شەهید ئەلحەمادە بە خاک سپێردرا

شەهیدی هێزەکانی کۆماندۆس عەدنان ئەل حەمادە بە خاک سپێردرا.

عەدنان محەمەد ئەلحەمادە، شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆس، کە لە ٢٦ تشرینی یەکەم لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک  لە شاری عامودا شەهید بوو، لە مەراسیمێکدا بە خاک سپێردرا.

مەراسیمەکە لە لایەن مەجلسی ماڵباتی شەهیدانی حەسەکەوە ساز کرابوو، سەدان کەس لە دانیشتوانی شار و گوندەکانی حەسەکە، ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، هێزەکانی ئاسایش بەشداری مەراسیمەکە بوون.

فاتمە ئەل عەلی، بە ناوی مەجلیسی ماڵباتی شەهیدانەوە، لە وتەیەکدا باسی کەسایەتی  شەهید عەدنانی کرد و وتی: "عەدنان بۆ پاراستنی وڵات و شکۆی گەلەکەی پەیوەندی کرد بە هێزە سەربازییەکانەوە. عەدنان کە خۆی تەیار کردبوو بە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و هێڵی شەهیدان تاکو ڕۆژی شەهید بوونی بەو شێوەیە ژیا."

فاتمە ئەل عەلی، ئاماژەی بەوەش کرد ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشەکانی لە ناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئابووری و ئاسایشەکەیەتی.

ئەل عەلی، داواشیکرد هێڵی دژە فڕین بۆ پاراستنی هەرێمەکان لە فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دابنرێت و لێپرسینەوەش لە دەوڵەتی تورک و سەرۆکەکەی بکرێت.

لە فەرماندەیی یەپەگە، ئاگری حەسەکە سەرەخۆشی لە ماڵباتی شەهید کرد و  تەواوی شەهیدانی ئازادیی بە بیرهێنایەوە.

ئاگری حەسەکە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دوای ئەوەی کە دەوڵەتی تورک نەیتوانی لە ڕێگای چەتەکانی داعشەوە هەرێمەکان لەناو ببات، ئێستا خۆی ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ڕاشیگەیاند، دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە هێرشەکانی ئیرادەی گەل تێک بشکێنێت وتی: "هێرشەکان زیاتر سوورمان دەکات لەسەر بەردەوامی لەسەر هێڵی شەهیدان و بونیادنانی سوریایەکی دیموکراتیک و نامەرکەزی".

لە کۆتاییدا ناسنامەی شەهید عەدنان خوێنرایەوە و تەرمەکەی بە درووشمی "شەهید نامرن" و هەلهەلەی دایکان بەخاک سپێردرا.