عه‌گیدێ جمۆ «میری باڵه‌بان» له ئه‌ریڤان به‌خاك سپێردرا
به مه‌ڕاسیمێك ته‌رمی هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد عه‌گیدێ جمۆ كه به «میری باڵه‌بان» ناسراوه، له شاری ئه‌ریڤانی ئه‌رمه‌نستان به‌خاك سپێردرا.
به مه‌ڕاسیمێك ته‌رمی هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد عه‌گیدێ جمۆ كه به «میری باڵه‌بان» ناسراوه، له شاری ئه‌ریڤانی ئه‌رمه‌نستان به‌خاك سپێردرا.
میری باڵه‌بان عه‌گیدێ جمۆ ڕۆژی ٣٠ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩\٩ی ڕێبه‌ندان له شاری ئه‌ریڤان-ی ئه‌رمه‌نستان كۆچی دوایی كرد. ته‌رمی جمۆ ئه‌مڕۆ به مه‌ڕاسیمێك له لایه‌ن كوردستانییانی ئه‌رمه‌نستان له گۆڕستانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له گوندی قامیشان-ی سه‌ر به ناوچه‌ی ئۆكتۆبه‌ریان به‌خاك سپێردرا.
یه‌كێتیی كوردستانییانی ئه‌رمه‌نستان، كۆمیته‌ی كوردستان، هونه‌رمه‌ند چیا شه‌نسه‌س-ی باكووری كوردستان، نوێنه‌ری ناوه‌ندی چاندی مێزۆپۆتامیا ڤه‌یسی ئالتای، شێركۆ كانیوار به نوێنه‌رایه‌تیی ناوه‌ندی موزیكی ما، یه‌ملیخان ئادگوزه‌ل به‌ڕێوه‌به‌رێكی كۆم موزیك، چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تیی باشووری كوردستان و هه‌نده‌ران له مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا به‌شدار بوون.
«ده‌یان ساڵ خاوه‌نداره‌تی له كولتووری كورد كرد»
له سه‌ره‌تای مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا، سلۆ دربۆیان به ناوی یه‌كێتیی كوردی ئه‌رمه‌نستان و كۆمیته‌ی كوردستان گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و گوتی: «سه‌ده‌ی بیسته‌م سه‌ده‌ی كوشتنی كوردان بوو. زمان و كولتووری كورد قه‌ده‌غه‌كرابوو. مام عه‌گید له بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردی ئێزدی بوو كه ناچار بووبوو كۆچ بكات بۆ ئه‌رمه‌نستان. چه‌ندین ساڵ له ڕادیۆی ئه‌رمه‌نستان خاوه‌نداره‌تی له كولتووری كورد كرد. به هونه‌ر و كه‌سایه‌تیی وه‌ڵاتپارێزی خۆی مرۆڤێكی نموونه بوو. به هونه‌ره‌كه‌ی له دژی هه‌موو جۆره‌كانی زه‌خت و تووندوتیژی، خاوه‌نداره‌تی له كولتووری كورد كرد. هه‌وڵی دا داستانی قاره‌مانه‌تی به باڵه‌بانه‌كه‌ی بداته بیستن.» دربۆیان كه هاوكات ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ری شه‌نگاله، سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی عه‌گیدێ جمۆ، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی، گه‌لی كورد و هه‌وادارانی جمۆ كرد و داوای لێ كردن خاوه‌نداره‌تی له هونه‌ره‌كه‌ی بكه‌ن.
«خاوه‌نداره‌تی له باڵه‌بانه‌كه‌ی ده‌كه‌ین»
هاوكات شێركۆ كانیوه‌ر نوێنه‌ری ناوه‌ندی موزیكی ما له ئامه‌د، گوتی: «نه‌وه‌یه‌كی كوردستان به ده‌نگی مام عه‌گید گه‌وره بوو. ئێمه به‌ڵێنی پێده‌ده‌ین كه منداڵانی كوردستان به ده‌نگی باڵه‌بانه‌كه‌ی گه‌وره بكه‌ین. خاوه‌نداره‌تی له ده‌نگی باڵه‌بانه‌كه‌ی ده‌كه‌ین. ئه‌و نه‌مره، له دڵی منداڵانی كوردستاندا هه‌میشه ده‌ژی. له هه‌ر چوار لای كوردستان مام عه‌گید به ده‌نگی باڵه‌بانه‌كه‌ی ده‌ژی. ماڵئاوا مام عه‌گید.»
«له ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه له وه‌ڵاتی خۆی بوو»
نوێنه‌ری ناوه‌ندی چاندی میزۆپۆتامیا چیا شه‌نسه‌س له میانه‌ی پێشكه‌ش كردنی گوته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه هه‌رچه‌نده مامۆستا عه‌گیدێ جمۆ دوور بوو له وه‌ڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام له ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه هه‌میشه عه‌شقی وه‌ڵاتی له‌گه‌ڵ بوو. ئه‌مه له كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌یدا ڕه‌نگی دابوویه‌وه. گوتیشی: «ئازاره‌كه‌مان سه‌خته، به‌ڵام مامۆستا عه‌گیدێ جمۆ نامرێ. چونكه به هونه‌ر، به ده‌نگی باڵه‌بانه‌كه‌ی، به عه‌شقی خۆی، به دڵسۆزی بۆ كوردستان پێگه‌یه‌كی گرینگی هه‌یه.» شه‌نسه‌س سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌ی میری باڵه‌بان و گه‌لی كورد كرد، دواتر گۆرانی «ده‌لال های ده‌لال»ی چڕی.
دوای پێشكه‌ش كردنی گوته‌ی هونه‌رمه‌ندان و نوێنه‌رانی ڕێكخراو و ناوه‌نده كولتوورییه‌كان، ته‌رمی میری باڵه‌بان عه‌گیدێ جمۆ به‌خاك سپێردرا.
s.m