بەرخودانی ئێلیح لە چوارەم رۆژدا بەردەوامە

لە ئێلیح بەرخودان لە دژی کودەتای قەیوم لە چوارەم رۆژیدایە. لە چالاکییەکانی ئەمڕۆدا دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "سڵاو سڵاو لە ئیمراڵی هەزار سڵاو" وترانەوە.

بەرخودانی گەل کە دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی لە ئێلیح دەستیپێکرد، لە چوارەم رۆژیدایە. جەماوەری گەل لە بەردەم گۆک تاکسی لە شەقامی سەید بیلال کۆبوونەوە و تا شەقامی گوڵستان رێپێوانیان کرد. بە درێژایی مەودای رێپێوانەکە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە راوەشاندنی پەنجەی سەرکەوتن پشتیوانیان بۆ رێپێوانە دەربڕی.

هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیح یەشیل ئیشک کە لەکارلادراوە، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ کاروباری بەڕێوەبەرایەتیە خۆجێییەکان محەمەد روشتو تریاکی و پەرلەمانتار مەحمود تاناڵیش بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد.

چالاکوانان لە رێپێوانەکەدا جەختیان لە بەهێزکردنەوەی تێکۆشان بۆ خاوەنداری لە شارەوانییەکان کرد.

پەرلەمانتاری بازنەی مووشی دەم پارتی سومەییە بۆز لە خۆپیشاندانەکەدا وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، "دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هەرکە تەنگەتاو دەبێت هێرش دەکاتە سەر کورد، شارەوانییەکانی گەلی کورد. لە دژی گەلی کورد سیاسەتی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبەن، گۆشەگیری دەسەپێنن. بە دانانی قەیومیش نکۆڵی لە ئیرادەی گەلی کورد دەکەن. سیاسەتی قەیوم لە ئەسەنیورت، جۆلەمێرگ، ئێستاش لە ئێلیح، رحا و مێردین نیشان دەدات، لە بن ئەو ناوەدا تاڵان، دزی و ستەم رادەگەیەنێت، گەلی کوردیش بە تێکۆشانی خۆی دیموکراسی رادەگەیەنێت".

بەرخودانی گەل بەردەوامە.