هاوسەرۆکانی گشتی بانگەوازیان کرد بۆ تێکۆشانی نەپساوە

تولای حاتەم ئۆغۆللاری لەبەردەم شارەوانی مێردین گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ تێکۆشانی نەپساوە"، تونجەر باقرخانیش گوتی: "گۆشەگیری گەورەترین خراپەیە لە وڵاتدا".

بەرخۆدان دژی دەستبەسەراگرتن

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە بەردەم شارەوانی مێردین ئەنجامدا کە قەیومی بۆ دانراوە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند لە مێردینەوە تا ئێلح لە خەلفەتی و ئەسەنیورت کودەتای قەیوم تێکدەشکێنن.

ئۆغۆللاری جەختی کردەوە، لەڕێگەی قەیومەوە مافی هەڵبژاردنی گەل دەستی بەسەردا گیراوە، قەیوم کودەتایە دژی دیموکراسی و پێشێلکردنی دەستوور و مافی هەڵبژاردنە، دانپیانەنانە بە ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد.

حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد، قەیوم بۆ کرێخۆری و تاڵانکردن دانراوە، دووپاتی کردەوە شارەوانی لای دەم پارتی چوار دیوار نییە، بەڵکو شەقام و گەل و گەڕەکەکانە.

پاشان بانگەوازی لە ئۆپۆزیسیۆن و هێزە دیموکراسییەکان و ڕێکخراوەکانی کرێکاران کرد خاوەنداری لەم دۆزە ڕەوایە بکەن، جەختی کردەوە ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەنرێت قەیوم لە شارەوانییەکانی دیکەش دادەنێن، گوتی: "ڕۆژی خاوەندارییە لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ماف و یاسا و دادپەروەری. دژی کودەتای قەیوم تا کۆتایی تێدەکۆشین. بە ڕۆحی وان بەرخۆدان دەکەین، بانگەواز لە هەمووان دەکەین دەنگی خۆیان هەڵبڕن".

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند کودەتای سیاسی قبووڵ ناکەن، جەختی کردەوە هەموو پاساوەکان بۆ دانانی قەیوم هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی دزی و گەندەڵییەکانی هێزەکانی دەسەڵات.

جەختی کردەوە، لە سەرەتای کۆمارەوە هیچ هاوپەیمانێتییەکی وەها دوژمنکار بەرامبەر بە کورد نەبووە، گوتی: "لە هەولێرەوە تا باتمان و قامیشلۆ و مێردین و ئورمیە، لە هەموو جێیەک دوژمنایەتی کورد دەکەن". ئاماژەی بەوە کرد، ئاشتی و خوشک و برایەتی وەها نایەتەدی، ناتوانن بەم جۆرە کێشەکان چارەسەر بکەن.

هەروەها باقرخان ڕایگەیاند دەسەڵات لەلایەک دەڵێت "دەستی ئاشتی درێژ دەکەم" و بە دەستێکی تر حیساب بۆ کورد ناکات، ئیتر گەل چۆن باوەڕ دەکات، وا دیارە ئەو دەستەی درێژکراوە بۆ دانانی قەیوم بووە.

ئاماژەی بەوە کرد، بەم کارانە دەیانەوێت بڵێن با کورد دەنگ نەدەن و زمانی خۆیان بەکارنەهێنن، ئیتر کورد چی بکەن، گوتی: "ئەی بێ ویژدانینە، قەیوم لەسەر ئیرادەیان دادەنێن، زمانیان دەبەستن، ئیرادەیان دەخەنە زیندان. ئیتر کورد چی بکەن؟ دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە. لە باخچەلی و ئەردۆگان و هەموو پەرلەمان دەپرسم، کورد چی بکەن؟".

باقرخان گوتی: "پرسی کورد، گۆشەگیرکردنی ئۆجالانە لە ئیمراڵی و گۆشەگیرکردنی دەم پارتییە لە گۆڕەپانی سیاسییدا. ئەم گۆشەگیرییە گەورەترین خراپەیە لە وڵاتدا. دەست لەم زیهنیەتە هەڵبگرن".

داوای لە سیاسەتمەدارە کوردەکانی ناو ئاکەپە کرد دەست لەکار بکێشنەوە، گوتی: "هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی گشتی ئاکەپە گوتی، موخاتەبی ئێمە خوشک و برا کوردەکانمان. باس لە کام خوشک و برات دەکەی؟ ئەو کوردانەی قەیومیان بۆ دادەنێی خوشک و برای تۆ نین، کەس باوەڕ بەم قسانەت ناکات. دەزانی ئەوان چیان دەوێت؟ بەکۆیان دەوێت. بەڵام نازانن خەڵکی مێردین، خەڵکی دێرسیم مەم و زینن. ناتوانن لە خاکی کوردان بەکۆکان بئافرێنن".

باقرخان جەختی کردەوە دەسەڵات لە دانوستان هەڵدێت، دەم پارتی بۆ چارەسەر ئامادەیە، ئەوان بە دانانی قەیوم دەرفەتێکی مێژوویی لەدەست دەدەن، خراپە بەرامبەر ٨٥ ملیۆن هاولاتی دەکەن، گوتی: " من گوێبیستی باخچەلی بووم. ڕاستە هەڕەشە و قسەی ناخۆشی کرد. بەڵام قسەی گرنگیش دەکات. بەڕێز باخچەلی ئێمە دەستی ئێوەمان گرت، بەڵام هاوبەشەکەت بە دەستێکی تر تێکیدا. پرسەکە لە دەستی ئێمەدا نییە، لە دەستی هاوبەشەکەتە. مادام چارەسەرت دەوێت، سەرەتا باسی قەیوم بکە، گۆشەگیری هەڵبگرە، ڕێز لە یاسا بگرە و قەیوم بکشێنەوە. ئەوکاتەی هەوڵی گفتوگۆ و دانوستانمان دەدا، ئەوان تەڵەیان دانا. بە ئێمەیان گوت ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە. ئێمەش بە دەسەڵات دەڵێین ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە. ناتوانن بە زیهنیەتی قەیوم ئاشتی ناوخۆیی پێکبهێنن. لەبەرامبەر ئێوە سەر نەوی ناکەین".