لە ٦ شاری باکوری کوردستان کوشتنی دەنیز پۆیراز شەرمەزارکرا

بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی سەر هەدەپە لە ئیزمیر و کوشتنی دەنیز پۆیراز ئەندامی هەدەپە لە ٦ شاری باکوری کوردستان خۆپیشاندان ئەنجامدران.

ئامەد

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافپەروەران بۆ ئازادی لە پارکی کۆشییوڵ لەبارەی کوشتنی دەنیز پۆراز راگەیەنراوێکیان خوێندەوە. بەڕێوەبەرانی هەدەپە، دەبەپە، چالاکوانانی تەژەئا، نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەشداریان کرد و دروشمیان وتەوە و ناڕەزاییان دەربڕی. موحەرەم شاهین هاوسەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەکە قسەی کرد و رایگەیاند، بکوژەکە بە تەنها کەسێک نییە، دەسەڵات بەرپرسیاری کۆمەلکوژیەکەیە.

پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی ئامەد لەبەردەم باڵەخانەی ئەیتم سەنی ئامەد کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و هێرشەکەیان شەرمەزار کرد.

رێکخستنی هەدەپەی ناوچەی حەزرۆی ئامەدیش کوشتنی دەنیز پایرازی شەرمەزار کرد.

بەدلیس

بەڕێوەبەری هەدەپە لە ناوچەی تەتوانی بەدلیس لەسەر باڵەخانەی هەدەپە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و کوشتنی پۆیرازی شەرمەزار کرد. هاوسەرۆکی هەدەپە لە بەدلیس باسی ئەوەی کرد کە بەرپرسیاری هێرشەکە دەسەڵاتە و ئەم هێرشە ئەنجامی دوژمنایەتیکردنە لەگەڵ کورد.

موش

رێکخستنی هەدەپە لە موش لەبەردەم باڵەخانەکەی کۆبوە و هێرشەکەی شەرمەزار کرد. سیبەل گەنچ هاوسەرۆکی هەدەپەی موش رایگەیاند، رۆژ رۆژی یەکگرتنە بۆ هەدەپە و پێویستە ئیدی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوەکانی مەدەنی لە تەنیشت هەدەپە جێگەی خۆیان بگرن.

دیلۆک

رێکخستنی رەنج و پیشەیی دیلۆکیش کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا و هێرشەکەی شەرمەزار کرد و باسی ئەوەکرا کە لەدژی فاشیزم پێویستە هەموو کەسێک یەکبگرێت و پێویستە تورکیا بەرەو رۆژە تاریکەکانەوە نەڕوات.

روحا

رێکخستنی هەدەپە لە روحا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و هێرشەکەی شەرمەزار کرد. ئایشە سوروجو و عومەر ئۆجالان پەرلەمانتارانی هەدەپە و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی بەشداریان لە کۆنفڕانسی رۆژنامەنووسیدا کرد. پۆلیس هەوڵیدا رێگری بکات، بەڵام هاوڵاتیان ناڕەزاییان دەربڕی. ئایشە سوروجو باسی ئەوەی کرد، ئەمە هێرشێکی رێکخراوەییە و تاوەکو ئێستا نە سەرۆککۆمار و نە هیچ وەزیرێک قسەیان نەکردووە و بەم شێوەیە هەڵوێستی خۆیان پیشانداوە.

جۆلەمێرگ

لە جۆلەمێره بەڕێوەبەرانی کەسەک، ئیهادە، تەمەمەئۆبە و دیسک راگەیەنراویان بڵاوکردەوە و هێرشەکەیان شەرمەزار کرد.

ف.ق