ھاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان: شاندی ئاشتی لە ئەوروپا کاری گرنگیان بۆ گەلی کورد کردووە

زەینەب موراد ھاوسەرۆکی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) لە شوێنی مانەوەیان لە شاری سلێمانی سەردانی شاندی ئاشتی و ئازادی نێونەتەوەیی کرد و رایگەیاند، شاندی ئاشتی لە ئەوروپا کاری گرنگیان بۆ گەلی کورد کردووە و پشتیوانی دۆزی کوردن.

شاندی ئاشتی و ئازادی نێونەتەوەیی، کە ئەندامەکانی پێکدێت لە ١٤ وڵاتی ئەوروپی زیاتر لە ١٠ رۆژە لە باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر دیدار و کۆبوونەوەیان پێکھێناوە لەگەڵ گەل و رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە پێناو ئاشتی و ئازادی و بەرنگاربوونەوەی سوپای تورکیای داگیرکەر.

لە چوارچێوەی دیدار کۆبوونەوەکانیان ھاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) زینەب موراد لە شاری سلێمانی سەردانی شاندەکەی کرد و لەسەر ناوی کەنەکە سوپاسی ئەوەی شاندەی کرد، کە دۆساتەیەتی گەلی کورد دەکەن لە پێناو گەلی کورد ھاتون بۆ کوردستان و پشتگیری گەلی کورد دەکەن.

ھاوکات زینەب موراد وتی، سەرەتا ئەو شاندە لە ھەولێر کە رێگریان لێکرا ئێمە چوین سەردانمان کردن و پشتگیری خۆمان پێ راگەیاندن، بە داخین کە لە ھەولێر ئاستەنگی بۆ کار و خەباتیان کراوە، چونکە ئەو شاندە لە دەیان کە سایەتیی بەناوبانگی جیھانی پێکھاتوە، کە لە ئەوروپا کاری گرنگیان بۆ گەلی کورد کردووە و پشتگیری دۆزی کوردن.

ھاوسەرۆکی کەنەکە وتیشی، بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری ھەوڵەکانیان دەکەین، کە ئەرکێکی پێرۆزیان لە پێش خۆیان داناوە ئەویش پێشگرتنە لە شەڕی ناوخۆ و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریە.

ژ.ت