ئێواره‌ی ٣١ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٠ چالاكییهک بۆ یادی «سێ ژنی ئازاد» له به‌رلین ساز كرا. هونه‌رمه‌ندی ناسراوی كوردی خوراسان یه‌ڵدا عه‌باسی به‌شداری تێدا كرد و چه‌ند به‌رهه‌مێكی پێشكه‌ش كرد. له میانه‌ی ئه‌و شه‌وه‌دا گفتوگۆیه‌كی كورتمان له‌گه‌ڵ ساز كرد و وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی داینه‌وه. یه‌ڵدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات هه‌لومه‌رجی هونه‌ر و زمانی كوردی به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ جاران له‌نێو كوردانی خوراسان گه‌شه‌ی كردووه. ده‌شڵێت، دووتاری خوراسان كه ئه‌م ماوه‌یه له‌لایه‌ن یوونسكۆ تۆمار كرا، پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه لای كوردانی خوراسان.
یه‌ڵدا خان ئێمه به‌باشی تۆ ده‌ناسین، ئاگادارین له چالاكییه فهرههنگییهكانتان. به‌ڵام پێمان خۆشه له زاری خۆته‌وه زیاتر بتناسین. با له‌و پرسیاره ده‌ستپێبكه‌ین؛ یه‌ڵدا عه‌باسی كێیه؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: من (یه‌ڵدا عه‌باسی) ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاوی له شاری شیروان-ی خوراسان هاتوومه‌ته دنیا. له ناوچه‌ی قووچان گه‌وره بووم. له ته‌مه‌نی ٤-٥ ساڵیدا ده‌ستم به چڕینی ستران كردووه. یه‌كه‌مین مامۆستا‌م دایكم بوو. دواتر له ته‌مه‌نی ١٠ ساڵیدا ده‌ستم به فێربوونی ئامێری دووتار كرد. له قووچان كه ناوه‌ندی مه‌قام و موزیكی فۆلكلۆری كوردیی كورمانجی بوو له خوراسان، به‌باشی فێری دووتار بووم. چوومه لای مامۆستا گه‌وره‌كانی بواری ئامێری دووتار و ئه‌وان فێریان كردم. تا خوێندنی دیپلۆم له قوچان ژیام، دواتر بۆ خوێندنی زانكۆ چوومه مه‌شهه‌د و له به‌شی كۆمپیوته‌ر خوێندم. ئێستاش ماوه‌ی ٤ ساڵه له شاری میلانی ئیتاڵیا له كۆنسهرڤاتواری موزیک ده‌خوێنم.
باسی دووتارت كرد. پێگه‌ی دووتار لای كوردانی خوراسان له چ ئاستێكدایه؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: دووتار سازێكی زۆر به‌هاداره له خوراسان. سازێكه كوردان زۆر به‌كاری دێنن و گرنگی پێ ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها كه‌مانچه‌ی كوردیش خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. زۆر مامۆستای گه‌وره له خوراسان هه‌ن كه كار له‌سه‌ر كه‌مانچه و دووتاری كوردی ده‌كه‌ن.
له‌م دواییانه‌شدا یوونسكۆ دووتاری كوردانی خوراسانی خسته لیستی كه‌له‌پووری جیهانی.
یه‌ڵدا عه‌باسی: به‌ڵێ، پێم وابێت ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ بوو كه دووتار له چێوه‌ی هونه‌ری بهخشیگهریدا له‌لایه‌ن یوونسكۆ تۆمار كرا. به‌خشی ئه‌و كه‌سه‌یه كه بتوانێت هه‌م ساز لێ بدات هه‌م ستران و مه‌قام بچڕێت. له‌و ساڵه‌دا هونه‌ری بهخشیگهری تۆمار كرا كه دووتاریش ڕۆڵی تێدا هه‌یه. ئه‌مساڵیش جارێكی دیكه دووتاری خوراسان به‌ناوی دووتاری ئێرانی له‌لایه‌ن یوونسكۆ تۆمار كرا.
جگه له خوراسان، دووتار له كوێی دیكه به‌كارده‌هێنرێت؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: ئامێری دووتار له خوراسان، قووچان، شیروان، ده‌رگه‌ز، ئاشخانه و بوژنوورد به‌كارده‌هێنرێت. له هه‌موو خوراسانی باكوور دووتار لێ ده‌درێت؛ دووتاری ڤهڤا، ستایلی هاكا، دووتاری باكووری خوراسان. دووتاری خوراسان هه‌مان ئه‌و دووتارهیه كه من به‌كاری دێنم. له باشووری خوراسانیش جۆرێكی دووتار هه‌یه كه پێی ده‌ڵێن، دووتاری جنووب (دووتاری باشوور) كه كه‌مێك گه‌وره‌تره و په‌رده‌ی كه‌متره. هه‌روه‌ها چه‌ند جۆرێكی دیكه‌ی دووتاریش هه‌یه كه له باشووری خوراسان به‌كارده‌هێنرێن بۆ نموونه له تۆربه‌تی ههیدهریان و تۆربه‌تی جام.
