جەمیل بایک: هەر کەسێک دەستی بە خوێنی گەریلا سوور بێت دەبێتە ئامانجمان – ١ -

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە هۆشداریی بەو کەسانە دا کە لە باشووری کوردستان بۆ دەزگای سیخوڕیی تورک (میت) کار دەکەن و وتی "ئێمە تاوەکو ئێستا دانمان بە خۆماندا ناوە، بەڵام دەستی هەر کەسێک بە خوێنی گەریلا سوور بێت دەبێتە ئامانجمان".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە هۆشداریی بەو کەسانە دا کە لە باشووری کوردستان بۆ دەزگای سیخوڕیی تورک (میت) کار دەکەن و وتی "ئێمە تاوەکو ئێستا دانمان بە خۆماندا ناوە، بەڵام دەستی هەر کەسێک بە خوێنی گەریلا سوور بێت دەبێتە ئامانجمان".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداریی لە "بەرنامەى تایبەت"ی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی دا کرد و شیکاری گرنگی بۆ بابەتە گەرمەکانى رۆژ کرد.

دەوڵەتى تورک بە دەیان فڕۆکەى جەنگی هێرشی کردە سەر مەخمور، شەنگال و هەرێمەکانى پاراستنی مەدیا، ئێوە ئەو هێرشانە چۆن لێکدەدنەوە؟

ئەو هێرشانە نوێ نین. کۆنسێپت و عەقڵییەتێک هەیە، کە پیلان لە دژی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان بەڕێوەدەبات. بەهۆی ئەو عەقڵییەتەوە هەموو کات هێرش دەکەنە سەر بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان. ئامانجی ئەو هێرشانەش بۆ ئەوەیە بزووتنەوەى ئازادی پاکتاو بکەن تاوەکو بتوانن کورد قڕ بکەن و بیسڕنەوە، چونکە تاوەکو پەکەکە پاکتاو نەکەن، ناتوانن سڕینەوەى تەواوەتی گەلی کورد بە ئەنجام بگەیەنن. بۆ ئەوەش هاوکات هەم پاکتاوکردنی پەکەکە و هەم پاکتاوکردنی گەلی کورد پێکەوە بەڕێوەدەبەن. بۆ ئەوەى زیاتر بە ئامانجەکەیان بگەن دەیانەوێت گەلی کورد بێ رێبەر، بێ پێشەنگ، بێ سیاسەت، بێ تێکۆشان و بێ رێکخستن بێت. لەبەر ئەوەش لە هێرشەکانیاندا زیاتر رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوە پێشەنگەکەمان، کادێرانی پێشەنگ، بزووتنەوەی سیاسی و رێکخستنەکان دەکەنە ئامانج و بە چڕی لە دژی ئەوانە  دەوەستنەوە. ئەو ھێرشانەى سەر مەخمور، شەنگال و هەرێمەکانى پاراستنی مەدیا پەیوەندیی بەو عەقڵییەت و پیلانانەوە هەیە و بەشێکە لەو کۆنسێپتە.

