عەلی مەحمود: شەڕی ناوخۆ دەبێتە هۆی لە ناوچوونی هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە هەر چوارپاچەدا
عەلی مەحمود مەحمود نووسەر و چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەڵێت: "ئەم شەڕە لە تەواوی شەڕە ناوخۆییەکانی دیکە قورستر دەبێت".
عەلی مەحمود مەحمود نووسەر و چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەڵێت: "ئەم شەڕە لە تەواوی شەڕە ناوخۆییەکانی دیکە قورستر دەبێت".
لەم ماوەیەدا رۆژ بە رۆژ لێدوانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بەرپرسەکانی توندتر دەبن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە دژی پەکەکە و دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ لێدەدەن.
دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەواڵگری و سەربازی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە و ڕازیبوونی پەدەکە لەهاوکاری کردنی تورکیا لە ئەنجامدانی شەڕ لەدژی پەکەکە، بەردەوام کەشوهەوایەکی جەنگی دژ بە پەکەکە باڵی بەسەر ڕاگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا کێشاوە، بەڵام ئەمجارە ئەم پێکدادانی سەربازیی پەدەکە و پەکەکە وەکو بەشێك لە ئۆپراسیۆنێکی ناڕاستەوخۆی هاوبەشی تورکیا و پارتی دەردەکەوێت دژی پەکەکە، لەبەرئەوەی هاوکات هێزە سەربازییەکانی تورکیاش هێرشی سەربازی خۆیان بۆ سەر پەکەکە لەناو هەرێمی کوردستان دەست پێکردووەتەوە.
لەئیستاشدا دەوڵەتی تورکیا دەیان بنکەی سەربازی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتیدا دروست کردەوە، بەبێ ئەوەی حسابێك بۆ حکومەتی عێراق بکات. بە رێکەوتن لەگەڵ پەدەکەدا ئەو بنکانەی دامەزراندوە و رۆژ بەرۆژ ژمارەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان روو لەزیادبوونە.
لە تەواوی شەڕە ناوخۆیەکانی دیکە قورستر دەبێت
سەبارەت بە مەترسی و لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ، عەلی مەحمود مەحمود نووسەر و چالاکوانی مەدەنی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "ئەگەر شەڕی ناوخۆ رووبدات ئەوە هەموو گەلی کورد زەرەمەند دەبێت، هەموو ئەو هەنگاوانەی گەلی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان گەیشتووە پی، هەمووی لەنێو دەچێت لە ئەگەری روودانی شەڕی ناوخۆ، شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە لە تەواوی شەڕە ناوخۆییەکانی دیکەی وەکو شەڕی یەکێتی و پارتی و شەڕەکانی دیکە، کە ڕوویانداوە قورستر دەبێت، هیوادارم هیچ کەسێک بەئاراستەی هەلگیرساندنی شەڕ قسە نەکات، چونکە ئاگری ئەم شەڕە هەموو کوردان دەسوتێنێ."
کارەساتە لەم کاتەدا رووبدات
سەبارەت بەروودانی شەڕی ناوخۆ لەم کاتەدا، ئەو نووسەر و چالاکوانە مەدەنیە ووتیشی: "هاتنە پێشەوەی ئەو شەڕە ناوخۆییە کارەساتە لەم کاتەدا رووبدات، چونکە هەردوو لایەن لایەنگرانیان هەیە لەهەر چوارپارچەی کوردستان بۆیە بارگرژی تەواوی کوردستان دەگرێتەوە."
لە ئاکامدا بەشێکی زۆری کوردستان داگیر دەکرێت
سەبارەت بە قسەکانی موراد قەرەیلان، کە دەڵێت ئێمە شەڕی کورد ناکەین تەنها شەڕی دوژمنانی کورد دەکەین، ئەو نووسەرە ووتی: " من بەتەواوەتی وەکو هەموو تاکێکی کورد پشتیوانی قسەکانی بەرێز قەرەیلان ئەکەم کە بە ئاڕاستەی هێورکردنەوەی دۆخەکەیە، خەڵکی کوردستانیش پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتی ولۆژیکی دەکەن، ئەگەر ئێمەی کورد وەکو دەڵێین، گەریلا و پێشمەرگەمان خۆش بوێت دەبێت دژی شەڕی ناوخۆبین، چونکە تەنها گەریلا و پێشمەرگە دەبنە قوربانی نەک بەرپرسەکان، پێویستە شەڕکردن ببێتە کۆتا ڕێگەی کە هەرگیز نەگیرێتەبەر، چونکە زیانی بۆ تەواوی گەلی کورد دەبێت و لەئاکامی ئەم شەڕدا بەشێکی زۆری کوردستان داگیر دەکرێت و دەکەوێتە ژێر دەستی دوژمنانی وەکو تورکیا."
بزوتنەوەی دژبە شەڕ پێویستە بەهێز بکرێت
لەکۆتایدا عەلی مەحمود نووسەر و چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە رۆڵی حزبە کوردستانیەکانی باشوری کوردستان لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، ووتی: "پێویستە هەموو حزبە کوردستانییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کەسایەتی، رۆشنبیر، مامۆستایانی ئایینی و هەر کەسێکی دیکە بەهەر جۆرێک پی دەکرێت دژ بەشەڕ بوەستێتەوە و بزووتنەوەی دژبە شەڕ پێویستە بەهێز بکرێت و بکرێتە هێزێکی کاریگەر لە کوردستاندا بۆ ئەوەی ڕێگە چارەسەرێک بەناوی شەڕ جارێکی دیکە نەیەتە پێشەوە."
ژ.ت