فێستیڤاڵی پەلكەزێڕینه‌ی شیعر له‌ كۆیه‌ ساز كرا

ڕێكخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان لە شاری كۆیەی باشووری كوردستان بەبۆنەی شه‌شه‌مین ساڵیادی دامەزراندنییه‌وه‌, فێستیڤاڵێكی ئەدەبی بۆ گه‌نجان رێكخست. مه‌به‌ست له‌و فێستیڤاڵه‌، خزمەتكردنی زیاتری شاعیران و گەنجانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانیان ده‌رخه‌ن.

فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ هۆڵی چالاكییەكانی زانكۆی كۆیە بەئامادەبوونی شاعیرانی به‌هره‌مه‌ند، خوێندكاران و ماموستایانی زانكۆی كۆیە، شاعیره‌ بەھرەمەندەكانی شار و شارۆچكەكانی باشووری كوردستان، بە خوێندنه‌وه‌ی شیعر ده‌ستی پێكرد.

ڕازاو ئه‌حمه‌د یەكێك لە بەشداربوانی فێستیڤاڵه‌كه‌ گوتی: «ئەو جۆرە فێستیڤاڵانه‌ زۆر گرینگن بۆ خزمەتكردنی ئەدەبیات و بەرەوپێشچوون، ھیوادارم بەردەوام بن. ئه‌م چالاكییانه‌ دەبنە ھاندەر بۆ لاوانی بەھرەدار. منیش لە فیستیڤاڵی پەلکەزێڕینەدا به‌ شیعری «بۆ ھەڵەبجە و سەردەشتەکەم» به‌شداریم کرد. له‌ خۆشەویستی وه‌ڵاته‌كه‌م و بۆ تۆمارکردنی مێژووی ڕەشی دوژمنانی نەتەوەکەم تا لە ئه‌رشیفی فێستیڤاڵدا بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێته‌وه‌، ئه‌م به‌رهه‌مه‌م پێشكه‌ش كرد. پێویسته‌ كرده‌وه‌كانی دوژمنان به‌رانبه‌ر بە نەتەوەکەمان له‌بیر نه‌كرێن.»

دواتر لە لایەن لیژنەی رێكخستنی فێستیڤاڵه‌كه‌، شاعیرەكان خەڵاتی رێزلێنانیان پێ بەخشرا. ھەریەك له‌ شاعیران باخان نامۆ دانیشتووی شاری سلێمانی و بابا هێمن دانیشتووی سنووری ئیداره‌ی راپه‌رین پله‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ست هێنا. هه‌روه‌ها خەڵات بەسەر دووەم و سێیەمیشدا دابەش كرا.

٣١ گه‌نجی شاعیر بەشداری فێستیڤاڵه‌كه‌یان كردبوو، بڕیاره‌ لە داھاتوودا بەرھەمەكانیان لە كتێبێكدا چاپ بكرێن. هونه‌رمه‌ندی لاو ئاشتی عه‌زیز چه‌ندین گۆرانییه‌كی پێشكه‌ش كرد و كۆتایی به‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ هات.

s.m