  کاتێک مرۆڤ باش لێی بکۆڵیتەوە ئەوە دەبینێت، کە بە بەردەوامی ئەو جۆرە هێرشانە ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە ناو هێرشەکاندا هەندێک هێرش هەیە، کە بۆ سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کورد هەندێک تایبەتترن و تایبەتمەدیی خۆیان هەیە. بەو هێرشانە هێرش و حەملەى نوێ لەسەر بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان ئەنجام دەدەن. ئێستا ئەو هێرشەی کرایە سەر مەخمور، شەنگال و هەریمەکانى پاراستنى مەدیا هێرشی لەوجۆرەن. پێویستە هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە لە پشت ئەو هێرشەوە هێرشی تر ئەنجام دەدەن. بەو هێرشە بوار بۆ هێرشەکەى تریان دەڕەخسێنن. پێویستە لە هەموو شوێنێک گەلەکەمان هۆشیار بێت. پێویستە خەباتکاران هۆشیار بن. ئامانجیان چییە؟ دەیانەوێت ئیرادە بشکێنن، تاوەکو بتوانن ئامانجەکەیان بەدی بهێنن. دەبێت ئەو ھێرشە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەى ئێمە ئیرادەی خۆمان بەهێزتر بکەین. ئێمە تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر بکەین و دەبێت ئەوە بزانن، کە هەرگیز ناتوانن ئیرادەی بزووتنەوە، گەل و خەباتکاران بشکێنن، چونکە ئەو تێکۆشانەى ئێمە ساڵەهای ساڵە ئەنجامی دەدەین، لەسەر ئەو هێڵە بەڕێوەچووە. ئەگەر مرۆڤ هەمیشە خۆی لەسەر ئەو هێڵە نوێ بکاتەوە و سەرلەنوێ خۆی بنیات بنێتەوە ئەوا مرۆڤ هەم لەو ھێرشانە تێدەگات و هەم ئەرکمان لە دژی ئەو هێرشانە هەر چییەک بێت دەتوانین بە ئەنجامی بگەیەنین.

لێرە من دەمەوێت سەرنجی هەموان راکێشمە سەر ئەو بابەتە، بە فڕۆکە شەنگال، مەخمور و هەرێمەکانى پاراستنی مەدیایان بۆردومانکرد، بەڵام کەس دەنگی لێوە نەهات. نە حکومەتى باشوور، نە حکومەتى عێراق، نە نەتەوە یەکگرتووەکان، نە ئەمریکا و نە ئەوروپا لە دژی ئەو هێرشانە دەنگیان لێوە نەهات. بێگومان ئەوە مانای خۆی هەیە، چونکە روونە، کە هەموویان لەو هێرشە ئاگادارن، دەبێت تەنانەت هەندێک لایەن بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە یارمەتیی تورکیایان دابێت و فەرمانیان بە تورکیا کردبێت و بە تورکیایان وتبێت 'ئێمە لە پشتی تۆین، تۆ دەتوانیت ئەنجامی بدەیت'. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، تورکیا ئەو هێزەى نییە، کە ئەو شوێنانە بۆ چەند کاتژمێر لەسەر یەک بە فڕۆکە  بۆردومان بکات. ئەوە بۆ تورکیا ئەستەمە.

بە تایبەت مەخمور لە ژێر چادودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە...

مەخمور هەم لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و هەم ئاسمانەکەى لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و عێراقدایە. ئەگەر ئەوان رێگا بە تورکیا نەدەن، باشە تورکیا دەتوانێت بەبێ ئەوان بۆ چەند کاتژمێر بە بەردەامی بە فڕۆکەى جەنگی هێرش بکاتە سەر مەخمور، شەنگال و هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا؟ ئەوە ئەستەمە. لەبەر ئەوەش لە هێرشانە هەم حکومەتى باشوور و هەم حکومەتى عێراق و هەم نەتەوە یەکگرتوەکان و هەم ئەمریکا بە تایبەتی بەرپرسیارن. پێویستە گەلەکەمان ئەو بەرپرسیارانە ببینێت. پێویستە ئەوان، ئەو هێرشانە قبوڵ دەکەن یان نا، هاکاریی ئەو هێرشانەیان کردووە یان نا، رێگایان بە تورکیا داوە یان نەداوە، پێویستە بۆچوونی خۆیان روون بکەنەوە. ئەوە مافی گەلەکەمانە و مافی ئێمەیە. پێویستە ئێمە لەوە تێبگەین. ئەگەر لە راگەیاندراو و لێدوانیاندا روونی نەکەنەوە، ئەو کاتە هاوبەشی دەوڵەتى تورکن، رێگایان بە تورکیا داوە، تورکیا بە فەرمانی ئەوان هێرشەکەى ئەنجام داوە. تەنانەت ئەگەر لێدوان و راگەیاندراویان بە باش یان بە شێوەى تر بێت، پێویستە گەلەکەمان ئەو داوایەیان لێیان هەبێت. ئەوە مافی گەلەکەمانە و پێویستە وەڵامی بدرێتەوە. ئەگەر وەڵام نەدەنەوە ئێمە ئەوان بە بەرپرسیار دەزانین. لێرەدا دەمەوێت شتێک بڵێم، پێویستە هەموو گەلەکەمان، چ لە بەشەکانى کوردستان دەبێت، یان لە دەرەوەى کوردستان بە باشی لەو هێرشە تێبگەن. ئەو هێرشە تەنها لە دژی مەخمور، شەنگال و هەندێک ناوچەی پاراستنى مەدیا نییە، بەڵکو لە کەسایەتیی ئەو هێرشانەدا بە تەواوی هێرش لە دژی گەلی کورد ئەنجامدراوە. دەیانەوێت گەلی کورد قڕ بکەن و بیسڕنەوە. بۆ ئەوەیە ئەو هێرشانە روو دەدەن. بۆ ئەوەش پێویستە گەلەکەمان لە دژی ئەو هێرشانە بوەستێتەوە. لەگەڵ پەکەکە لە دژی هێرشەکان بوەستێتەوە، چونکە ئەمڕۆ پەکەکە شکۆ و کەرامەتی کوردە، ناسنامەى کوردە، هەبوونی کوردە، ئازادیی کورد نوێنەرایەتی دەکات. ئەوەى لە دژی داگیرکەری، سڕینەوە و پاکتاوکردن و فاشیزم دەوەستێتەوە پەکەکەیە. لەبەر ئەوە دەبێت هەموو کەسێک بێتە پاڵ پەکەکە و لە دژی سڕینەوە و قڕکردن بوەستێتەوە. ئەوە کارە راستەکەیە و ئەرکی هەموو کەسێکیش ئەوەیە.

قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە لە هێرشێکى ئاسمانیدا شەهید بوو. لە هەر چوار لای جیهانەوە گەلی کورد و دۆستەکانی توڕەیی خۆیان دەربڕی و خاوەندارییان لە قاسم ئەنگین کرد. ئێوە دەتانەوێت سەرەتا چی بۆ قاسم ئەنگین بەرێوەبەر و فەرماندەی بزووتنەوەکەتان بڵێن؟

سەرەتا من سەرەخۆشی لە بنەماڵەى هەڤاڵ قاسم ئەنگین دەکەم. دیسانەوە سەرەخۆشی لە گەلی کوردستان دەکەم. هەڤاڵ قاسم رەنجێکى زۆر گەورەی داوە هەم بۆ حیزبەکەان و هەم بۆ گەلی کوردستان. هەڤاڵێک کە لە مەرەشەوە چووە بۆ ئەوروپا، لە ئەوروپا بەشداری بزووتنەوەکەمان بوو. لەوێش رانەوەستا و رووی لە کوردستان کرد. ئەوە مانایەکى تایبەتی هەیە. هەڤاڵ قاسم بە قوڵی لە رێبەر ئاپۆ تێگەیشتبوو و بۆ خۆیی کردبووە بنەما. هەموو کات لە هێڵی رێبەر ئاپۆدا خۆی سەرلەنوێ بونیاتدەنایەوە، لە خۆیدا هێزی ئەو هێڵەى دەئافراند. تاوەکو هێڵکە باش نوێنەرایەتی بکات، تاوەکو باش لە پارادیگمای رێبەرایەتی تێبگات و ئینجا ئەویش بڵاوی بکاتەوە و خەڵک و هەڤاڵ و کادیران و گەلەکەى تێبگەیاندایە. لەبەر ئەوەش باشتری کار و هەوڵی دەدا، کە زیاتر لە هێڵی رێبەر ئاپۆ و پارادیگمای رێبەر ئاپۆ تێبگات. هەموو ژیانی خۆی خستبووە خزمەتى حیزب، خزمەتى هێڵی رێبەر ئاپۆ، خزمەتى هەڤاڵێتی و گەلی کورد. ژیانێکى شەخسیی بۆ خۆی نەبوو و ژیانی شەخسیی لە خۆی حەرام کردبوو. فەدایەتیی رێبەر ئاپۆ لە کوردستان بۆ خۆی کردبووە بنەما و بنەڕەت و ئەوەی لە ژیانیدا بەدیهێنابوو و کاری پێدەکرد و جێبەجێی دەکرد.

