له‌ ئه‌ڵمانیا فێرگه‌كان كرانه‌وه‌، به‌ڵام مامۆستای كوردی نییه‌

له‌ ئه‌ڵمانیا كه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك كوردستانی ده‌ژین، ته‌نیا ٢ هه‌زار و ٢٠٠ منداڵ ده‌چنه‌ وانه‌ی كوردی. ژماره‌ی مامۆستایانیش ته‌نیا ٥٠ مامۆستایه‌. له‌ هه‌رێمێكی ئه‌ڵمانیا هه‌زار منداڵ ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌، به‌ڵام مامۆستای زمانی كوردی نییه‌.

له‌ ئه‌ڵمانیا زیاتر له‌ ملیۆنێك كورد ده‌ژی. به‌ڵام ته‌نیا ٢ هه‌زار و ٢٠٠ منداڵی ئه‌و كوردانه‌ ده‌چنه‌ وانه‌ی كوردی. ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی ئه‌م دۆخه‌ و چۆنیه‌تی گۆڕینی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وه‌، ڕۆژنامه‌ی یه‌نی ئۆزگور پۆلتیكا گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتیی مامۆستایانی كورد له‌ ئه‌ورووپا (YMK) كردووه‌.

ناوبراو ده‌ڵێت، نزیكه‌ی ٢ هه‌زار و ٢٠٠ منداڵ وانه‌كانی زمانی كوردی ده‌خوێنن، هه‌روه‌ها هه‌زار منداڵ ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی مامۆستا نییه‌، ناتوانن وانه‌ی زمان كوردی بخوێنن.

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:

به‌ڕێز ئولوماسكان پاش چه‌ند ڕۆژێكی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی ڕاین- وێستفالیای باكوور (NRW) پڕۆسه‌ی فێركاریی ساڵی نوێ ده‌ستپێده‌كات. هیواكانتان بۆ وانه‌ی زمانی كوردی چین؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشتر، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا تۆماركردنی ناوی منداڵان بۆ وانه‌كانی زمانی كوردی زیادی كردووه‌. به‌تایبه‌تی به‌هۆی هاتنی كوردانی ڕۆژاڤا ئه‌م ژماره‌یه‌ كه‌مێك زیادی كرد. ئێستا له‌ هه‌رێمی ڕاین-وێستفالیای باكوور نزیكه‌ی هه‌زار منداڵ ناویان تۆماركردووه‌. به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوون یان دانه‌مه‌زراندنی مامۆستا، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م منداڵانه‌ ناتوانن وانه‌كانی زمانی كوردی بخوێنن. له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ش كه‌ وانه‌كانی زمانی كوردی ده‌خوێندرێن، ژماره‌ی مامۆستاكان به‌شی فێرخوازه‌كان ناكات. هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر مامۆستایه‌ك وانه‌ به‌ ١٥٠-٢٠٠ منداڵ ده‌ڵێته‌وه‌ و ژماره‌ی كاتژمێری وانه‌كانیش كه‌مه‌.

بارودۆخی وانه‌ی زمانی كوردی له‌ ته‌واوی ئه‌ورووپا چۆنه‌؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: له‌ ئه‌ورووپا به‌ گشتی، سوێدی لێ ده‌رچێ، هه‌لومه‌رجی وانه‌كانی زمانی كوردی باش نییه‌. له‌ هه‌ندێك وه‌ڵاتی ئه‌ورووپا وانه‌كانی زمانی كوردی به‌ فه‌رمی هه‌ر نین. ته‌نیا له‌ سوێد نزیكه‌ی ٢٠٠ مامۆستا وانه‌ی زمانی كوردی به‌ نزیكه‌ی ١٥ هه‌زار منداڵ و لاوی كورد ده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ ئه‌ڵمانیا دۆخه‌كه‌ چۆنه‌؟ ئایا كورد زیاتر له‌ سوێد ده‌ژین؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: ئێستا له‌ ٣ هه‌رێمی ئه‌ڵمانیا (ڕاین-وێستفالیای باكوور، نیده‌رزاكسن و برێمه‌ن) له‌ نزیكه‌ی ٥٠ فێرگه‌ وانه‌ی زمانی كوردی به‌ فه‌رمی له‌ لایه‌ن ٢٥ مامۆستای كوردی ده‌گوترێته‌وه‌. له‌ ته‌واوی ئه‌ڵمانیا نزیكه‌ی ٢ هه‌زار و ٢٠٠ فێرخواز به‌شدار ده‌بن له‌ وانه‌كانی زمانی كوردی. له‌ ئه‌ڵمانیا زیاتر له‌ ملیۆنێك كورد ده‌ژین و ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ ده‌چنه‌ وانه‌ی زمانی دایكیی كوردی ٢ هه‌زار و ٢٠٠ منداڵه‌ و ژماره‌ی مامۆستایانیش ٢٥ مامۆستایه‌. له‌ سوێد ٨٠ هه‌زار كورد ده‌ژین و ١٢ هه‌زار منداڵ و لاو ده‌چنه‌ وانه‌كانی زمانی كوردی. به‌ گوێره‌ی ئه‌مه‌ ئێوه‌ به‌راوردكاری بكه‌ن.

