕە شەهیدەکەی جێبەجێ کرد، سکاڵای لەسەر تۆمارکرا. خاڵە عەلی ئەو شیعرەی کە کوڕەکەی خۆشی دەویست لەسەر گۆڕەکەی نوسی، سزای بەسەردا سەپێنرا. خاڵە عەلی وتی، " کوڕەکەم ساڵی ٢٠١٦ شەهید بوو. ٥-٦ مانگ دوای شەهیدبوون تەرمەکەمان وەرگرتەوە. دەوروبەری گوڕەکەیمان بە مەڕمەڕ دروست کرد. ناو و پاشناو و نازناومان لەسەری نووسی. شیعرێک کە وەسیەتی بوو لەسەر مەڕمەڕەکەمان نووسی. بەهۆی ئەو نووسینە لەساڵی ٢٠٢٠دا سکاڵام لەدژی تۆمار کرا. بەو هۆیەوە ساڵێک و ٣ مانگ سزام بەسەردا سەپێنرا.
بەوەش رازی نەبوون، بەهۆی کورە سیاسیەکانم، دوو شاهدیان ئامادە کرد و سکاڵایان لەدژم تۆمار کردەوە. من ئەندامی پارتی هەدەپە بووم کە یاسایی بوو. بە چالاکانە کارم دەکرد. کچەکەم هاوسەرۆکی پارتی سیاسی بوو، کوڕەکەم رۆژنامەنووس بوو. ئەگەر کەسێک بۆ بەرژەوەندی ئەوان کار نەکات، وەک تیرۆریست دەیبینن. ئەگەر کەسێک ئۆپۆزسیۆن بێت تیرۆریستە! یان بۆ ئەوان کار دەکەین یان تیرۆریستی! ئازادی بێ شۆڕش و شۆڕشیش بێ باجدان نابێت."
کوڕەکەی (باوەر) دەمبەخەندەی گەلەکەی
ئەحمەد (باوەر ئاگر) و دەلیل (باگەر ئادار) لە ساڵی ٢٠١٠دا لە ئەنقەرە لەنێو خوێندکارانی وڵاتپارێزدا دەناسران. ئەحمەد لەگەڵ ئەوەی نمرەی باشی هەبووە و دەیتوانی لە زانکۆی زۆر بەرز بخوێنێت، بەڵام فاکولتەی سیاسی هەڵبژارد کە عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەوێ خوێندبووی. بۆیەش زۆر حەزی لە خوێندن بوو. زۆر جار لە ڕێڕەوی ئئیدارەدا وێنەی خوێندکارانی پێشووی دەبینی لەسەر دیوار و بە هەبوونی وێنەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەسەر دیوارەکە خۆشحاڵ دەبوو. رۆژێک لە فاکولتە لەنێوان خوێندکاراندا گوفتوگۆیەک دروسی بوو و یەکێک لە گروپە چەپەکان زماندرێژی بەرامبەر ئۆجالان کرد، ئەحمەد بەهۆی ئەوەی نەیتوانی لەوێ وڵام بداتەوە، شەو خەوی لێنەکەوت و رۆژی دواتر رووی کردە فاکولتە و لەو کەسەیدا کە زماندرێژی لەبەرانبەر رێبەر ئۆجالان کردبوو. هاوڕێکانی وتیان بۆچی لێتداوە، ئەویش چەپ بوو. ئەحمەد وتی، : کوڕی باوکیشم بێت، کەس ناتوانێت زماندرێژی بەرانبەر ڕێبەری ئەم گەلە بکات."
کۆتایی ساڵی ٢٠١١ لە رۆبۆسکی کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا. کاتێک هەواڵەکە بڵاوبووەوە، کاتێک کە هەموو کەسێک خۆی بۆ سەری ساڵ ئامادە دەکرد، ئامەد دەستی بە رێکخستنی چالاکی شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژیەکەی کرد. خوێندکاران جلی ڕەشیان لەبەرکرد و دەستیان بە ڕێپێوان کرد. ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٢ بەو هۆیەوە دەستگیرکرا و رەوانەی زیندانکرا.
خاڵە عەلی باسی منداڵی ئەحمەدیشی کرد و وتی، " منداڵێکی زۆر باش بوو. نەک من هەموو خانەوادە خۆشیان دەویست. زۆر ئازاد بوو. پێدەکەنی. کێ لەگەڵی بووایە خۆشحاڵ دەبوو. دوای ئەوەی دواناوەندی تەواو کرد، لە زانکۆی ئەنقەرە فاکولتەی سیاسی وەرگیرا، دوای دوو ساڵ لەوێ کاری گەنجانی دەکرد، واتە کاری خۆی دەکرد. لەوێ دەستگیریان کرد. ١٢ – ١٣ کەسیان دەستگیر کرد و ٥-٦ کەسیان رەوانەی زیندان کرد. دوای ئازادکردنی پێم وت، ساڵێکت ماوە، تەواوی بکە. دوایی کام رێگە هەڵدەبژێری خۆت ئەزانی. ئەو رێگەیە هەڵبژێرە کە حەزت لێیەتی. پێی وتم، ' تۆ بڵێ کۆتاییم پێ هێناوە. دەوڵەت هیچ کارێک بە ئێمە نادات. کاری سیاسی دەکەم.' بەم شێوەیە دەستی بە کاری گەنجان کرد. نزیکەی ٣ – ٤ ساڵ لە وڵات کاری کرد. دوای ئەوەی دەرفەتی کاری سیاسی نەما، بۆ رۆژئاوا چوو و لەدژی داعش شەڕی کرد. تا ساڵی ٢٠١٩ لەوێ بوو. لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەوێ بوو و لە گرێ سپی شەهید بوو. دەرفەتمان نەبوو تەرمی ببینین. لە گۆڕستانی شەهیدانی کۆبانێ بەخاکسپێردرا."