ڕێبەر ئاپۆ وتبووی'پێویستە مرۆڤ ٢٤ کاتژمیر گەریلایەتی بکات'. هەڤاڵ قاسمیش ٢٤ کاتژمێر گەریلایەتی دەکرد. واتە فیداکاری ئەم گەلە بوو. ژیانی خۆی بە تەواوی خستە خزمەتی داهاتووی گەلەکەی و ئازادی گەلی کوردستان. بە جۆش و خڕۆشەوە ئەرکەکەی جێبەجێ دەکرد. بە تەمپۆیەکی زۆر بەرز ئەنجامی دەدا. ئەو تەمپۆیەی ڕێبەر ئاپۆ، ڕیباز و شێوەی ڕێبەر ئاپۆ، ڕەفتاری ڕێبەر ئاپۆی بۆ خۆی کردە بناغە. بۆیە خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەرز بوو. نەک تەنها بۆ لایەنەک خۆی ئامادە کردبوو. نەک تەنها بۆ ئەرکێک خۆی ئامادە کردبوو. وەک رێبەر ئاپۆ خۆی بۆ هەموو ئەرکێک ئامادە کردبوو. کاتێک ئێمە لێکۆلینەوە لەسەر ژیانی هەڤاڵ قاسم بکەین دەتوانن ئەمە بە ئاشکرایی ببینین. لە گەریلایەتی شەڕڤانی دەکرد، فەرماندەیی دەکرد و لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا جێی خۆی دەگرت، لە گۆڕەپانی ئایدۆلۆژیدا جێی خۆی دەگرت، لە گۆڕەپانی پەروەردەشدا جێی خۆی دەگرت. واتە هەموو ئەرکەکانی پارتی جێبەجێ دەکرد. کەسایەتیەکی بەم شێوەیەی بەرز و باڵا بوو. کەسایەتی بەم شێوەیە لە کوردستاندا زۆر کەم دروست دەبن. ئەوانەی لە هێڵی ڕێبەر ئاپۆدا هەموو کاتێک خۆیان بنیاتدەنێنەوە دەتوانن کەسایەتیەکی بەم شێوەیە لە خۆیاندا بخوڵقێنن. واتە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە هەڤاڵ قاسم هەڤاڵێکی ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ بوو. لەبەرئەوەی دەیزانی هەڤاڵتیەکی بەم شێوەیە دەبێتە وڵام. گەلی کورد لە مردن ڕزگار دەکات و دەژیەنێتەوە. بۆ گەلی کورد ئازادی دەستەبەر دەکات. لە دەرەوەی کەسایەتیەکی بەم شێوەیە ناتوانرێت وڵام بدرێتەوە. لەمە باش تێگەیشتبوو، لە ژیانی خۆیدا ئەمەی باش جێبەجێ دەکرد. هەڤاڵ قاسم نوێنەرایەتی هێڵی، بەسێ، نووجان، ئەرداڵ، ئەنگین، شێخۆ و ئاتاکانی دەکرد. ئەم هێڵە هێڵی ڕێبەر ئاپۆیە.