زیانی خه‌مساردی له‌ به‌رانبه‌ر زمانی كوردی له‌ ئه‌ورووپا بۆ ئاینده‌ی منداڵانی كورد چییه‌؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: كاتێك سوێد به‌ نموونه‌ وه‌رگرین كه‌ له‌ ٨٠ هه‌زار كورد، ١٢ هه‌زار منداڵ و لاو به‌شداری له‌ وانه‌كانی زمانی كوردی ده‌كه‌ن، پێویسته‌ له‌ ئه‌ڵمانیا كه‌ له‌ ملیۆنێك زیاتر كورد ده‌ژین، ٣٠٠ هه‌زار منداڵ و لاو ئه‌مڕۆ چووبانه‌ وانه‌كانی زمانی كوردی. به‌ڵام به‌ هه‌موو ئه‌ڵمانیا ته‌نیا ٢ هه‌زار و ٢٠٠ منداڵ به‌شدار ده‌بن. جا ئێوه‌ به‌راوردكاری بكه‌ن. به‌ گوێره‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ پاش ١٠ ساڵی دیكه‌، زیاتر له‌ ٣٠٠ هه‌زار منداڵی كورد ده‌بنه‌ ئه‌ڵمان. هه‌تا ئێستا، ئه‌وه‌نده‌ و زیاتریش بوونه‌ته‌ ئه‌ڵمان. ئایا له‌ داهاتوودا كاتێك ئه‌و لاوانه‌ به‌ دوای پرسیاری «من كێم؟»دا بگه‌ڕێن، كێ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و كێ باجی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌یان پێده‌دات؟ ئه‌مه‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌! به‌رپرسیاری ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌ش؛ خێزان، ڕێكخراو و خودی سیاسه‌تی خۆمانه‌.

له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ لایه‌كه‌وه‌ مامۆستا دانامه‌زرێنن، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ منداڵ نایه‌ن، له‌ لایه‌كیشه‌وه‌ كاتژمێری وانه‌كان كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌، هۆكار چییه‌؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: به‌ڵێ، له‌ ئه‌ڵمانیا مافی وانه‌ی زمانی دایكیی كوردی به‌ قانوون هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م وانه‌یه‌ نه‌خوێندرێت زۆر به‌ربه‌ست دروست ده‌كه‌ن. هه‌تا له‌ده‌ستیان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مافه‌ به‌كارنه‌هێنرێت به‌ربه‌ست ده‌خه‌نه‌ پێش مامۆستایان و ڕێكخراوی خانه‌واده‌كان. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌م بواره‌دا زۆر كه‌موكوڕیی ئێمه‌ش هه‌ن. ئێمه‌ وه‌ك خێزان، ڕێكخراو و ڕێكخستن، خاوه‌نداره‌تی له‌م مافه‌ ناكه‌ین. ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ڵمانیایه‌.

جه‌نابت باسی نه‌بوونی مامۆستات كرد. چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ چییه‌؟ یه‌كێتیی مامۆستایان چۆن لێی ده‌ڕوانێت؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕیی مامۆستایانی زمانی كوردی، وه‌ك یه‌كێتیی مامۆستایانی كورد له‌ ئه‌ورووپا هه‌ندێك هه‌وڵدان و خه‌باتمان هه‌ن. ئه‌وه‌ بوو به‌ ٣ ساڵ كه‌ وه‌ك یه‌كێتیی مامۆستایان پڕۆژه‌یه‌كمان بۆ په‌روه‌رده‌كردنی مامۆستایانی زمانی كوردی ئاماده‌ كردووه‌ و پێشكه‌شی زانكۆی ئێسن-مان كردووه‌. زانكۆ پڕۆژه‌كه‌ی پێ باش بوو و په‌سه‌ندی كرد، به‌ڵام بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندی و پشتگیری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ری هه‌رێمه‌كه‌ بوو. سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌كان تا ئێستا وه‌زاره‌ت هیچ وه‌ڵامێكی نه‌داوینه‌ته‌وه‌. به‌ڵام بۆ په‌روه‌رده‌ی مامۆستایانی زمانی توركی له‌ هه‌مان شار به‌شێكی زانكۆ كراوه‌ته‌وه‌.

ئێستا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ فه‌ڕه‌نسا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین. چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كمان دروست كردووه‌ و له‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی زانكۆین. هیوادارین له‌وێ بتوانین كێشه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی مامۆستایانی كوردی چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

