حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا ٢ ناوه‌ندی كولتووریی كوردانی داخست

دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا بڕیاری دا كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ری میر موزیك و وه‌شانخانه‌ی میزۆپۆتامیا دابخات، ئه‌مڕۆ پۆلیس ده‌رگه‌ی هه‌ردوو ناوه‌نده‌كه‌ی داخست.

پۆلیسی ئه‌ڵمانیا به‌یانیی ئه‌مڕۆ له‌ شاری نۆیس هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر بینای وه‌شانخانه‌ی میزۆپۆتامیا و كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ریی میر موزیك. له‌ كاتی ئه‌و هێرشه‌دا وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ڕایگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد كه‌ بڕیاری داخستنی ٢ ناوه‌ند دراوه‌. پۆلیس ده‌رگه‌ی میر موزیك و وه‌شانخانه‌ی میزۆپۆتامیای داخست و ده‌ستی به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كاندا گرت.

داخستنی ٢ ناوه‌ندی گرینگی كولتوور و هونه‌ری كوردان، به‌  فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا هۆرست زێهۆفه‌ر-ه‌ كه‌ هاوكات سیاسه‌تمه‌دارێكی ڕاستڕه‌و و كۆنه‌پارێزه‌. زێهۆڤه‌ر ڕایگه‌یاند، كار و خه‌باتی ئه‌و ٢ ناوه‌نده‌یان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، ٨ی مارسی ٢٠١٨ پۆلیسی ئه‌ڵمانیا هه‌ڵیكوتابوویه‌‌ سه‌ر وه‌شانخانه‌ی میزۆپۆتامیا و میر موڵتیمه‌دیا. ماوه‌ی ٣ ڕۆژ پۆلیس خه‌ریكی گه‌ڕان و پشكنینی ئه‌و ٢ ناوه‌نده‌ بوو. دواتر به‌ چه‌ندین ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ئه‌و په‌رتووك، ئه‌لبووم، ئه‌رشیف و كه‌لوپه‌لی تۆماركردن-انه‌یان گواسته‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتبوو. حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا ساڵی ٢٠٠٨ش كاری ڕۆژ تی ڤی قه‌ده‌غه‌ كرد.

وه‌زیری ناوخۆ ڕایگه‌یاند، داموده‌زگه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر په‌كه‌كه‌ به‌ سیسته‌ماتیكی هه‌نگاو ده‌نێن. هه‌روه‌ها گوتی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٣-ه‌وه‌ هێشتا له‌ ئه‌ڵمانیا چالاكه‌، ده‌بێ ڕێگری له‌ كاری ناوه‌نده‌ لایه‌نگیره‌كانی په‌كه‌كه‌ بكرێت.

سه‌رنجڕاكێشه‌، بڕیاری داخستن و قه‌ده‌غه‌كردنی خه‌باتی ئه‌و ٢ ناوه‌نده‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كتێبی كوردی و به‌رهه‌می هونه‌ری به‌رهه‌م دێنن، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سازكردنی كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن كه‌ بڕیاره‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌ستپێبكات و كاربه‌ده‌ستانی توركیاش بانگهێشت كراون.

s.m