چاپی نوێی پەرتووكی "ژیانم هەمیشە تێكۆشان بوو" بڵاوکرایەوە
چاپی نوێی پەرتووكی "ژیانم هەمیشە تێكۆشان بوو" کە شاكارێکی ئەدەبیی ژنە شۆڕشگێڕی كورد شەهید ساكینە جانسز ناسراو بە "سارا"یە بڵاوکرایەوە.
چاپی نوێی پەرتووكی "ژیانم هەمیشە تێكۆشان بوو" کە شاكارێکی ئەدەبیی ژنە شۆڕشگێڕی كورد شەهید ساكینە جانسز ناسراو بە "سارا"یە بڵاوکرایەوە.
پەرتووكی "ژیانم هەمیشە تێكۆشان بوو" لە سێ بەرگدا چاپ و بڵاوكراوەتەوە، زمانی سەرەكیی پەرتووكەكە توركییە و لەلایەن ئارام پێنجوێنییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی "سۆرانی".
پەرتووکەکە لە سەرجەم کێبخانەکانی باشووری کوردستان بەدەردەستە و خوێنەران دەتوانن بەدەستی بهێنن، هاوکات لە ڕێگەی ئەم پێگەیەشەوە دەتوانن کتێبەکە بەشێوەی ئۆنلاین بەدەستبهێنن.
بۆ بەدەستهێنانی کتێبەکە بە ئۆنلاین کلیک لێرە بکە
نەبەز گۆڕان، نووسەر و ڕۆژنامەنوسیش دوابەدوای خوێندنەوەی پەرتووكەكە وتارێکی لەسەر پەرتووکەکە بەناونیشانی "بانگی خوێنەر دەكەم، بۆ خوێندنەوەی"، نووسیوە کە ئەمە دەقەکەیەتی؛
"زیندان باشترین شوێنە، بۆ تێگەیشتن لە دوژمن و هەڵسەنگاندنی كەسایەتی خۆت"
ساكینە
زۆرجار واكەوتووەتەوە، یادەوەری بەرگریكردنە لە - خود - زۆرێك لە سیاسییەكان، شۆڕشگێڕەكان، تەنانەت نووسەران، بەو ئامانجە یادەوەری دەنووسنەوە، بیكەنە بنەمایەك بۆ بەرگریكردن لە كەسایەتی و بوونی خۆیان. ئەو فۆڕمەی یادەوەری لە باشوور نووسرانەوە، لاوازترین فۆڕم بوو، بەتایبەت لای ئەو تایپەی لە قۆناغی بەرگریدا لەناو ئایدۆلۆژیای حیزب بوون، چونكە یادەوەرییان كرد بە دەروازەیەك بۆ پیشاندانی سیمایەكی جوانی خۆیان و، وێنەیەكیشیان بۆ بەرامبەرەكانیان كێشا، سەر بە دیوە ناشیرینەكەی ناو بەرگرین.
(پەیوەندی بە ناهوشیاریەوە هەیە)
لە یادەوەرییەكانی (سارا - ساكینە) دونیابینییەكی جیاواز هەیە، ڕاستی یادەوەری نین، گێڕانەوەی پەنجاساڵ شۆڕشی باكوورە. یان نیگاكردنە لە چینی هەژار، تێگەیشتنە لە كەسایەتی گرگن و لاواز لەبەردەم سیستەم، هەڵسەنگاندنی فاشیزم، كەسایەتی بەهێز و بەرگریكار، گفتوگۆ و كەنەكردن بەشوێن درزەكانی كۆمەڵگە و مرۆڤدا. ڕەخنەگرتن لە خود، لە ئایدۆلۆژیا، تەماشاكردنی ئاسۆی بیركردنەوەی مرۆڤی كۆن و نوێ، زیندووكردنەوەی پەراوێزخراوەكان...هتد.
ئەم خاتوونە، لەتەمەنی سەرەتاییدا، وێنەیەكی (لەیلا قاسم) دەبینێت، ئەم وێنەیە دەبێتە ئایدیایەك بۆی، دەیەوێت بچێتە شوێنی وێنەكە، دنەی دەدات بەشوێن مێژووی كارەكتەری وێنەكەدا بگەڕێت، خەون بەوە دەبینێت، ڕۆژگارێك بێت هەمان وێنەی ناو زیهینی، بكاتە كەتوار، دەیشیكات. (لەلای قاسم) بە وێنەیەك پاش خۆی ئەم شۆڕشگێڕە دروستدەكات.
لە گروپی زیندانە، لەگەڵ هاوڕێكانی (خەیری و كەمال و مەزڵوم) پێكەوە لە بەرگریدان بەرامبەر فاشیزم، دەستەی سەرەتایی شۆڕشی باكوورە، هەر لە (ئەنكەرە) سەردەمی (كوبە فرۆشتنی سەر عەرەبانە) تا زیندانی (ئامەد) پاشان بۆ ئەكادیمیا و پاشان بۆ گەریلایی، دواتر تا تیرۆركردنی، ناوەستێت و بەردەوامە.
ژنێكی سەرنجڕاكێشە، هوشیار، هەڵگری گفتوگۆییەكی بەرز و قوڵ، ڕەخنەگر.
لە مانگرتنی تامردن، بەژدارە. هاوڕێكانی بەشێكیان دەمرن، بەهۆی چۆكدادانی دەسەڵاتەوە بۆ داخوازییەكانیان، دواجار مانگرتنەكە دەشكێنن. (خەیری و كەمال) لە دوا ڕۆژەكانی مانگرتندا، چاویان لەدەست دەدەن، پاشان ئیفلیج دەبن، تەنها بۆئەوەی نەڵێن: من توركم، لە كۆتا ڕۆژەكانی بەر لە مردنیشاندا، دڵخۆشن وەك كوردێك دەمرن و نەبوون بە تورك. (مەزڵوم)یش نەورