فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا هێرشەکانى تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئیدانە کرد و رایگەیاند "بێدەنگیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانی تەواوە کە لە ئاستی ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییانەدا تەنھا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت، بەلای ئێمە و خەڵکی کوردستانیشەوە پێگە و ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم ھێندە لاواز و شەرمنانەیە کە جورئەتی دەرکردنی بەیاننامەیەکیشی نییە."
دهقی راگەیاندراوەکەى کۆمەڵی ئیسلامی
لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانەوە
بۆ ڕای گشتیی و ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستانبەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان..
بەداخەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە چڕی تۆپخانە و کۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا و ئێران کەوتوونەتە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە پاساوی بوونی چەکدارانی پەکەکە، کە لە ئەنجامدا سەرەڕای زیانی ماددی زۆر بە گوند و دارستان و پاوانی خەڵک، ژمارەیەک ھاونیشتمانیشمان شەھید و برینداربوون.
ھاوکات سەروەریی خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش پێشێلکراوە و سوپای تورکیا سنورەکانی بڕیوە و بە قوڵایی چەندین کیلۆمەتر ھاتوونەتە ناوەوە.
ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی ئەو بۆردومان و لەشکرکێشییە ڕەتدەکەینەوە و بە کارەسات بۆ خەڵکی کوردستان و پێشێلکاریی بۆ سەروەریی دەوڵەتی عێراق کە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لێی دەزانین، پێشمان وایە ھەردوو حکومەتی بەغدا و ھەرێمی کوردستان خۆیان لە ئاست ئەو دەستدرێژییانەدا بێدەسەڵات پێشان دەدەن کە دواجار خەڵکی کوردستان دەبنە قوربانیی .
بۆیە پێویستە دەوڵەتی عێراق بە ئەرکی دەستوریی خۆی لە پاراستنی سنورەکانی لە دەستدرێژیی وڵاتانی بێگانە بپارێزیت و ڕێگەنەدات سەروەریی خاک و ئاو و ھاوڵاتی و ئاسمانەکەی پێشێل بکرێت، ھەروەک ئەرکە لەسەری کە ئاسایشی سنورەکانی وڵاتانی دیکەش بپارێزێت و ڕێگەنەدات خاکەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر ھیچ وڵاتێک بەکاربھێندرێت.
لەم نێوەندەشدا بێدەنگیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانی تەواوە کە لە ئاستی ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییانەدا تەنھا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت، بەلای ئێمە و خەڵکی کوردستانیشەوە پێگە و ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم ھێندە لاواز و شەرمنانەیە کە جورئەتی دەرکردنی بەیاننامەیەکیشی نیە وەک بڵێی ئەو خەڵکەی دەبنە قوربانیی، ھاوڵاتیی ئەو نەبن !
نەھێشتنی ئینتیمانی تاکی کورد بۆ خاک و نیشتمانەکەی و بێدەنگبوونی لە ئاست دەستدرێژیی و بۆردوومانەکانی وڵاتانی دراوسێ، دەرەنجامی ئەو حوکمڕانییە خراپ و سەقەتەیە کە نزیک بە سێ دەیەیە کاری لەسەر دەکرێت کە گرنگترینیان نەبوونی سوپایەکی بەھێزی نیشتمانیی و دروستکردنی چەکداری شەخس و حزبە لە شوێنیدا و ئەمڕۆش ئەنجامە دڵتەزێن و کارەساتبارەکانی ئەو ڕەفتارەی بەرپرسانی کورد بەچاوی خۆمان دەبینین.
جارێکی دیکە داوادەکەین کە عێراق و ھەرێمی کوردستان سنورێک بۆ ئەم بۆردومان و دەستدرێژییانە دابنێن، پێویستە چەکدارانی پەکەکەش لە ئاوەدانی و باخ و بێستان و گوندەکان دوور بکەونەوە و لە ھەستیاری و کارەساتباری خەڵکی کوردستان تێبگەن و کارێک نەکەن ھێندەی تر زامەکانی ئەم میللەتە قوڵ ببێتەوە کە خۆی لە خۆیدا ٢٩ ساڵە گیرۆدەی ستەمکاریی و گەندەڵیی دەسەڵاتدارەکانێتی.
ژ.ت