بەرخۆدان لە ناوچەکانی ئامەد: جۆلەمێرگ بۆ ئێمەیە!

لە ناوەندی ئامەد و ناوچەکانی سەدان کەس رژانە گۆڕەپانەکان و بە دروشمی جۆلەمێرگ بۆ ئێمەیە' دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلیان شەرمەزار کرد.

رێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی پەیاسی ئامەد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دانانی قەیوم رێپێوانێکی بە دروشمی 'جۆلەمێرگ بۆ ئێمەیە، شارەوانی بۆ ئێمەیە' و 'بژی بەرخودانی جۆلەمێرگ'، سازکرد.

سەرباری هەوڵەکانی پۆلیس بۆ رێگری بەڵام جەماوەرەکە بەردەوام بوون لە رێپێوان و سیاسەتی دانانی قەیومیان شەرمەزار کرد.

رەزان

لە ناوچەی رەزانیش بە هەمان شێوە بە بەشداری بەرپرسانی دەم پارتی و دەبەپە رێپێوان ئەنجامدرا و داواس کرا کە هەموو رۆژێک کاتژمێر ١٧:٠٠ لە بەردەم شارەوانیەکان لە دژی سیاسەتی زەوتکردنی ئیرادەی گەل چالاکی دانیشتن ئەنجام بدرێت.

سور

لە ناوچەی سوری ئامەدیش سەرەڕای هەوڵەکانی پۆلیس بۆ رێگری، رێپێوان لە دژی دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی ئیرادەی گەل لە جۆلەمێرگ بەڕێوەچوو. لە رێپێوانەکەدا بێ پسانەوە دروشمی 'بژی بەرخودانی گەل'، 'جۆلەمێرگ بۆ ئێمەیە'، 'گوشارەکان ناتوانن رێگریمان لێبکەن'، 'بە بەرخودان سەردەکەوین'یان دەوتەوە.

باژارێ نو

لەناوچەی باژارێ نو (یەنیشەهیر)ی ئامەدیش بە پێشەنگایەتی رێکخستنی دەم پارتی هەوڵ درا رێپێوانێک بەڕێوەبچێت بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا، هەربۆیە لە گردبوونەوەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ، ئیدانەی ئەو رێگرییەی پۆلیسیش کرا.

لە گردبوونەوەکەدا راگەیەندرا، وەک گەلی کورد و گەلانی تورکیا ئەقڵیەتی قەیوم شەرمەزار دەکەن و ئەوانەی ستەم لە گەل دەکەن رۆژێک دێت کە دادگایی دەکرێن.

بسمل

لەناوچەی بسملی ئامەدیش بە مەبەستی شەرمەزارکردنی دەستگیرکردنی محەمەد سدیق ئاکش هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ و دانانی قەیوم لە جێگەکەی چالاکی ئێشکگری بە بەشداری بەرپرسانی دەم پارتی و دەبەپە دەستیپێکرد و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا داوا لە هەموان کرا بەسداری لە چالاکیە جیاجیاکان بکەن بۆ سەرکۆنەکردنی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل لە جۆلەمێرگ.

هـ . ب