لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە، تورکیا لە رووی سەربازی، جاسوسی، ئابووری، پەروەردە و میدیاوە هەموو هەوڵی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان و بە بەردەوامیش هاووڵاتییانی مەدەنی و چالاکوانان دەکاتە ئامانج و شەهیدیان دەکات.
ئاماژە بەوەکراوە، دەوڵەتى تورک شەنگال و کامپی پەنابەرانی مەخمور و هاووڵاتییانى شیلادزێی بۆردومانکرد و تەنها لە شیلادزێ ٦ هاووڵاتیی شەهید کرد.
ئەوەش هاتووە "هەروەها بانگی گەلەکەمان، لە هێزە سیاسیەکان و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین، کە بە تێکڕا لە بەرامبەر ئەو تاوان و دەستدرێژیی و داگیرکاریەی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست وەرگرن و شەرمەزاری بکەن. لە هەمان کاتدا بانگ لە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی دەستەڵاتی باشوری کوردستان دەکەین ئەرکی مێژوویی خۆیان لەبەرامبەر فاشیزم و داگیرکاریی حکومەتی ئاکپارتی تورکیا بگەیێنە جێ و بێ دەنگ نەبن. ئەگەر نا گەلی کوردستان و مێژوو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیتان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها نابێ بە هیچ شێوەیەک دەزگاکانی ئەمنی و چەکداریی حکومەتی باشور رێگری لە ناڕەزاییەکانی خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان لە دژی ئەو تاوان و لەشکرکێشیەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵکو پێویستە هەماهەنگ و هاوکاریان بن".
دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە
ئەوەی داعش نەیتوانی لە باشوری کوردستان بیکات، دەوڵەتی تورکیا بەنیازە بە ئەنجامی بگەیێنێت
هەر لە زووەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ لەناوبردنی دەستکەوت و سەروەریەکانی خەڵکی کوردستان لە هەوڵداندایە. بە هەموو توانا و مێتۆدە دوژمنکاریەکانی، زەمینە و ئاسانکاری بۆ کۆنتڕۆلکردن و داگیرکردنی باشوری کوردستان ئەکات. سەرەتا بە هاتنە ناوەوەی سەربازی و دانانی مۆڵگە لەشکریەکان و داکوتانی دەزگا جاسووسی سیخوڕیەکانیەکانی دەستی پێکرد. دواتر دەستەمۆکردنی ژیانی ئابوری و دەستێوەردانی جومگەکانی پەروەردە و رۆشنبیریی، لە رێگای مێدیاکانی خۆی و سێبەرەکانیەوە. بە بیانووی لێدانی هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. بەو بیانووەوە بە سەدان خەڵکی سڤیل و چالاکوانانی کردۆتە ئامانچ و تیرۆری کردون، جا چ لە رێگای تیرۆری سیخوڕیی تەقلیدی بێت یان بە هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی. دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دوو رۆژە هەموومان بینیمان چۆن چەندبارە ناوچەی شەنگال و کامپی پەنابەرانی مەخموریان کردە ئامانج و خەڵکی مەدەنی ئەو دوو شوێنەیان بۆمباران کرد. چەندەها خەڵکیان شەهید و بریندارکرد.
رۆژی 19ی حوزەیران 2020، دیسانەوە بە فڕۆکە جەنگیەکانی کەوتە گیانی خەڵکی سڤیلی خۆڕاگری شێلادزێ و شەش لە رۆڵەکانی ئەو دەڤەرەی شەهیدکرد.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، وێڕای ئەوەی سەرخۆشی خۆمان بە بنەماڵەی ئەو شەهیدە سەربەرزانە رادەگەیێنین، تیرۆر و شۆڤینیی دەوڵەتی تورکیا مەحکوم و شەرمەزار دەکەین. هەروەها بانگی گەلەکەمان، لە هێزە سیاسیەکان و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین، کە بە تێکڕا لە بەرامبەر ئەو تاوان و دەستدرێژیی و داگیرکاریەی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست وەرگرن و شەرمەزاری بکەن. لە هەمان کاتدا بانگ لە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی دەستەڵاتی باشوری کوردستان دەکەین ئەرکی مێژوویی خۆیان لەبەرامبەر فاشیزم و داگیرکاریی حکومەتی ئاکپارتی تورکیا بگەیێنە جێ و بێ دەنگ نەبن. ئەگەر نا گەلی کوردستان و مێژوو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیتان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها نابێ بە هیچ شێوەیەک دەزگاکانی ئەمنی و چەکداریی حکومەتی باشور رێگری لە ناڕەزاییەکانی خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان لە دژی ئەو تاوان و لەشکرکێشیەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵکو پێویستە هەماهەنگ و هاوکاریان بن.
هیچ کاتێک لە مێژووی سەدساڵەی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا، وەک ئەمڕۆ دەوڵەتانی داگیرکەر لەناو قەیران و لاوازیدا نەبوون. هەر بۆیەشە ئەو رەفتارانەی کە لە بەرامبەر بە گەلەکەمان و دەستکەوتەکانمان دەیکەن، هێمای پەلەقاژەیی و دۆڕاندی دیپلۆماسی و ناوخۆییانە. سەنگیی مەحەکی سەرکەوتنی ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان بڕوابوونە بە هێزی لەبن نەهاتوو و فیداکاری خەڵکی کوردستان و هێزە نشتیمان پەروەرەکانی. یەکێتی و یەکسەنگەریی هێزی چەکدار و هێزی جەماوەر و هێزی دیپلۆماسی لە یەک سەنگەری بەرخۆدان و بەرەنگاری دوژمنکاران، زامنی گەیشتنی رۆژی سەرفرازی و ئازادی کوردستانە. چۆن رۆژانێک هەموومان بەیەکەوە، شان بەشان لە یەک سەنگەردا گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) مان لەناو برد، ئاواش هەموو هەوڵ و خەونەکانی بەرەبابی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییەی داعش کە دەوڵەتی ئاکپارتی تورکیایە پووچەڵ دەکەینەوە.
ژ.ت