ته‌ڤگه‌ری كولتووری یادی ئارام تگران ده‌كاته‌وه‌

ته‌ڤگه‌ری كولتووری (ته‌ڤ-چاند)، یادی نۆهه‌مین ساڵیادی كۆچیی دوایی هونه‌رمه‌ندی ئه‌رمه‌نی ئارام تگران ده‌كاته‌وه‌.

ته‌ڤگه‌ری كولتووری (ته‌ڤ-چاند)، به‌بۆنه‌ی نۆهه‌مین ساڵیادی كۆچیی دوایی هونه‌رمه‌ند ئارام تگران ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ستنیشانی كرد كه‌ «جارێكی دیكه به‌ منه‌تداری و ڕێزدارییه‌وه‌‌ یادی هونه‌رمه‌ندی ئه‌رمه‌نی ئارام تگران ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ غه‌ریبیدا له‌دایكبوو و له‌ غه‌ریبیشدا ژیانی له‌ده‌ستدا و ته‌نانه‌ت ڕێگه‌یان نه‌دا له‌ ئامه‌د به‌خاك بسپێردرێت.»

ئارام تگران، له‌ ٥٣ ساڵی ته‌مه‌نی موزیكژه‌نیی و گۆرانیبێژیی خۆیدا نزیكه‌ی ٥٠٠ گۆرانی به‌رهه‌مهێنا. ئارام تگران له‌ كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نییه‌كان كه‌ له‌ ساڵی ١٩١٥ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر ئه‌نجامدرا، جگه‌ له‌ باوك و دایك هه‌موو خزمه‌كانی كوژران. خانه‌واده‌كه‌ی ناچار بووبوو كه‌ به‌ره‌و قامیشلۆ كۆچ بكات. تگران له‌ ساڵی ١٩٣٤ له‌ قامیشلۆ له‌دایك بوو و له‌ لایه‌ن خانه‌واده‌یه‌كی كورده‌وه‌ به‌خێو كراوه‌ و له‌سه‌ر وه‌سێتی باوكی، گۆرانی كوردی ده‌گوتن.

ته‌ڤگه‌ری كولتووری (ته‌ڤ-چاند) له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی كۆچی دوایی ئارام تگران سه‌رنجی خستووه‌ته‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی و هونه‌ری ناوبراو و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ «ئارام تگران هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی كوردی بوو».

له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی له‌ برۆكسل یادی ده‌كرێته‌وه‌

ته‌ڤگه‌ری كولتووری (ته‌ڤچاند) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ماڵئاوایی ئارام تگران زیانێكی گه‌وره‌ بووه‌ بۆ هونه‌ری كوردی، به‌ڵام به‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ به‌جێیهێشتووه‌ و به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی خۆی، بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووه‌ نموونه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌.

s.m