گرفته‌كه‌ چییه‌؟ به‌ربه‌ست ته‌نیا ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیایه‌؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: جگه‌ له‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆمان داده‌نێت، زۆر به‌ربه‌ستی خۆشمان هه‌ن. به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ئێمه‌ وه‌ك كورد پێداگر و به‌بڕیار نین له‌سه‌ر داوای مافی زمانی كوردی. ئێمه‌ وه‌ك ڕێكخراوی مامۆستایانی كورد كۆمه‌ڵه‌یه‌كین كه‌ ٦٠-٧٠ ئه‌نداممان هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌ندامێك مانگانه‌ ٥ یان هه‌ره‌ زێده‌ ١٠ یۆرۆ ئابوونه‌ ده‌دات. به‌م ده‌رفه‌ته‌ ئابوورییه‌، ئایا ئێمه‌ ده‌توانین چی بكه‌ین؟ ئێمه‌ به‌ ٥-١٠ یۆرۆ ناتوانین له‌ زانكۆ به‌شێكی مامۆستایانی كوردی بكه‌ینه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێكخراو و ڕێكخستنه‌كانی كورد بیانه‌وێت نه‌ك ته‌نیا به‌شێك، ده‌توانن به‌ ده‌رفه‌تی خۆیان زانكۆیه‌كیش دامه‌زرێنن. له‌ ئه‌ورووپا كۆمه‌ڵه‌یه‌ك به‌ ته‌نیا ناتوانێت باری په‌روه‌رده‌ی زمانی كوردی هه‌ڵگرێت. ئه‌مه‌ كاری وه‌زاره‌ته‌كانه‌ و ئێمه‌ش وه‌زاره‌تمان نییه‌. به‌ڵام به‌ڕاستی كاتێك ئێمه‌ بمانه‌وێ، ده‌توانین به‌شێكی زمانی كوردی دروست بكه‌ین. هه‌موو ساڵێك زۆر كه‌مپین ڕاده‌گه‌یه‌نرێن، كاتێك ڕێكخستنه‌كانی كورد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كه‌مپین دروست بكه‌ن، ده‌توانن ئه‌م كاره‌ به‌ ئاسانی بكه‌ن. به‌ڵام گرووپێك به‌ ته‌نیا ناتوانێت ئه‌م كاره‌ بكات.

بۆ وانه‌ی كوردی منداڵانیش كه‌م دێن ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن، وایه‌؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: بۆ تۆماركردنی ناوی منداڵانیش هه‌مان كێشه‌مان هه‌ن. ئێمه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ سیاسه‌تی خۆشمان ڕاده‌گه‌یه‌نین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ ئه‌نجامێك نییه‌. هه‌موو ساڵێك سیاسه‌تمه‌دارانی ئێمه‌ پێمان ده‌ڵێن: «ئه‌مساڵ ده‌ست به‌ كه‌مپینێك بۆ زمانی كوردی ده‌كه‌ین و هه‌زاران منداڵ تۆمار ده‌كه‌ین.» ساڵ ده‌ڕوات و ده‌ كه‌مپین ده‌كرێن، به‌ڵام كه‌مپینی زمانی كوردی قه‌ت ناكرێت!

كاتێك ئێمه‌ خۆمان كاری خۆمان به‌باشی نه‌كه‌ین، ناتوانین گله‌یی له‌ ده‌وڵه‌تی خه‌ڵكی بكه‌ین. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی مامۆستایان به‌ ده‌رفه‌ته‌ كه‌مه‌كانی خۆمان هه‌تا ئێستا نزیكه‌ی ٢٥ كتێبی وانه‌كانی زمانی كوردیمان ئاماده‌ و چاپ كردووه‌، به‌ڵام هه‌تا ئه‌مڕۆ هیچ ڕێكخراوێكی كورد بۆ یه‌ك كتێبی وانه‌ی زمانی كوردی هیچ هاریكارییه‌كیان نه‌كردووه‌.

ئێوه‌ ده‌ڵێن هه‌موو ڕێكخراوه‌كان، سیاسه‌ت، ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا خه‌مساردن له‌ به‌رانبه‌ر زمانی كوردی، ئه‌ی خێزانه‌كانی كورد؟

مامۆستا عه‌بدولقادر ئولوماسكان: خه‌مساردیی خێزه‌كان و نه‌ناردنی منداڵه‌كانیان بۆ خوێندنی زمانی كوردی، خۆی له‌خۆیدا ده‌ردێكی دیكه‌یه‌. بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م خه‌مساردییه‌ی خێزانه‌كان خه‌باته‌كانیشمان وه‌ك پێویست نین. ده‌توانین بڵێین هیچ خه‌باتێك نییه‌.

به‌داخه‌وه‌ بارودۆخی زمانی ئێمه‌ به‌گشتی خراپه‌. به‌ به‌رچاوی ئێمه‌وه‌ ساڵ به‌ ساڵ منداڵ و لاوانی ئێمه‌ ون ده‌بن. زمان پایه‌ و گیانی نه‌ته‌وه‌ییه‌. كاتێك مرۆڤ زمانی خۆی ون كرد، گیان و هه‌سته‌كانی مرۆڤیشی له‌گه‌ڵ ون ده‌بن. جه‌سته‌یه‌كی كورد و گیانێكی بیانی قه‌ت یه‌كناگرێته‌وه‌. گیان و زمان هی كێ بێت، جه‌سته‌ش ده‌بێته‌ هی ئه‌وان. كه‌واته‌ ئه‌مه‌ چاره‌نووس نییه‌، زۆر جار مرۆڤ خۆی چاره‌نووسی خۆی ده‌نووسێت.

s.m