زەینەب جەلالیان لە زیندانی قەرچەکی وەرامین تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووە

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی قەرچەکی وەرامین لە پەیوەندییەکى تەلەفونیدا بە بنەماڵەکەى راگەیاندووە، تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووە و وەزارەتی ئیتڵاعاتیش رێگرە لەوەى رەوانەى نەخۆشخانە بکرێت.

عەلی جەلالیان باوکی زەینەب جەلالیان بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی راگەیاندووە، کچەکەى لە زیندانی قەرچەکی وەرامین تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بووە.

باوکی زەینەب جەلالیان راشیگەیاندووە، شەوی سێشەممە ١٣ی جۆزەردان / ٢ی حوزەیران بەهۆی تەەنگیی نەفەسی زۆرەوە رەوانەى بنکەى تەندروستیی زیندانەکەى کراوە و لەوێدا پێشکنینی بۆ ئەنجامدراوە و بەپێی ئەنجامی پشکنینەکە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا (Covîd-19) بووە.

ئاماژەى بەوەشکرد، سەرباری ئەوەى تووشبوونی کچەکەم بە نەخۆشیی کۆرۆنا پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان لەسەر فەرمانی وەزارەتی ئیتڵاعات رێگری لە گواستنەوەى زەینەب دەکەن بۆ نەخۆشخانە.

زەینەب جەلالیان لە دوایین پەیوەندیی تەلەفونیدا لەگەڵ بنەماڵەکەى رایگەیاندووە، لەگەڵ چەند نەخۆشێکى تری توشبوو بە کۆرۆنا لە ژوورێکدا لە بەشی قەرەنتینەى زیندانی قەرچەکی وەرامین دا راگیراون و تای زۆر و تەنگیی نەفەسیشیان هەیە.

پزیشکانی بنکە تەندروستییەکەى زیندان پێیان وتون، سییەکانى تووشی نەخۆشی بووە و هەوڵ دەدەن بە دەرمان رێگری لە هەوکردنی بکەن.

باوکی ئەو زیندانییە سیاسییە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی توندی خۆی سەبارەت بە تووشبوونی کچەکەى بە نەخۆشیی کۆرۆنا، داوای کردووە کچەکەى بگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و وەک پێویست چارەسەری  بۆ بکرێت.

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد لە ١٠ی بانەمەڕ / ٢٩ی نیسان لە ناکاو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى زیندانی خۆی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکى وەرامین لە تاران و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لە بەشی قەرەنتینەى ئەو زیندانەدا راگیراوە.

هێزە ئەمنییەکان هۆکاری گواستنەوەى لە ناکاوی ئەو زیندانییە سیاسییەیان بۆ خۆی و بنەماڵەکەى روون نەکردوەتەوە، بەڵام باوکی زەینەب جەلالیان هەفتەیەک لەوە پێش رایگەیاند، لە رێگەى پەیامێکى کورتەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە دۆسیەیەکى تریان لە لقی ١٠١ دادگای سزاکانى تاراندا لە دژی زەینەب کردوەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکى لەبارەی هۆکار و ناوەررۆکی کردنەوەى ئەو دۆسیە نییە.

زەینەب جەلالیان لە دایکبوی ساڵی ١٣٦١ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە ساڵی ١٩٨٢ی زاینییە لە گوندی دێم قشڵاق لە شاری ماکۆ لە پارێزگای ورمێ. زەینەب ساڵی ١٣٨٦ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە ساڵی ٢٠٠٧ لە کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکەسیی فەرمانگەى ئیتڵاعاتی کرماشان راگیرا و رووبەڕووی قورسترین جۆرەکانى ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کرایەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە و دوای ئەو ماوەیە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیى" و "موحاربە" لە رێگەى ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)ەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لە دادگای تێهەڵچوونە لە ساڵی ٢٠١١دا بڕیارکە کرا بە زیندانی هەتاهەتایی و گواسترایەوە بۆ زیندانی خۆی لە پارێزگای ورمێ. لەو ماوەیەدا لە زینداندا چەندین نەخۆشیی وەک کێشەى بینایی چاوەکانی، دروستبونی گۆشتی زیادەی چاو و هەڵئازرانی دەم و ددانی هەبووە.

بەشی لێکۆڵینەوە و چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەى دەستگیرکردنە نایاساییەکان لە ساڵی ٢٠١٦دا داواى لە کۆماری ئیسلامیی ئیران کردبوو تاوەکو بە خێرایی زینەب جەلالیان ئازاد بکات و قەرەبووی تەواویشی بکاتەوە.

ژ.ت