بە تایبەتی هەڤاڵ قاسم دەیویست لە هەرێمەکانی مەڕەش، مەلەتی، ئەلازیغ و دەرسیم ئەو سیاسەتەی کە دەوڵەتی فاشیست و قڕکەری تورک پەیڕەوی دەکرد پووچەڵ بکاتەوە. لەبەرئەوەی دەوڵەت بەناوی پلانی شارک ئیسلاح، پلانێکی ئامادە کردبوو. سەرەتا لە هەرێمەکانی مەڕەش و دەرسیم ئەنجامی دەدات. دەیویست کە لەو هەرێمانە بە تەواوەتی کوردایەتی لەناو ببات بۆئەوەی بتوانێت هەنگاو بە هەنگاو لە کوردستان هەرچیەک بە ناوی کورد و کوردستان هەیە لەناوی ببات. بۆ ئەوەی وڵاتی کورد (کوردستان) بکاتە وڵاتی خۆی. سیاسەتێکی بەم شێوەیەی بەڕێوە دەبرد. ئەم سیاسەتەش لەو هەرێمانە دەستی پێکردبوو و ئەنجامی زۆریشی بەدەستهێنا. هەڤاڵ قاسم لەدژی ئەوە زۆر تووڕە بوو. بۆیە بەشداری لە بزووتنەوەکەدا کرد، بۆیە لە ئەڵمانیاوە ڕووی کردە کوردستان، بۆیە لە کوردستان لە هەموو جێگایەک جێی خۆی گرت و تێکۆشانێکی گەورەی کرد. ئەگەر لەناخی مرۆڤدا تووڕەیەکی گەورە نەبێت، هیچ کاتێک مرۆڤ ناتوانێت لە کوردستان ٢٤ کاتژمێریش لەدژی دوژمن تێکۆشانێکی بەو شێوەیە بکات. لەبەرئەوەی لە ناخی هەڤاڵ قاسمدا لەدژی دوژمنی فاشیست، قڕکەر و داگیرکەر، قینێکی گەورە هەبوو، بۆیە لە هەموو بارودۆخێکدا لەدژی ئەو سیاسەتە وەستایەوە. بۆچی تووڕەیی و قین لەناو مرۆڤێکدا دروست دەبێت؟ ئەگەر مێژوو باش بخوێنێتەوە، لەناو مێژوودا قوڵ ببێتەوە، لە کەسایەتیدا قین و تووڕەییەکی گەورە دروست دەبێت. ئەوانەی قین و تووڕەییەکی زۆر لە ناخیاندا هەبێت، لە زانست، لە ڕێکخستن و تێکۆشاندا کاری گەورە دەکەن. بۆیە هەڤاڵ قاسم کاری گەورەی دەکرد. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆی بە بناغە وەرگرت، لایەنی بەهێزی ڕێبەری ئاپۆ چی بوو؟ مێژوو بوو، لە مێژوودا خۆی بە باشی پەروەردە کرد. بۆیە باش لەدوژمن تێگەیشتبوو. دەیزانی لەدژی دوژمن تێکۆشانێکی چۆن بکرێت ئەنجام بەدەستدەهێنرێت. لەسەر ئەم بناغەیە تێکۆشانی کرد. هەڤاڵ قاسمیش لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆی وەک بناغە وەرگرتبوو، لە ڕووی مێژووشەوە خۆی بەرەوپێشەوە برد، بۆیە لەدژی داگیرکەری قڕکەری تورک تۆڕەیی و قینی خۆی گەورەتر کرد. بۆیە هەم گەلی کورد، هەم ژنانی کورد، هەم گەنجانی کورد پێویستە باش لێکۆلینەوە لەسەر ژنانی هەڤاڵ قاسم بکەن، باش لێی تێبگەن. لەبەرئەوەی کە هەم بۆ گەلی کورد و بۆ ژنان و گەنجانی کورد رەنجێکی زۆر گەورەی کێشا، هەڤاڵێکی زۆر گەورەی ئەو پێکهاتانە بوو. بۆیە ئەگەر ڕاستی هەڤاڵ قاسم بە باشی تێبگەین، بە باشی لە ئەرکەکانی خۆشمان تێدەگەین. هەم بۆ خۆی، هەم بۆ گەلەکەی، هەم