له‌ ئامه‌د كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و پێشخستنی زمانی كوردی دامه‌زرا

له‌ شاری ئامه‌دی باكووری كوردستان كۆمه‌ڵێك مامۆستا كۆبوونه‌وه‌ و «كۆمه‌ڵه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و پێشخستنی زمانی كوردیی میزۆپۆتامیا - مه‌د ده‌ر»یان دامه‌زراند.

ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماكی، مینه‌ كاراكاش هاوسه‌رۆكی مه‌د ده‌ر له‌ لێدوانێكدا بۆ ANF رایگه‌یاند: زمانی كوردی له‌ باكووری كوردستان و توركیا قه‌ده‌غه‌یه‌ و به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی تواندنه‌وه‌ و په‌راوێزخستن ده‌كرێته‌وه‌. 

كاراكاش وتی: له‌ هه‌رێمه‌كه‌ داواكاری زۆر هه‌یه‌ بۆ خوێندنی زمانی كوردی، خه‌ڵك ده‌یه‌وێ زمانی زكماگی خۆیان پێشبخه‌ن. ئێمه‌ وه‌ك مامۆستایانی كوردی به‌م به‌رپرسیاره‌تییه‌ هه‌ڵساین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌پێویستمان زانی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌م بۆشاییه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌.

كاراكاش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان كردۆته‌وه‌ ده‌ستیان به‌ خه‌باتی په‌روه‌رده‌ی زمان كردووه‌ و له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌په‌له‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كۆرس و خولی فێربوونی زمان بۆ ئاسته‌كانی سه‌ره‌تایی، یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م، چواره‌م و ئاستی مامۆستایه‌تی.

هاوسه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی مه‌د ده‌ر ده‌ستنیشانی كرد، گه‌ل پێشوازی له‌م هه‌نگاوه‌ ده‌كات و ژماره‌یه‌كی زۆری فێرخواز به‌شداری له‌ كۆرس و خوله‌كان ده‌كه‌ن. ناوبراو داوای له‌ گه‌لی ئامه‌د كرد شان به‌ شانی مامۆستایان خاوه‌نداری له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بكه‌ن. كاراكاش وتی: باری هه‌ره‌ قورس له‌سه‌ر شانی ژنانه‌ و پێویسته‌ هه‌موو ماڵێك ببێته‌ پۆل و فێرگه‌یه‌ك.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ نووسه‌ر عیرفان بابائۆغلوو له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات - ANFی وتی: ئه‌گه‌ر گه‌ل هه‌بێت، زمانیش هه‌یه‌. پێویسته‌ هێزی زمان به‌ ڕێكوپێكی و به‌رده‌وامی بژی. 

«سیاسه‌تی حكوومه‌ت و سیاسه‌تی زمان كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌. دان به‌ بوونی گه‌لان دانانێت، دان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی گه‌لاندا نانێت. له‌ دژی ئه‌م زیهنیه‌ته‌ ئه‌لته‌رناتیڤی گه‌لی كورد ده‌بێت. ساڵی ڕابردوو ڕێكخراوه‌كانی زمان و كولتوور داخران. له‌ هه‌ر شوێنێك ناوێكی كوردی و زاراوه‌یه‌كی كوردی هه‌بووبێ، هه‌موویان داخراون. ٢ مانگ به‌ر له‌ ئێستا چه‌ند مامۆستایه‌كمان كۆبوونه‌وه‌ و ویستیان مه‌د ده‌ر دامه‌زرێنن.»

بابائۆغلوو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ژێر چه‌تری مه‌د ده‌ر-دا، كاروباری كتێب و وه‌رگێڕان ده‌كرێت و كۆرس و خولی مامۆستایه‌تی-ش ده‌كرێنه‌وه‌. وتیشی بۆ فێرگه‌كان فه‌رهه‌نگ (قامووس)ی كوردی ئاماده‌ ده‌كرێت و له‌ مانگی داهاتوو چاپ ده‌كرێت.

ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد له‌ مانگی گوڵاندا كۆنگره‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و پێشخستنی زمانی كوردیی میزۆپۆتامیا - مه‌د ده‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 

S.M