پیرشالیار، ئەمساڵ پڕ ڕهنگتر لە ساڵان
بۆنەی «پیرشالیار» لە ناوچەی هەورامانی تەخت، هەر وەک بۆنەیەکی هەزاران ساڵە، پیرۆز دەکرێت
بۆنەی «پیرشالیار» لە ناوچەی هەورامانی تەخت، هەر وەک بۆنەیەکی هەزاران ساڵە، پیرۆز دەکرێت
بەفر و سەرمای زستان، هیچ کاتێک نەیتوانیوە ڕێگر بێت لە بەڕێوەچوونی بۆنەی پیرشالیار لە لایەن گەلی هەورامانەوە. جەژنی پیرشالیار، یەکێک لە بۆنە هەرە کۆنەکانی کوردانە و مێژووەکەی بۆ زۆر پێش لە هاتنی ئایینی ئیسلام دەگەڕێتەوە کە لەو بۆنەیەدا، بەشداربوان بە دەف لێدان و چڕینی ئاوازی عیرفانی و جۆرێک نواندنی تایبەت بەو بۆنەیە، هەموو ساڵێک ئەو بۆنەیە پیرۆز ڕادەگرن.
بۆنهی پیرشالیار، هەموو ساڵێک دوو جار لە بەهار و زستاندا بەڕێوە دەچێت. گەلی ناوچەکە وەک زەماوەندی پیرشالیار-یش ناوی دەبەن. شوێنکەوتوانی ئەو ڕێبازە، لەو بۆنەیەدا سەڕەڕای بەڕێوەبردنی مەراسیمی تایبەت و پاڕانەوە، خواردنیش دروست دەکەن و لەو خواردنانە وەک متفەڕک کەڵک وەردەگرن.
پیرشالیار، بۆنەیەکی تایبەت بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە. بۆ منداڵان، ژنان، لاوان و هتد...، مزگێنی بەخشی کۆتایی هاتنی یەکەمین تەوژمی سەرمای زستانه، بۆیە هەموو کەس بە کەیفخۆشییەوە بەشداری لەو بۆنەیەدا دەکات. منداڵان، ڕۆژێک بەر لەهاتنی بۆنەکە (ئێوارەی یەکەمین سێشەممەی دە ڕۆژەی یەکەمی ڕێبەندان)، مزگێنی هاتنەوەی کولتوورێکی هەزاران ساڵە دەدەن و جێژنانە وەردەگرن. ژنانی دەڤەرەکەش هەم دیاری وەردەگرن و هەمیش بە درووستکردنی جۆرێک نان کە گەلی ناوچەکە به «گتەمژه» نێوی دەبەن، پێشوازی لەو ڕۆژە دەکەن.
لە باوەڕی ژنانی ئاواییدا، پیرشالیار لەو ڕۆژەدا لە کردەوە و گوتار و تەنانەت دروستكردنی نان-یشدا خۆی وەدیار دەخات، هەر بۆیە لەو بۆنەیەدا میهرەبانی و خۆشڕەفتاری باڵ بەسەر هەموو شتێكدا دەکێشێت.
لە هەورامان بە زەماوەندی پیرشالیار دەڵێن «توربە»، کە لە ڕۆژی هەینی هەفتەی داهاتوودا بەڕێوە دەچێت. هەڵبەت کەسانێکیش هەن کە ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی بەفرماڵین لەسەر مەزاری پیرشالیار ناوزەد دەکەن و «گتەمژه»ش بەسەر بەشداربواندا بڵاو دەکرێتەوە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو بۆنەیەدا، لە زۆربەی ماڵەکانی هەورامانی تهخت، گتەمژه درووست دەکرێت. گتەمژه، جۆرێک نانی خۆماڵییە کە بۆ درووستکردنی لە ئاردی گەنم، کاکڵی گوێز و ههندێك گیای بۆنخۆشی ناوچەی هەورامان، کەڵک وەردەگیرێت و لە ڕۆژی هەینیدا دەبرێتە سەر مەزاری پیرشالیار. دواتر نانی هەموو ماڵەکانی ئاوایی کۆ دەکرێتەوە و لەڕۆژی زەماوەند دا بەسەر میوانان و خەڵکی ناوچەکەدا بڵاو دەکرێتەوە.
لاوان و پیاوانیش، بە هاوکاری کردن لەدروستکردنی نانەکان و بەشداری کردن لە زکر کردندا، بەشداری کارایان لەو بۆنەیەدا هەیە. ئەو مەراسیمە عیرفانییە لە ئێوارەی پێنجشهممه بە بەشداری خەڵکی ئاوایی و میوانانی شار و گوندەکانی دیکە بەڕێوە دەچێت.
ئەو بۆنەیە، بنچینەیەکی زەردەشتی هەیە کە لە دوای هێرشی موسوڵمانان بۆ ناوچەکە، کۆمەڵێک ڕەوشتی ئیسلامیشی وەرگرتووە و هەر ئەوەش بۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنەکانی شەڕی تایبەتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، لەدژی گەلی کورد بەکاری بێنن.
کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٤٠ساڵەی دەستهەڵاتی داگیرکەرانەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ههوڵی بهلاڕێدابردنی ئەو بۆنە مێژووییەی کوردانی داوە و خوازیار بووە وەکو بۆنەیەکی ئیسلامی پێناسەی بکات، بەڵام سەرەڕای ههوڵ و تێکۆشانێکی زۆر لە ڕێگری کردن و بەلاڕێدابردنی بۆنەکان بە مەبەستی لەناوبردنی کولتووری گەلی کوردستان، کۆماری ئیسلامی هیچ دەسکەوتێکی لە شکست زیاتر نەچنیوەتەوە.
بۆنهی پیرشالیار، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ش. م