٣٢هەمین فێستیڤاڵی کوردان لە هانۆڤەر بە رێپێوان و شایى دەستیپێکرد

٣٢هەمین فێستیڤاڵی هونەری و رۆشنبیریى کوردان لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا بە جۆش و خرۆشێکى زۆر و بە ئەنجامدانی رێپێوان و شایى و هەڵپەڕکێ دەستیپێکرد. ئەو فێستیڤاڵە درێژماوەترین فێستیڤاڵی کوردستانیانە لە ئەوروپا.

سەدان ئەندامی تیپەکانی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ لە کاتژمێر ١٠ی ئەم بەیانییەدا لەبەردەم وێستگەی ناوەندیی شەمەندەفەر لە هانۆڤەر کۆ بوونەوە و شارەکەیان بە رەنگی کوردی رازاندەوە.

تیپەکانی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ لە چەندین شاری ئەڵمانیا، فەڕەنسا و سویسراوە چوونەتە هانۆڤەر و بە دەم دەهۆڵ و زوڕناوە  ئاهەنگ و شاییان گێڕا.

دواتر رێپێوانی فێستیڤاڵەکە دەستیپێکرد. لە رێپێوانەکەدا بوکێک بەسەر ئەسپێکی رازاوە بە رەنگی سەوز و سوور و زەرد لە پێش هەموویانەوە دەڕۆیشت و لەپشت ئەویشەوە جەماوەر بەپێ دەڕۆیشتن.

ئاهەنگگێڕەکان بە چەپڵە و تیلیلییەوە گەیشتنە ناوەندی رۆشنبیریى پاڤلۆن تاوەکو لەوێ پێشبڕکێی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ و شاییەکان بەڕێوەدەچێت.

سەرەتا بولەند توران بەناوی کۆمیتەی ئامادەکار و خەزاڵ ئەرتاش هاووتەبێژانی بزووتنەوەى رۆشنبیری و هونەری (تەڤ – چاند / TEV-ÇAND)  وتەیان پێشکەشکرد.

هاووتەبێژەکان رایانگەیاند، فێستیڤاڵەکە لە کەلتوری کوردستاندا بایەخێکی گەورەی هەیە و وتیان: "ئەوانەی خاوەنداری لەو کەلتورە دەکەن گەنجەکانمانن".

لە ناوەندی رۆشنبیریی دیموکراتیکی کورد لە هانۆڤەر ئایفەر ئامارا و جوان چەولک وتەیان پێشکەشکرد و باسیان لە خۆشحاڵیی خۆیان کرد بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەشداران خواست.

ئەمڕۆش تیروپشک بۆ ئەو تیپانە دەکرێت، کە چالاکی و کاری هونەری پێشکەش دەکەن. ئەو تیپانەش بریتین لە تیپی هەڵپەڕکێی منداڵان، تیپی جانگۆری و تیپی مام زەکی-ین، کە دەچنەر سەر تەختە و هونەرەکانیان پێشکەش دەکەن.

لە فێستیڤاڵەکەدا ٢٦ تیپ بەشدارن و هەر یەکەیان پێشبڕکێ بۆ یەکەمینی هونەرەکەى دەکات و بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەن بە باشترین شێوە هونەرەکەیان پێشکەش بکەن.

ر.م