بۆ مرۆڤایەتی چۆن کار دەکەن، چۆن لەدژی دوژمن دەوەستنەوە، ئەو کاتە دەتوانن هەم لە عەقڵیەتدا هەم لە کەسایەتیدا، عەقڵیەت و کەسایەتیەکی بەهێز لە خۆیاندا دروست بکەن. شەهیدبوونی هەڤاڵ قاسم بۆ ئێمە فەرمانێکە. پێویستە ئەو فەرمانە جێبەجێ بکەین. لە مێژوودا خۆی هەموو شەهیدێک بۆ ئێمە فەرمانێک بووە. ئێمە هەڤاڵی شەهیدانین. ئێمە ئامانجەکانیان، هیواکانیان، داواکاریەکانیان جێبەجێ دەکەین. ئێمە ئامانج و داواکاری و هیواکانی هەڤاڵ قاسم جێبەجێ دەکەین. گەلەکەمان دەتوانێت بڕوامان پێبکات، ئێمە بەڵین بە گەلەکەمان دەدەین، ئێمە شەهادەت دەکەینە هەڵمەتێک. ئەمە ئەرکی هەموو مرۆڤێکی ئێمەیە. لە هەموو بەشێک، لە دەرەوەی وڵات، هەموو مرۆڤێکی ئێمە ئەم شەهادەتە پێویستە وەک هەڵمەتێک ببینرێت. ئەگەر بەم شێوەیە نزیک ببین، هەڵمەتێکی بەم شێوەیە بەرەو پێشەوە ببرێت، دەتوانین ئەرکی خۆمان لەبەرانبەر شەهیدە گەورەکانمان جێبەجێ بکەین، دەتوانین قەرزی خۆمان بدەینەوە. بە تایبەتی گەنجان، ژنانی هەرێمی مەڕاش، سەمسوور، دیلۆک، مەلەتی، ئەلازیغ و دەرسیم پێویستە ئەو تێکۆشانەی کە هەڤاڵ قاسم کردی، بۆ خۆیان وەک بناغە وەربگرن. لەبەرئەوەی دەیویست لەو هەرێمانە سەرلەنوێ کوردایەتی زیندوو ببێتەوە، بگاتە ڕاستی خۆی، بگاتە ڕیشەی خۆی. بۆ ئەوە تێکۆشانی دەکرد. بۆیەش ژن و گەنجانی ئەو هەرێمانە پێویستە ئەوە وەک بناغە وەربگرن.

بەڕێز قاسم ئەنگین ڕەنجێکی زۆریشی لە بواری ڕاگەیاندندا کێشاوە. ئێمەش بەڕێزەوە یادی دەکەینەوە. بەڕێوەبەرایەتی ئێوە زۆر جار لە ڕاگەیەنراوەکانیدا باسی ئەوەی کردبوو کە زانیاری لە هەرێمەکەوە دەچن. لە شەهادەتی بەڕێز قاسم ئەنگیدا دۆخێکی بەم شێوەیە هەیە. لەدژی ئەوەش بە تایبەتی گەلی باشوور و هێزە دیموکراتەکان پێویستە چی بکەن؟

پەندێکی کوردی هەیە. دەڵێت' کرمی دار لە خۆدی دارەکە نەبێت ناڕزێت'. پێویستە مرۆڤ سەیری مێژووی گەلی کورد بکات، باش لێکۆلینەوە بکات. کورد زۆرجار ڕاپەڕینی کردووە، شەڕی کردووە، ناخۆشی و سەختی و ئازاری بینیوە، شەهیدی زۆری داوە. لەم ڕووەوە کورد کێشەی نییە. بەڵام هەموو کاتێک گورزی بەرکەوتووە. لەوانەیە هەندێک هۆکاری تریش هەبن، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە، خیانەتی ناو کوردانە. هەموو کاتێک ئەو دەوڵەتانەی داگیرکەری و قڕکردن لەسەر کورد بەڕێوەدەبەن، پارچەبوون لەناو کورددا دروست دەکەن. لەناو کورداندا خیانەت بەرەوپێشەوە دەبەن، نۆکەری بەرەو پێشەوە دەبەن، سیخووڕی بەرەو پێشەوە دەبەن. لە ڕێگەی ئەوانەوە هەموو کاتێک گورزی گەورە لە کورد لە بزوتنەوە