ئاگر حەقی کارەری کردە بناغەی کارەکانی
کاتێک ئەحمەد دەستگیرکرا، دەلیلی برای لە دیلۆک دەستی لە خوێندن هەڵگرت و چووە ئەنقەرە. یەکسەر دەستی بە کرێکاری کرد و هەندێک جار رۆژی ١٨ کاتژمێر کاری دەکرد. بە تەنها ئامانجێکی هەبوو. ئەویش ئەوەبوو کە ئەحمەد لە زیندان ئازاد بکرێت. هەموو رۆژێک دەچووە زیندانی سینجان کە ٥٠ کیلۆمەتر لە شوێنی کارەکەیەوە دوور بوو. ئەحمەدی دەبینی، پێویستیەکانی جێبەجێ دەکرد. هەموو پێداویستیەکانی دابین دەکرد. هەروەها هاوکاری هەڤاڵانیشی لە زیندان دەکرد. ئەحمەد لە دانیشتنی یەکەمیدا ئازادکرا. دەلیل پێی وت، ئەویش بەشداری دەکات. بەڵام ئەحمەد پێش ئەو بڕیاری بەشداریکردنی دابوو. دەستیان بە نیقاش کرد و هەوڵیاندا یەکتری رازی بکەن. هەر یەکەو هەوڵ دەدات، زوتر بەشداری بکات. دواتر بڕیار دەدەن پێکەوە بەشداری بکەن.
دەلیل ماوەیەک کاری گەنجانی دەکرد لە وڵات. گەنجان کاتێک دەبینین کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری بەکاربهێنێت، بریاری خۆسەری دیموکراتی دەکەن. بۆیەش لە نێو گوند، ناوچە و شارەکان دەگەڕێن و هەوڵ دەدەن گەل لە بەرانبەر هێرشی پێشبینیکراوی دەوڵەت رێکبخەنەوە. یەکێک لەو گەنجانەش دەلیل بوو.
خاڵە عەلی باسی ئەو سەردەمە و شەهیدبوونی دەلیل دەکات و دەڵێت، ' ساڵی ٢٠١٥ لە گەڤەڕ بە پێشەنگایەتی یەپەسە خۆسەری دیموکراتی راگەیەنرا، دەلیل لەوێ بوو. ماوەیەک کاری ئامادەکاری کرد. دواتر چووە شاری وان. لەوێ کاری کرد. کاری خۆسەری دیموکراتیکی دەکرد. کارێکی دیموکراتی بوو. شکایەتیان لەوان کرد. ئۆپەراسیۆن لەبەرانبەر ئەو ماڵە کرا کە لەوێ دەمانەوە. بە هاوڕێکەی دەڵێت، ' تۆ بڕۆ من لێرە بەرگری دەکەم. ئەگەر رزگار بووم باشە، ئەگەر نا خۆی شەهید دەبم.'
هاوڕێکەی چوو. دواتر ئەو ماڵەی کە دەلیلی تێدابوو گەمارۆدرا، بەرخۆدانی کرد و شەهید بوو. ئەو ژنەی کە لە ماڵەکەی دەمێننەوە، دووگیانە بوو، ئەویش بریندار بوو. دوای ٢٩ رۆژ کۆرپەکەی رزگار دەکرێت، بەڵام لە نەخۆشخانەی شەهید دەبێت. دەوڵەت کێ بکوژێت، وەک 'تیرۆریست' بەناوی دەکات. ئوغور کایماز ١٢ ساڵ بوو. بە ١٣ گولە لەگەڵ باوکی شەهیدکرا. ئەو رووداوەم لە رادیۆ بیست. پارێزگاری مێردین وتی، ' لە قۆسەری مێردین دوو تیرۆریست کە چەکیان پێبووە کوژراون'. منداڵەکە جلی قۆتابخانەی لەبەربوو و دەچووە قۆتابخانە. چۆن دەبێتە تیرۆریست؟ تێناگەم. منداڵێکی ١٢ ساڵ وەک تیرۆریست بەناودەکەن. کڵاشینکوف لەبەر تەرمەکەی دادەنێن و دەڵێن، چەکی پێبووە'. هەردووکیان لەبەردەم بارهەڵگرێک بوون، باوکەکە دەچووە عێراق و ئوغوریش لای باوکی بوو."
ف.ق