ڕێپێوانکەران گەیشتنە دۆڵی زاپ: چارەسەر لە ئیمراڵییە

"ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە" لە ڕۆژی ٧ هەمیندا گەیشتە دۆڵی زاپ. لە پردی گەنجانی شۆڕشگێڕ ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و گوترا: "کاتی هاتووە هەموو تورکیا دژی نادادی بەرامبەر گەلی کورد، ببێتە دەنیز"، پەیامدرا "چارەسەر لە ئیمراڵییە".

"ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە"ی دەم پارتی لە ٣ ی حوزەیران دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ، ٧ ڕۆژە بەردەوامە. ڕێپێوانکەران، لەنێویاندا هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندەر، گەیشتنە دۆڵی زاپ. گرووپی ژنانی فێمینیست و شاندێک لە جولەمێرگەوە لەبەردەم پردی گەنجانی شۆڕشگێڕ پێشوازیان لە ڕێپێوانکەران کرد. درووشمی "بژی بەرخۆدانی جولەمێرگ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە.

"تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت"

هاوسەرۆکی دەم پارتی جولەمێرگ گوڵشەن کورت سوپاسی بەشداربووانی کرد، پاشان هاوسەرۆکی دەم پارتی جولەمێرگ قادر شاهین قسەی کرد، تیشکی خستەسەر گرنگی ڕێپێوانەکە و گوتی: " تا کۆتایی هاتنی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت. دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جولەمێرگ واتە دەستبەسەرداگرتنی هەموو شارەوانییەکان. بۆیە ئێمە لە دژی ئەم دەستبەسەرداگرتنە لەگەڵ گەلەکەمان درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

"کاتی بوون بە دەنیزە"

پەرلەمانتاری دەم پارتی چیچەک ئۆتلو گوتی: " دەنیز گەزمیش و هەڤاڵەکانی بۆ پشتیوانی لە خوشک و برایەتی گەلی کورد و تێکۆشانی ساکینەکان هاتنە ئێرە. لەو کاتەدا پردی بۆگازیچی دروست دەکرا. لە بەرامبەر ئەوەدا، دەنیزەکان لێرە پردی خوشک و برایەتییان دروستکرد. دەنیز هاتە ئێرە بۆ ئەوەی کورد قڕ نەکرێت و لەناو نەچێت. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو تورکیا ببێتە دەنیز. بەم تێکۆشانەی لە دەنیزەکانمان وەرگرتووە، فاشیزم دەوەستێنین. بژی خوشک و برایەتی گەلان".

"چارەسەر لە ئیمراڵییە"

پەرلەمانتاری دەم پارتی محەمەد زەکی ئیرمەز ڕایگەیاند ئەمە سێیەمین جارە ئیرادەمان دەستی بەسەردا دەگیرێت، هەرگیز جێگەی قبووڵکردن نییە، گوتی: "ئەمە ١٠٠ ساڵە ئیرادەی کوردان پشتگوێ دەخرێت و پرسی کورد بە هیچ جۆرێک چارەسەر ناکرێت. دەگوترێت لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەسەد کۆدەبنەوە، بەڵام چارەسەر لە ئیمراڵییە. هەرچی بکەن ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن. گەلەکەمان لە هەموو گۆڕەپانێک بەرخۆدان مەزن دەکات".

ژنان لەسەر پردی گەنجان پانکارتیان هەڵواسی و بێ وەستان درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە. پاشان ڕێپێوانکەران بەرەو جولەمێرگ کەوتنەڕێ.