هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ سكه‌نده‌ناڤیا خۆیان ڕێكده‌خه‌ن

هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ ستۆكهۆڵم كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ساز كرد و بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌ڵاتانی سكه‌نده‌ناڤیا ڕێكخراوێك دروست بكه‌ن، ده‌ستیان به‌ هه‌وڵدانه‌كانیان كرد.

هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ سوێد، نۆروێژ، دانمارك و فینله‌ندا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاریاندا كۆمیته‌یه‌ك دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكخراوێكی فه‌رمیی هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ وه‌ڵاتانی سكه‌نده‌ناڤیا دامه‌زرێنن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ئارمانج به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فوراتی ڕاگه‌یاند، له‌ وه‌ڵاتانی سكه‌نده‌ناڤیا ژماره‌یه‌كی زۆر هونه‌رمه‌ندی كورد هه‌ن، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانیان وه‌ك پێویست نییه‌، ده‌مانه‌وێت به‌ دروستكردنی ڕێكخراوێك په‌یوه‌ندی و یه‌كگرتوویی پته‌و بكه‌ین.

ئارمانج باسی له‌ ئاسته‌نگه‌كانی هونه‌ر به‌بێ ڕێكخستن كرد و وتی؛ هه‌ندێك هاوڕێمان له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان ده‌كه‌ن، زه‌حمه‌تییه‌كی زۆر ده‌كێشن. ئه‌گه‌ر ڕێكخراوێكی فه‌رهه‌نگیی سه‌ربه‌خۆ دروست بكرێت، ده‌توانێ هاریكاریی هونه‌رمه‌ندان بكات و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان بدات.

 

ش. م