مەزڵوم حەفت تەن ئەندامى دەستەى بەرێوەبەریى کۆمەڵگەى ئازاد و دیموکراتیکى رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) لە بەرنامەى هێڵی سێیەمى ئاریەن تیڤی-دا رایگەیاند "ئەوەى ئێستا لە ناوچەکە روو دەدات جەنگى جیهانیى سێیەمە. ئەو جەنگە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدایە، لە راستیدا جەنگێکى جیهانییە. لە ڕاستیدا ئەو گۆڕانکارییانەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا روودەدەن بونیادنانى جیهانی نوێ نەخشەڕێژ دەکات.
مەزڵوم حەفت تەن لەبارەى ناوەندى ئەو شەڕەوە وتى، ناوەندی ئەو جەنگە جیهانییە کوردستانە، ئەگەریش تەنها کێشەکان بە کیشەى گەلی کورد و دەوڵەتە داگیرکەرەکان بزانین ئەوە روانیمان بۆ کێشەکە سنووردار دەبێت و کێشەکان چارەسەر نابن، چونکە پلانداڕیژەرانى سەرەکیى ئەو شەڕەمان بۆ دەستنیشان ناکرێت. لە پشت ئەم دەوڵەتانەوە سیستمێک بوونى هەیە، کە پشتیوانی و بەرگرییان لێدەکات.
حەفت تەن ئەوەشى وت، کۆبوونەوەکانى ئاستانا و کۆبوونەوەى تورکیا و تاران و رووسیا و تەنانەت سوریا لە چوارچێوەى پلاندانانە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى گەلی کورد. ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە هەندێکجار لە تورکیا و هەندێکجار لە ئێران و هەندێکجاریش لە ئاستانا و لە رووسیا بەڕێوەدەچن، بە بۆچوونى ئێمە ئەو دانیشتنانە درێژەی رێککەوتنەکانى سایکس – پیکۆ، سیڤەر و لۆزانە و لە بنەڕەتدا بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى کورد بەڕێوەدەچن.
مەزڵوم حەفت تەن لەبارەى ئەنجامى ئەو دانیشتنانەوە وتى، لە دواى دانیشتنەکەى تاران خێرا هێرش بۆ سەر گەلی کورد دەستیپێکرد. سەرەتا رامین حوسێن پەناهی و لوقمان و زانیار مورادییان لەسێدارەدا. بە دواى ئەوەدا هێرشیان کردە سەر بارەگاکانى حیزبى دیموکراتى کوردستان (حدک) و حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا). هاوکات لە سنە هێرشیان کردە سەر هەڤاڵانى ئێمە. من ئەو هێرشانە وەک پەیامێک دەبینم. بۆ رژێمى ئێران پەژاک، کۆمەڵە، دیموکرات، گۆڕان، یەکێتى و پارتی هیچ جیاوازییەکیان نییە. لەبەر ئەوەش سنوورەکانى هەرێم پێشێل دەکات و دەست بە جەنگ دەکات. تەنها ئەوە ئێران نییە، کە بەو شێوەیە لەبارەى کوردەوە بیر دەکاتەوە، بەڵکو تورکیاش بەو شێوەیە لەبارەى کوردەوە بیر دەکاتەوە.
حەفت تەن لەبارەى چالاکییەکەى پەژاک لە گوندی دەریى مەریوان رایگەیاند، لە دواى چالاکییەکەى پەژاک لە مەریوان کە ١١ پاسدارى تیادا کوژرا، رژێمى هێرشى کردە سەر بارەگاکانى دیموکرات و چەندین پێشمەرگەى شەهید کرد. ئێران ئەو هێرشەى بۆ تۆڵەى چالاکییەکەى ئێمە ئەنجامدا. رژێم بەو هێرشەى دەیەوێت ئەو پەیامە بۆ ئێمە و حیزبە کوردییەکان بنێرێت و بڵێت، چەند لە ناو خۆتاندا کێشەتان هەبێت، بەڵام لە روانگەى دەوڵەتى ئێرانەوە ئێوە هەمووتان کوردن و بە دوژمن ئەژمار دەکرێن. دەبێت ئەوە بزانین کە لە روانگەى دوژمنەوە ئێمە هیچ جیاوازییەکمان لەگەڵ یەک نییە.
مەزڵوم حەفت تەن ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) لە کۆتایى قسەکانیدا وتیشی، هەڤاڵانمان لە چەند رۆژى رابردوودا راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و لە داهاتووشدا راگەیاندراوى تریش بڵاودەکەینەوە. پێویستە ئەم رووداوە سنووردار نەکرێت بە پەژاک و دیموکرات و کۆمەڵەوە. تەنانەت نابێت سنووردار بکرێت بە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە. دەبێت ئێمە لە روانگەیەکى نیشتمانی و نەتەوەییەوە سەیری ئەو هێرش و روودانە بکەین. دەبێت گەلی کورد لە رۆژهەڵات، باشوور، باکوور و رۆژئاوا وهەروەها گەلی کورد لە ئەوروپا و هەموو دۆستانى گەلی کورد بەشێوەیەکى دیموکراتیک و مەدەنى دەنگیان بەرز بکەنەوە و دەنگیان بە گوێى هەموو دونیا بگەیەنن. گەلی کورد و ئازادیخوازان لە ناوچەکە و جیهان دەبیت ئەوەى لە توانایاندایە بۆ ئیدانەکردنى سیاسەتى لەسێدارەدان، تیرۆر و کوشتارى گەلی کورد ئەنجامى بدەن و بە هەموو هێزى خۆیانەوە لە بەرامبەر سیاستەکانى دوژمندا رابوەستن. لەبەر ئەوەیە، کە ئێمە پشتیوانى لە مانگرتنى سەرتاسەریى رۆژهەڵاتى کوردستان دەکەین.
ر.م