جگه له كورد گه‌لانی دیكه‌ش دووتار به‌كارده‌هێنن؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: ئه‌رێ، چونكه قووچان و خۆراسان ته‌نها كوردی لێ ناژین. فارس و توركیش له‌وێ ده‌ژین. ئه‌وانیش به‌كاری دێنن. ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه دووتار هه‌واداری زۆری هه‌یه له ئێران. له تارانی پایته‌ختیش زۆر منداڵ و گه‌نج هه‌ن كه كورد نین به‌ڵام حه‌زیان له دووتاره و خۆیان فێر ده‌كه‌ن. ناشزانن دووتار له‌كوێ هاتووه، به‌ڵام پێشوازی لێ ده‌كه‌ن.
به‌ڵام مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت له بنه‌ڕه‌تدا دووتار ئامێرێكی كوردیی خوراسانه؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: من ناتوانم بڵێم دووتار ته‌نها هی كوردانه. چونكه زۆر گومبه‌د له باكووری ئێران هه‌ن كه توركمه‌نی لێ ده‌ژین، ئه‌وانیش دووتاری خۆیان هه‌یه. من ده‌ڵێم، سه‌رچاوه‌ی دووتار خوراسانه. هه‌روه‌ها ئه‌فغانستانیش دووتاری خۆی هه‌یه. ئه‌مساڵ كه دووتاری خوراسان وه‌ک دووتاری ئێرانی له یوونسكۆ تۆمار كرا، ئه‌فغانستان ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی و گوتی ئێمه‌ش دووتاری خۆمان هه‌یه. ڕاستیش ده‌كه‌ن. بۆیه من ناتوانم بڵێم، دووتار ته‌نها هی كوردانه.
له هه‌موو چالاكی و كۆنسێرته‌كاندا له‌گه‌ڵ دایكت پێكه‌وه ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌م هاوكارییه چۆن ده‌ستی پێكرد؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: ڕاسته. ئه‌مشه‌ویش بڕیاربوو گرووپه‌كه‌م (گرووپی نازار) كه هه‌موویان كچن له‌گه‌ڵ دایكم به‌شداری بكه‌ن. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی باش نه‌بوو، ساز نه‌بوو. من و دایكم هه‌میشه له‌سه‌ر سه‌كۆی فێستیڤاڵ و كۆنسێرته‌كان پێكه‌وه ده‌رده‌كه‌وین. له‌گه‌ڵ من ستران ده‌بێژێت. دایكم مامۆستای منه.
هاتووچۆی ئێران ده‌كه‌ن؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: به‌ڵێ. ڕاسته ئێستا له ئیتاڵیا خوێندكارم، به‌ڵام سه‌ردانی ئێران ده‌كه‌م. ئێستا سه‌رقاڵی وانه‌كان و فێستیڤاڵ و كۆنسێرتهكانمم. له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بێ له نه‌ورۆز و به‌هاردا جارێكی دیكه سه‌ردانی ئێران بكه‌م.
به‌گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆت، ئێستا بارودۆخی زمان و هونه‌ری كوردی له‌نێو كوردانی خوراسان چۆنه؟ ئێستا باشتره یان جاران؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: ئێستا زۆر باشتره. جاران له خێزانه‌كاندا به‌فارسی قسه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان ده‌كرا. بۆ نموونه، ئه‌و كاته‌ی من منداڵ بووم دایک و باوكم به فارسی دهیاندوانم، بۆیه قسه‌كردنم به‌كوردی باش نییه. به‌ڵام سترانی كوردی زۆر باش ده‌چڕم، چونكه به‌باشی له‌به‌ریان ده‌كه‌م و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له خوراسان زۆر گرنگی به كورمانجی ده‌درێت. گرنگی به جلوبه‌رگ و مه‌ڕاسیمه‌كانی كورمانجی ده‌درێت. زۆر ئاهه‌نگ و چالاكیی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی به‌كوردی ساز ده‌كرێن.
