گه‌ریلایه‌كی هونه‌رمه‌ند: پێویسته‌ هونه‌رمه‌ند به‌ئه‌خلاق بێت و ببێته‌ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌

گه‌ریلای یه‌ژاستار هێڤی ئامه‌د كه‌ به‌ سترانه‌كه‌ی به‌ ناوی «ئاوی ئیمڕاڵی -  Imrali Sulari» ده‌ناسرێته‌وه‌، نموونه‌یه‌كه‌ له‌ ئاوێته‌یی گه‌ریلا و هونه‌ر.

گه‌ریلای یه‌كینه‌كانی ژنی ئازاد (یه‌ژا ستار) هێڤی ئامه‌د ساڵی ١٩٩٨ هاتووه‌ته‌ نێو ڕیزه‌كانی په‌كه‌كه‌. ئامه‌د كه‌ به‌ سترانی «ئاوی ئیمڕاڵی -  Imrali Sulari» ده‌ناسرێته‌وه‌، نموونه‌یه‌كه‌ له‌ ئاوێته‌یی گه‌ریلا و هونه‌ر. هێڤی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوا و باسی چیرۆكی خۆی كرد.

ئه‌ڤین ئامه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، چیا گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ نووسین. گوتی، «بۆ من نووسینی گۆرانی په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رچاوه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له چیا بن و له‌نێو رێكخستنێكی وه‌ك په‌كه‌كه‌دابن، ئه‌و كاته‌ سه‌رچاوه‌كانتان بێسنوور ده‌بن. جریوه‌ی چۆله‌كه‌، خوڕه‌ی چه‌م، ڕێكردنی گه‌ریلا، ڕووبه‌خه‌نده‌یی هاوڕێیان و زۆر شتی دیكه‌ بۆ مرۆڤ سه‌رچاوه‌ن. من گۆرانیی [حه‌فتانین]م له‌سه‌ر به‌ردێك له‌ ماوه‌ی ٥-١٠ خوله‌كدا نووسی. گۆرانی [ئاوی ئیمڕاڵی]م به‌ڕێگه‌وه‌ نووسی كاتێك ده‌چووم ئه‌ركێك جێبه‌جێ بكه‌م.»

ئه‌ڤین ئامه‌د گوتیشی، گرینگترین شت ڕۆح و هه‌ستی هونه‌رمه‌نده‌. ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ئه‌مه‌ نه‌بێت، ئه‌و هونه‌ره‌ی پێشكه‌شیشی ده‌كات زوو له‌بیرده‌چێته‌وه‌.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌ریلایه‌ سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر گرنگی هاوئاهه‌نگی كه‌سایه‌تیی هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگه‌ و گوتی، «به‌ بۆچوونی من پێویسته‌ هونه‌رمه‌ند زۆر به‌ئه‌خلاق بێت و ببێته‌ نموونه‌ و پێشه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌.»

ئه‌ڤین ئامه‌د ده‌شڵێت، ئه‌و سوود له‌ دڵسۆزی بۆ شه‌هیدان و ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان وه‌رده‌گرێت. «خۆی له‌خۆیدا گه‌ریلا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ئاسایی ناتوانێت دانیشێت و گۆرانییه‌ك بنووسێت. به‌ڵام له‌نێو گه‌ریلادا هه‌ستی زۆر پته‌وی هاوڕێیه‌تی هه‌یه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی هه‌ڵقوڵانی هه‌ستی زۆر جوانی مرۆڤه‌كان. له‌ دڵی گه‌ریلادا خۆشه‌ویستی ڕێبه‌رایه‌تی، هاوڕێیانی شه‌هید، گه‌ل، هه‌ڤاڵ، چیا و كوردستان هه‌یه‌. نازانم به‌مه‌ ده‌گوترێت هونه‌ر یان ئه‌فسانه‌ی په‌كه‌كه‌.»

s.m