هەپەگە ناسنامەی دوو گەریلای شەهیدی ئاشکرا کرد

هەپەگە رایگەیاند، دوو لە هەڤاڵانیان بە ناوەکانی زنار و نوودا لە گۆڕەپانی شەهید مزگینی بەدلیس لە شەڕی دژی سوپای داگیرکەری تورکدا شەهید بوون و جەختیشی کردەوە کە بۆ یادکردنەوەی شەهیدانمان، تێکۆشانی ئازادی بەرفراوان دەکەن.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە راگەیێنراوێکیدا ناسنامەی ٢ گەریلای ئاشکرا کرد کە لە بەدلیس شەهید بوون.

لە راگەیێنراوەکەی هەپەگەدا هاتووە:"

"لە لێدوانێکدا لە ١٤ی حوزەیراندا رامانگەیاندبوو، لە بەرواری ٢ی حوزەیراندا لە گۆڕەپانی شەهید مزگینی بەدلیس لە نێوان هێزەکانی ئێمە و سوپای داگیرکەری تورکدا شەڕ و پێکدادان روویداوە، لە بەرواری ٣ی حوزەیراندا هێزی داگیرکەران لە ناوچەکە دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی داگیرکەری کردبوو، ئۆپڕاسیۆنەکە تا ٧ی حوزەیران بەردەوام بوو. لە ئەنجامی شەڕ و رووبەرووبوونەوەی ئەو ئۆپڕاسیۆنەدا، دوو لە هەڤاڵانمان بە ناوەکانی زنار و نوودا کە بە قارەمانانە لە دژی داگیرکەران شەڕیان کرد، شەهید بوون.

زانیاریەکان لە بارەی ناسنامەی ئەو دوو هەڤاڵە شەهیدەمان بەم شێوەیەیە؛  

نازناو: زنار ئامانۆس

ناوی تەواو: لوقمان ئەربەک

شوێنی لەدایکبوون: ئەدەنە

ناوی دایک و باوک: سانیا- رەسول

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠/ بەدلیس

***

نازناو: نوودا بەستا

ناوی تەواو: جانان تان

شوێنی لەدایکبوون: وان

ناوی دایک و باوک: زەریفە - زەکی

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠/ بەدلیس

هاوڕێکانمان زنار و نوودا، هەر یەکێکیان لە شارێکی جیاوازی باکوری کوردستان لە ناو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزدا لەدایک بوون. ئەو دوو هاوڕێیەمان لە تەمەنی منداڵیەوە رووی راستەقینەی قڕکەری و داگیرکەریی دەوڵەتی فاشیستی تورکیان ناسی. هاوڕێکانمان زنار و نوودا وەکو هەر گەنجێکی کورد تا دوایین هەناسە، بڕوایان بە تێکۆشانی ئازادی گەلەکەمان هێنا و گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەم تێکۆشانە تەنها بە رێگای گەریلایەتیی ناو ریزەکانی پەکەکە دەکرێت و بەم شێوەیە بەشداریان لە ریزەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا کرد.

ئەو دوو هاوڕێیەمان لە سەخترین ساڵەکانی خەباتدا بەشداریان لە ریزەکانی گەریلادا کرد، تووڕەیی خۆیان لە دژی دوژمن بە توندترین شێواز بەڕێکخستن کرد و زانییان کە بە هەر گورزێک لە دوژمن بدەن، دەبن بە بەردێکی بناغە بۆ رێگای ئازادیی رێبەر ئاپۆ و کوردستانی وڵاتمان. هاوڕێکانمان زنار و نوودا بەم تێگەیشتنەوە بەشداریان لە ریزەکانی گەریلادا کرد و بوون بە مانیفستوی گەنجانی کورد بۆ تێکۆشانی دژی دەوڵەتی قڕکەر و فاشیستی تورک. هاوڕێکانمان زنار و نوودا ژیانی گەریلایەتیان لەسەر بنەمای بێ مەرج، پاکی و رەنجدەرانە بونیادنا و بوون بە جوانترین نمونەی رەسەنایەتی ملیتانی فیدایی رێبەری ئاپۆ.

هەر دوو هاوڕێمان زنار و نوودا بەم تایبەتمەندیە ئاپۆییانەیان، لە گۆڕەپانی شەهید مزگینی سەر بە هەرێمی گارزان لە کاتی شەڕ و پێکداداندا هەوڵیاندا هاوڕێ بریندارەکانیان لە ناوچەکە دوور بخەنەوە، شەهید بوون. بەم شێوەیە بە بەختکردنی گیانیان، دڵسۆزی خۆیان بۆ هاوڕێکانیان سەلماند.

ئەو هاوڕێیانەمان بە کەسایەتی و تێکۆشانیان، میراتێکی گەورەی تێکۆشانیان بۆ بەجێ هێشتین. بە تایبەت سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە هێژاکانیان و گشت گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین و بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە بە بەرفراوانکردنی تێکۆشان وڵامی بیرەوەریی هاوڕێکانمان بدەینەوە."

ز.ش