میتی تورکیا لە بنکە سەربازییەکانى پارتیدا خۆی جێگیرکردووە

یەکەکانى میتى تورکیا لە دەروازەى سنووری حاجی ئۆمەران تاوەکو چیای کۆڕەک لە چەندین شوێن خۆیان جێگیرکردووە، کە ئەو شوێنانە بنکە سەربازییەکانی پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە)ن.

سوپاى تورکیا لە باشووری کوردستان لە چەندین ناوچە بنکەى سەربازیى دروستکردووە. هاوکاتیش لە رێگەى تۆڕە سیخوڕییەکانى دەزگاى هەواڵگرییەکەیەوە (میت) سەرقاڵی ئەنجامدانى کاری قێزەنە.

زانیاریى گرنگ لەبارەى شوێنى میتەکان لە باشووری کوردستان بە دەستمان گەیشتوون. بەپێى ئەو زانیارییانە کە لەسەرچاوە هەرێمییەکانەوە بە دەستمان گەیشتوون، یەکەى میتى تورک لە شاخی سەری رۆلا لە ناوچەى قەسرێ لە بنکەیەکى پەدەکەدان. رۆژانەش کاری سیخوڕی و چاودێری لە کۆلیتەر، مامه‌ڕووت، بەردەزەردان، شێراوازێ ئەنجام دەدەن.

بنکە سەربازییەکانى گوندەکانى دیانا کە ئاسایشیان لەلایەن هێزەکانى زێرەڤانى لە ژێر سەرپەرشتیى حەجی بیرۆفی دابین دەکرێن بۆ کاری سیخوڕیى میت کراوەن و ماوەى چەندین ساڵە لەو بنکە سەربازییانەى پەدەکەوە کاری سیخوڕی ئەنجام دەدەن.

میت لە بنکەى سەربازییەکانی پەدەکە لە چیاى کۆڕەک خۆی جێگیرکردووە

هەروەها بنکەى سەربازیى پەدەکە لە چیاى کۆڕەک کە لەلایەن هێزەکانى زێرەڤانى و بەسەرپەرشتیى سیدار بارزانی بەڕێوەدەچن، بۆ میت بوونەتە ناوەندى کارى سیخوڕی.

لەو بنکانەى چیاى کۆڕەکەوە لە سنووری دۆڵی ئالان و دۆڵی مەلەکان و چیای کێلکلێلێ تاوەکو پشت سنووری هەڵگورد و لەوێیەوە تاوەکو ئاکۆیان و رەواندز و گوندەکانى گەرەوانی کۆنترۆڵ و چاودێرى دەکرێن.

بنکەکانى دیانا کە ئاسایشیان لەلایەن هێزەکانى زێرەڤانی و بە سەرپەرشتیى حەجی بیرۆفی دابین دەکرێن، بۆ کارى سیخوڕیى میت کراوەنە و ماوەى چەندین ساڵەوە بەکار دەهێنرێن بۆ کارە سیخوڕییەکانى میت.

حاجی ئۆمەران لە کۆنترۆڵى میت دایە

هاوکات لە بنکەى سەربازیى هێزەکانى زێرەڤانیى پەدەکە لە چیاى وێزێ یەکەیەکى میتی تورکیا جێگیرکراون. هێزەکانى پاراستنیش بە بەردەوامى هاوکاریى ئەو تیمە سیخوڕییەى میت دەکەن.

تیمە سیخوڕییەکانى میت بە پشتیوانیى بنکە سەربازییەکانى زێرەڤانى و هاوکاریى پاراستن رۆژانە سیخوڕی بەسەر ئەو ناوچەیەوە دەکەن و چاودێریى هاووڵاتیان و جموجوڵەکانى ئەو سنوورە دەکەن. لە تەنیشت ئەو شوێنەش ناوەندێکى هێزەکانى ئێران بوونی هەیە!.

ر.م