هەپەگە ناسنامەی گەریلایەکی شەهیدی ئاشکرا کرد

هەپەگە رایگەیاند، گەریلایەک بە ناوی باهۆز زاگرۆس (محەمەد سەفا ئاکمان) لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لە بۆردوماندا شەهید بووە.

راگەیەنراوی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەمبارەیەوە بەم شێوەیەیە:

"لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا لە ئەنجامی بۆردومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیادا هەڤاڵمان باهۆز شەهید بووە.

ناسنامەی هەڤاڵە شەهیدەکەمان بەم شێوەیەیە:

ناسناو: باهۆز زاگرۆس

ناو و پاشناو: محەمەد سەفا ئاکمان

شوێنی لەدایکبوون: شڕنەخ

ناوی دایک و باوک: حەلیمە و حسێن

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١ – هەرێمەکانی پاراستنی میدیا

هەڤاڵمان باهۆز لە ناوچەی هەزەخی شڕنەخ لەنێو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزی کۆچەردا لەدایکبووە. تێکۆشانی ئازادی لەسەر ئەو هێڵەی کە لە زێدی هەڤاڵمان هەبوو، کاریگەری لەسەر ئەو و خانەوادەکەی دروست کرد. لە خانەوادەی هەڤاڵ باهۆزدا شەهیدێکی زۆر هەیە و ئەوەش کاریگەری لەسەر هەڤاڵ باهۆز دروست کرد. لەبەرئەوەش باوەڕی بەوە هێنا کە پێویستە مرۆڤ شایەنی شەهیدان بێت. هەڤاڵ باهۆز کاتێک لە ژیانی کۆمیناڵدا بووە، پشتی بە ژیانی ئازادی و یەکسانی گەریلا دەبەستێت و بڕیار دەدات لەسەر هێڵی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بژی و لەسەر ئەم بناغەیە بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا کرد.

هەڤاڵ باهۆز بە تایبەتمەندی ڕەنجدەر و فیداکار ناسرا و جگە لە سەرکەوتن هیچ پێوانەیەکی دیکەی قبوڵ نەکرد. هەموو کاتێک لە ڕووی ئایدۆلۆژیەوە خۆی پەروەردە کرد و هەوڵیدا کە کەسایەتی شۆرشگێر لەسەر ئایدۆلۆژیای ئاپۆیی دروست بکات. کاتێک کە ڕەخنەی لێدەگیرا، بە هەڵویستێکی بوێری خۆی ڕەخنە دەکرد و لەگەڵ دۆخی سەخت و دژواردا تێکۆشانی خۆی بەردەوام کرد دەستی لە شۆڕشگێری بەرنەدا. لەسەر ئەم بناغەیە لە زاگرۆس و لە زۆر گۆڕەپانی تێکۆشان خەباتی کرد و تێکۆشانێکی بێوێنەی پیشاندا.

سەرەتا سەرەخۆشی لە خانەوادەی هێژای هەڤاڵمان باهۆز زاگرۆس و هەموو گەلی وڵاتپارێزی هەزەخ و کوردستان دەکەین و بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە گەلەکەمان دەگەیەنینە ئازادی و سەرفرازی."

ف.ق