له‌ ڤیه‌ننا پێشانگه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مه‌كانی شێوه‌كار و ڕۆژنامه‌وان زه‌هرا دۆغان كرایه‌وه‌

تابلۆكانی شێوه‌كار و ڕۆژنامه‌وان زه‌هرا دۆغان كه ئێستا له‌ زیندانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا دایه‌، له‌ ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا له‌ پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌تدا پیشاندران.

له‌ شاری ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاری بۆ تابلۆكانی شێوه‌كار و ڕۆژنامه‌وان زه‌هرا دۆغان كرایه‌وه‌. به‌رهه‌مه‌كان گوزارشت له‌ دڕندایه‌تییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ باكووری كوردستان ده‌كه‌ن.

له‌ كه‌مال كووركووت (ئه‌و گه‌نجه‌ی له‌ نه‌ورۆزی ئامه‌د به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ كوژرا) بگره‌ تا ده‌گاته‌ گوندنشینانی نسێبین كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌ربازانی ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دران، له‌ به‌رهه‌مه‌كانی دۆغان ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه‌. 

پێشانگه‌كه‌ له‌ ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژناندا له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی پشتگیریی داواكاریی مافی په‌نابه‌ریی سیاسی «Asyl in Not» له‌ فه‌رهه‌نگخانه‌ی ڤیه‌ننا كرایه‌وه‌ و بڕیاره‌ تا ١٦ی مارس به‌رده‌وام بێت.

ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی پێشانگه‌كه‌ ده‌كه‌ن، كارت بۆ هونه‌رمه‌ند و ڕۆژنامه‌وانی زیندانیكراو زه‌هرا دۆغان ده‌نێرن.

له‌ مه‌ڕاسیمی كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی فه‌رهه‌نگخانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رنجی ئاماده‌بوان ڕاكێشرایه‌ سه‌ر دڕندایه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر له‌ گوند، شارۆچكه‌ و شاره‌كانی باكووری كوردستان. هه‌روه‌ها فیلمی «٧ ڕۆژ و ٧ شه‌و» پیشاندرا كه‌ باس له‌ «دایكه‌ تایبه‌ت» ده‌كات، ئه‌و دایكه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن سوپای توركیا له‌ ناوچه‌ی سلۆپیی شرناخ كوژرا و ماوه‌ی ٧ ڕۆژ ته‌رمه‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام مایه‌وه‌.

بڕیاره‌ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی زه‌هرا دۆغان، له‌ ساڵی ٢٠١٩ له‌ پێشانگه‌یه‌كی گه‌وره‌دا نمایش بكرێن و داهاته‌كه‌شی بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی نسێبین ده‌نێردرێت كه‌ ماڵ و موڵكیان له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ تێكدراوه‌.

s.m