سازمانی فه‌رهه‌نگی هه‌ن له خوراسان كه كار له‌سه‌ر زمان و فه‌رهه‌نگی كوردی بكه‌ن؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: ئه‌رێ، زۆر سازمان هه‌ن. شه‌وی شیعری ساز ده‌كرێت و شیعر ده‌خوێننه‌وه. زۆر كه‌س و سازمان هه‌ن كه چالاكن له بواری زمان و هونه‌ری كوردی له خوراسان.
پڕۆژه‌ی داهاتووت چییه؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: ئێستا هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌ده‌م خوێندنه‌كه‌م له ئیتاڵیا ته‌واو بكه‌م كه ئه‌مساڵ دواهه‌مین ساڵمه. هه‌روه‌ها له شاره‌كانی ئه‌ورووپا كۆنسێرت ساز ده‌كه‌م. كۆنسێرتی زۆرم هه‌ن كه هه‌م كورد هه‌م فارس به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌وانه‌یه له داهاتوودا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ک بكه‌م له‌سه‌ر موزیكی كوردی - موزیكی مه‌قامیی خوراسان و ئه‌م موزیكه‌ی كه ئێستا له كۆنسهرڤاتواری ئیتاڵیا به‌ناوی موزیكی بارۆک ده‌یخوێنم.
بیر له‌وه ده‌كه‌یه‌وه دوای ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ت ئه‌م ستایله‌ی ئێستا بگۆڕی یان به هه‌مان ستایل به‌رده‌وام ده‌بیت؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: نا، ده‌مه‌وێت هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ستایل بمێنمه‌وه. موزیكی كوردی و موزیكی مه‌قامی خوراسان له‌نێو كورداندا به‌های زۆری هه‌یه. ده‌مه‌وێت سوود له ئه‌زموونی خوێندنه‌كه‌م وه‌رگرم و له‌سه‌ر موزیكی خۆم كار بكه‌م.
پلانت هه‌یه پڕۆژه‌یه‌ك ئاماده بكه‌ی بۆ هاوكاری ئه‌و كوردانه‌ی له خوراسان له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ی تۆ كاری هونه‌ری ده‌كه‌ن؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: ئه‌رێ، بێگومان سه‌د له سه‌د.
زۆر جار ده‌گوترێت كاری هونه‌ری له ئێران بۆ ژنان دژوارتره. ئه‌و گرفتانه‌ی دێنه پێش هونه‌رمه‌ندێكی ژن چین؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: ڕاسته. له ئێران ژنان بۆیان نییه ستران بچڕن. ده‌توانن ئامێرێكی موزیكی بژه‌نن، به‌ڵام به‌ته‌نها بۆیان نییه بچنه سه‌ر سه‌كۆ. كاتێك بۆ ژه‌نینی ئامێریش بچنه سه‌ر سه‌كۆ ده‌بێت پیاویان له‌گه‌ڵ بێت. به‌ڵام ئێستا له ئه‌ورووپا ئازادانه چالاكییه‌كانی خۆم ده‌كه‌م. ستران ده‌چڕم و ساز لێ ده‌ده‌م. من بڕوام وایه له داهاتوودا بتوانم له ئێرانیش ئازادانه بچمه سه‌ر سه‌كۆ. نازانم كه‌ی، به‌ڵام هیوادارم ئه‌و ڕۆژه بێت كه له ئێرانیش بتوام ستران بچڕم. چونكه هه‌واداری زۆرم له‌نێو گه‌لانی ئێران هه‌یه. له ئێران كورد، تورک، فارس، عه‌ره‌ب و به‌لووچ هه‌موو پێكه‌وه ده‌ژین. هه‌واداره‌كانم كه له هه‌موو گه‌لانن، پێیان خۆشه ڕۆژێک له ئێرانیش سترانیان بۆ بچڕم.
یه‌ڵدا عه‌باسی و دایكی له بواری فه‌رهه‌نگیدا بوونه‌ته نوێنه‌ر و سمبوولی كوردانی خوراسان. هیچ پڕۆژه‌یه‌ک یان بیرۆكه‌یه‌كی بهرفرهوانترتان هه‌یه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ئه‌نجامی بده‌ن؟
یه‌ڵدا عه‌باسی: په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ كوردان و هونه‌رمه‌ندانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان هه‌یه. ئێستا له ههوڵێكداین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی چوار پارچه‌ی كوردستان هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین و سترانێک ئاماده بكه‌ین به كورمانجی و سۆرانی و زاراوه‌كانی دیكه‌ی كوردی. ته‌نانه‌ت ئێستاش له ئیتاڵیا له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانای ڕۆژاڤا له په‌یوه‌ندی و هاریكاریداین. له داهاتووش به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌م هه‌یه كه به سۆرانی و كورمانجیی باكوور ستران بچڕم.
ژ.ت