ئاگرەکەی چیای گابار ناکوژێنرێتەوە

لە گردی زیارەتی چیای گابار کە وەک "هەرێمی ئەمنیی تایبەت" ڕاگەیاندراوە، ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە، هاوکات بە پاساوی ئەوەی کە هەرێمەکە "مین‌ڕێژکراوە"، تاکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.

وەک بەشێک لە بەردەوامی  تاڵانکرن و وێرانکرنی ژینگەی ناوچەکە، ئاگر لە دارستانی سرووشتی چیای گابار کەوتەوە. ئاگرەکە لە ناوچەی گردی زیارەت کەوتەوە کە لە لایەن پارێزگاری شرناخەوە وەک "هەرێمی ئەمنیی تایبەت" ڕاگەیاندراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان ئاگرەکە بە هەرێمەکەدا بڵاو بووەتەوە و تاکو ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی نەدراوە.

سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی ئەو جەردەوان و هێزانەی کە بۆ گەڕان بەدوای نەوتدا لە هەرێمەکە نیشتەجێن، بەڵام هیچ هەوڵێکیان نەدا بۆ کۆنترڵکردنی ئاگرەکە. شیاوی باسە ئەم هەرێمە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەرێمێکی سەربازییە و قەدەغەکراوە بۆ خەڵکی سڤیل.

ئەو شوێنەی کە ئاگرەکەی لێ کەوتووەتەوە تەنها کارمەندانی کۆمپانیای نەوت و جەردەوانەکان تێیدا نیشتەجێن.