دێری هه‌زار و ٥٠٠ ساڵه‌ی ناستوورییه‌كان به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت

دێری خه‌لیل-ی ناستوورییه‌كان كه‌ كه‌وتۆته‌ گه‌لیی زاپ و ته‌مه‌نی هه‌زار و ٥٠٠ ساڵه‌ به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت.

زۆرینه‌ی شوێنه‌واره‌مێژووییه‌كانی كوردستان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په‌ تێكده‌درێن. ئه‌وانه‌ی كه‌ ماویشنه‌ته‌وه‌، به‌هۆی خه‌مساردی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن. دێری خه‌لیل-ی ناستوورییه‌كان كه‌ كه‌وتۆته‌ گه‌لیی زاپ له‌ باكووری كوردستان و ته‌مه‌نی هه‌زار و ٥٠٠ ساڵه‌، به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت.

هه‌رێمی جۆله‌مێرگ له‌ ڕووی بیناسازیی مێژووییه‌وه‌ شوێنێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌. ئه‌و گه‌لانه‌ی هه‌زاران ساڵ له‌ جۆله‌مێرگ پێكه‌وه‌ ژیاون، زۆر به‌رهه‌میان له‌دوای خۆیان به‌جێهێشتووه‌. زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیش له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، وه‌ك سه‌ربازگه‌ به‌كارهێنراون و دواتریش هه‌ڵوه‌شێنراون. زۆر بینای مێژوویی هێشتا له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ داگیركراون. قه‌ڵای میر له‌ ناوه‌ندی شاری جۆله‌مێرگ و قه‌ڵای بای له‌ گوندی بای، له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ زۆر گرنگن و له‌ ڕووی گه‌شتیاریشه‌وه‌ بۆ هه‌رێمه‌كه‌ بایه‌خدارن، به‌ڵام له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ داگیركراون.

بینامێژووییه‌كان تاڵان ده‌كرێن

به‌شێكی زۆر له‌ بینامێژووییه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌دوای كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌ی شوێنه‌واره‌كاندا ده‌گه‌ڕێن، هه‌ڵوه‌شێندراون. ئه‌وانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ش، به‌ناوی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌مێژووییه‌كانیان تۆمار بكرێن خرا ده‌كرێن. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌زاران بینای مێژوویی هه‌رێمه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ تاڵان كراون. له‌گه‌ڵ تاڵاندا، شاره‌مێژووییه‌كانی هاوشێوه‌ی حه‌سكیف كه‌ ته‌مه‌نیان هه‌زاران ساڵه‌ به‌بیانووی به‌نداو ژێر ئاو ده‌خرێن. به‌م شێوازه‌ فه‌رهه‌نگی هه‌رێمه‌كه‌ قڕ ده‌كرێت.

بۆ گه‌شتیاری زۆر گرنگه‌

زۆر به‌رهه‌می مێژوویی كه‌ له‌ ئه‌رمه‌نی و ناستوورییه‌كان-ه‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌، به‌هۆی خه‌مساردی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن. یه‌كێك له‌وان بینای «دێری خه‌لیل»ی ناستوورییه‌كانه‌ كه‌ پێشتر له‌ جۆله‌مێرگ ژیاون. دێر\كه‌نیسه‌ی خه‌لیل كه‌ مێژووه‌كه‌ی هه‌زار و ٥٠٠ ساڵه‌، له‌ ناوچه‌ی خه‌لیل-ی گه‌لیی زاپ  هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ ٨ كم له‌ ناوه‌ندی شاری جۆله‌مێرگ دووره‌. دێره‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوه‌شان بووه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌رده‌م له‌ناوچوونه‌. دێری خه‌لیل كه‌ بۆ گه‌لی ناستووری زۆر گرنگه‌، پێشتر مه‌ڕاسیمی ئایینی تێدا به‌ڕێوه‌چووه‌. هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌ڵده‌وه‌شێت، به‌ڵام ساڵانه‌ زۆر كه‌سی بیانی و ناوچه‌كه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

بینا و به‌رهه‌مه‌مێژووییه‌كان خرا ده‌كرێن

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ناپارێزرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌دوای كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌ی شوێنه‌واره‌كانیشدا ده‌گه‌ڕێن، زیانیان به‌ دێره‌كه‌ گه‌یاندووه‌. بۆ ده‌رهێنانی به‌رهه‌مه‌مێژووییه‌كان و زێڕ هه‌موو به‌شه‌كانی دێر كۆڵێندراون. به‌تایبه‌تیش زیانێكی زۆر به‌ گۆڕه‌كانی ناستوورییه‌كان گه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ له‌ ده‌وری دێره‌كه‌ن. 

له‌ گه‌لیی زاپ كه‌ له‌ ڕووی به‌رهه‌می مێژوویی شوێنێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، جگه‌ له‌ دێری خه‌لیل، زۆر دێر و بینای دیكه‌ی مێژوویی هاوشێوه‌ هه‌ن و مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌. 

s.m