ده‌رهێنه‌ری فیلمی كچانی خۆر: «ژن - ژیان - ئازادی» نیشانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجالانه‌

فیلمی كچانی خۆر كه‌ باس له‌ به‌رخۆدانی ژنانی كورد ده‌كات له‌ شاری جنێڤ نمایش كرا و پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ كرا. ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ گوتی: ویستوومه‌ تێكۆشینی ژنانی كورد به‌ جیهان ڕابگه‌یه‌نم.

فیلمی Les Filles du Soleil (كچانی خۆر) له‌ ٢٤هه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی جنێڤ نمایش كرا. فیلمه‌كه‌ باسی به‌رخۆدانی ژنانی كورد له‌ شه‌نگال و ڕۆژاڤا ده‌كات دژ به‌ چه‌ته‌كانی داعش. ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ ئێڤا هوسۆن-ی فه‌ڕه‌نسییه‌.

فێستیڤاڵه‌كه‌ ڕۆژی ٢ی تشرینی دووه‌م\١٢ی گه‌ڵاڕێزان ده‌ستی پێكرد و فیلمی كچانی خۆر له‌ سینه‌مای ئێمپیر نمایش كرا و له‌ لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ كرا. دوای ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌ كۆتایی هات، درووشمی «ژن - ژیان - ئازادی» به‌رز كرایه‌وه‌.

«ویستم به‌رخۆدان ڕابگه‌یه‌نم»

ده‌رهێنه‌ری فیلمی كچانی خۆر ئێڤا هوسۆن دوای نمایشكرانی فیلمه‌كه‌ بۆ بینه‌ران قسه‌ی كرد و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئاماده‌بوانی دایه‌وه‌. هوسۆن گوتی، ئه‌م فیلمه‌م بۆ ئه‌وه‌ دروست كرد تا به‌رخۆدانی ژنانی كورد به‌ جیهان ڕابگه‌یه‌نم. به‌شداریی ژنانی كورد بۆ تێكۆشین زۆر گرینگه‌.

«نیشانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ژنانی كورد و ئۆجالانه‌»

هوسۆن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، فیلمه‌كه‌ باسی دۆزی كورد ناكات، به‌ڵام باسی تێكۆشینی ژنانی كورد ده‌كات. گوتی: «درووشمی ژن، ژیان، ئازادی كه‌ بووه‌ته‌ نیشانه‌ی ژنانی كورد نه‌ك ته‌نیا سمبولی ژنانی كورده‌، به‌ڵكو نیشانه‌ی تێكۆشینی هاوبه‌ش و ئازادیی ژنانی جیهانیشه‌. درووشمه‌كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سمبولی فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجالان و یه‌په‌ژه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بونیاد بنێن.»

هوسۆن له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی دروستكردنی فیلمه‌كه‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕاستییه‌كانه‌.

s.m