سەبارەت بە دۆخی ژنان و گەنجان لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان و تێکۆشانی ژنانی گەنج دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، ژنان خواستی پێشەنگایەتییان هەیە لە هەموو بوارەکاندا، هەریەک لە دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن نیان محەمەد و فەرمانبەر شەهلا کەریم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
'ژنان هەنگاوی سەرکەوتن دەنێن'
نیان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، گەنج ڕۆڵی مەزنی هەیە لە پێشخستنی کۆمەڵگا و بەمجۆرە دوا: "گەنج ڕۆڵیی کاریگەری هەیە لە پێشخستنی شار و وڵاتدا چونکە بیرۆکەی نوێ و توانای زۆریان هەیە، گەر باسی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا بکەین دەبینین لە بوارە جیاوازەکاندا ڕۆڵی کاریگەرییان هەیە و پەرەش بە تواناکانیان دراوە. هەنگاو بۆ سەرکەوتن دەنێن.
سەرەڕای هەمووئەمانەش ئاستەنگی هەیە بەڵام نابێت ئەم ئاستەنگییانە ببنە ڕێگر لە بەردەم تواناکانی ژناندا، چونکە ژنانی ئێمە هێندە بەهێزن دەتوانن هەموو ئاستەنگییەکان بشکێنن."
لە کۆتایی قسەکانییدا نیان محەمەد باسی لەوەکرد پێویستە گەنجان و ژنان گرنگی بە بابەتی خوێندنەوە بدەن بەمەبەستی هۆشیاری، گوتی: "چەند خوێندنەوە بۆ ژنان گرنگ بێ بۆ پیاوانیش هەروا گرنگە. سینەما و خوێندنەوە بۆ ژنان دەبێتە هۆکاری ئارامی و هۆشیاربوونەوە."
'گەنج ڕۆڵی گرنگیی هەیە لە بونیاتنانی کۆمەڵگەدا'
پاشان شەهلا کەریم دەربارەی ڕۆڵی گەنجان لە کۆمەڵگەدا قسەی کرد، وتی: "گەنج ڕۆڵی گرنگی هەیە لە کۆمەڵگادا بۆ بنیاتنانی هەر بوارێک لە بوارەکانی کۆمەڵگە و گەنج دەتوانێت ببێتە کۆڵکەی ئەو بوارە و دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات. پێویستە گەنجان پەرە بە تواناکانیان بدەن، زانیارییان زیاد بکەن و خۆیان ڕۆشنبیر بکەن تاوەکو ببنە تاکێکی بەسوود لە کۆمەڵگەدا."
لە کۆتایی قسەکانییدا شەهلا کەریم وتی: "گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە بە گەنج دەکرێت، چونکە گەنج داهاتوو و ئاییندەی کۆمەڵگەیە گەر گەنجان برەو بە تواناکانیان بدەن دەتوانن لە داهاتووشدا نەوەیەکی باش پێدەگەیەنن. گەر بتوانیین هاوکاری گەنجان بین ئەوا کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو و داهاتوویەکی باشترمان دەبێت."