کوردیەکان دەوەشێنن. گەلی باشووریشمان چەندین ساڵ تێکۆشانی کرد و وڵاتپارێزی لەوێ بەهێزە. ئازاری زۆری چەشتووە، باجی زۆر گەورەی داوە. لە ئەنجامدا هەندێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە. لەگەڵ تێکۆشانی پەکەکە ئەو دەستکەوتانە پارێزران. ئەگەر تێکۆشانی پەکەکە نەبوایە، نەدەتوانرا ئەو دەستکەوتانە بپارێزرێن، بەردەوامیان پێنەدەدرا. ئەمە ڕاستیەکە. ئێستا ئەگەر دەوڵەتی فاشیستی قڕکەری داگیرکەری تورک کە سیخوڕی، هاوکاری بەرەو پێشەوە دەبات، ئاژان دروست دەکات کە کۆمەڵکوژی لەدژی گەریلا ئەنجام بدەن، ئەمە بە تەنها کاری میت نییە. ڕاستە میت ئەم کارە بەڕێوەدەبات، بەڵام لە باشووری کوردستان هەندێک ڕێکخستنی هەوالگری هەیە. ئەوان هاوکاری میت دەکەن، میت بە هاوکاری ئەوان کۆمەڵکوژی لەبەرانبەر گەریلا ئەنجام دەدات. ئەگەر ئەوان هاوکاری نەکەن، ئەگەر سیخوڕی نەکەن، هاوکاری دەوڵەتی تورک نەبن، ئەو کاتە میت ناتوانێت لە باشوور جموجووڵ بکات، سیخوڕی و جاسوسی ڕێکبخات و بەو شێوەیە گورز لە گەریلا بوەشێنێت. ئەگەر هەڤاڵانمان لە باشووری کوردستان شەهید دەکرێت، لە پشتیانەوە دەزگاکانی پاراستن و زانیاری هەیە. لەناویاندا هەندێک کەس هاوکاری میت دەکەن. میت لە ڕێگەی ئەوانەوە زانیاری بەدەست دەهێنێت، بەم شێوەیە گورز لە گەریلا دەدەن. لێرەدا هەندێک کادری پەدەکە و یەنەکە  و پارتەکانی تر هەن، وابەستەی پارتەکانی خۆیانن، وابەستەی ڕێکخستنەکانی خۆیانن. ڕێکخستنەکانیان داوایان لیدەکەن زانیاری لەسەر گەریلا بەدەست بهێنن. ئەوانیش بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، زانیاری دەدەن. نازانن ئەو زانیاریانە دەدرێنە میت. ئەوان وا بیردەکەنەوە کە بۆ ڕێکخستنەکانیان کارێک ئەنجام دەدەن. بە پێچەوانەوە بۆ ڕێکخستنەکانی خۆیان کار ناکەن. بۆ میت کار دەکەن. بە نەزانی ئەم کارە دەکەن. زانیاری لەسەر گەریلا، لەسەر بارەگاکانیان، لەسەر بزووتنەوەکەیان کۆدەکەنەوە و پێشکەشی ڕێکخستنەکانی خۆیان دەکەن، ڕێکخستنەکانیشیان پیشکەشی میتی دەکەن. میت بەو زانیاریانە گورز لە گەریلا دەوەشێنێت. پێویستە گەلەکەمان لە باشوور ئەم ڕاستیە بزانێت. گەلەکەمان شایەنی ئەمە نییە. گەلی باشوور خەباتێکی زۆری کردووە، مێژوویەکی هەیە. ئازاری گەورە، باجی گەورەی داوە. گەریلا بۆ ئەوان هێزی پاراستنە. ئەگەر دەستکەوتێک لە باشوور هەبێت، ڕۆڵی گەریلاش هەیە. بۆیە پێویستە هیچ کەسێک لە کوشتنی گەریلادا جێگای خۆی نەگرێت. ئەمە خیانەتێکی گەورەیە، نە تەنها بۆ پەکەکە بۆ باشووریش خیانەتێکی گەورەیە. کورد پێویستە هیچ کاتێک ئەم کارانە نەکات. پێویستە گەلی باشوورمان لەناو خۆیاندا سیخوور، میت و موخبیر قبوڵ نەکەن و لەدژیان بووەستنەوە. ئەگەر لە گوندەکان هەبن، دەریان بکەن. لە شارەکان بن، لە شارەکانیان دەریان بکەن. ئێمە داوامان کرد لایەنەکانی باشوور رێوشوێن بگرنەبەر. بەڵام دیارە کە هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر. ئێمە کێ ئاشکرا بکەن، لێی نابۆرین، دوایی با ئەو رێکخستنانە و ئەو پارتانە نەڵێن، پەکەکە لایەنگرانی ئێمە دەکوژێت یان لەدژی ئێمە پەکەکە سیاسەتێکی جیاواز بەڕێوە دەبات. ئەگەر نایانەوێت ئەندامانیان بکوژرێن، ئەو کاتە پێویستە خاوەندارییان لێبکەن. پێویستە ڕێگا نەدەن خراپە بکەن. پێویستە ڕێگا نەدەن خیانەت بکەن و دەستیان بە خوێنی گەریلا سوور ببێت. کێ خوێنی گەریلا بڕژێت دەبێتە ئامانجی ئێمە. لەبەرئەوەی پەکەکە لەسەر بناغەیەک دامەزراوە، یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکان چییە؟ وەستانەوەیە لەدژی خیانەت، لێپرسینەوەیە لە خیانەت. لەبەرئەوەی گەلی کورد چی چەشتووە، بەهۆی خیانەوە چەشتوویەتی. ئێمە ناتوانین لەناو خۆماندا خیانەت قبوڵ بکەین. ئێمە ناتوانین چاوپۆشی بکەین. لە ئیستادا هەندێک کەس دەستگیردەکرێن کە دەستیان لە ڕشتنی خوێنی گەریلادا هەیە. دەبینرێت کە خاوەنداریان لێدەکەن، ڕێکخستنەکانی خاوەنداریان لێدەکەن، یان دەزگاکان پرسیار لەسەر دۆخیان دەکەن. دەڵێن،'ئەوانە وابەستەی ئێمەن'. دەڵێن 'پەکەکە کەسەکانمان دەستگیر دەکات. ئەمە بۆ ئێمە دوژمنایەتیە. پەکەکە دوژمنایەتی ئێمە دەکات'.  بەم شێوەیە خاوەنداری لە خایینەکان دەکەن. پێویستە کەس خاوەنداری لە خایینەکان نەکات. ئەگەر ئێمە دەستگیریان دەکەین یان دەیانکەینە ئامانج، لەبەرئەوەیە کە خوێنی گەریلایان ڕشتووە، خوێنی گەلی باشوورمان دەڕژن، ناوی گەلی باشووریشمان خراپ دەکەن. بۆیە ئێمە دەستگیریان دەکەین، یان دەیانکەینە ئامانج. نەک لەبەرئەوەی دۆست و ئەندامی هەندێک رێکخستن ئێمە دەستگیریان دەکەین. شتێکی بەم شێوەیە بوونی نییە. بۆیە پێویستە هەموو کەسێک ئەوە بزانێت. هیچ کەسێک نابێت خۆی بفرۆشێت. لەوانەیە تورکیا چەند قروشێکیان پێبدات. هەندێک دۆلاریان پێبدات. شەرەفی خۆیان، کەسایەتی خۆیان، نامووسی خۆیان و هەموو شتێکی خۆیان بۆ پارە دەفرۆشن. پێویستە کەس ئەم کارە نەکات. گەلی باشوورمان، رێکخراوەکانی باشوور، لایەن و کەسایەتی بەشەرەف، کە کەرامەتیان هەیە و بە خۆیان دەڵێن کوردی وڵاتپارێز، پێویستە سیخوڕ، نۆکەر، ئاژان و میت لەناوخۆیاندا قبوڵ نەکەن. بانگەوازی من بۆ ئەوان بەم شێوەیەیە.

ژ.ت ، ف.ق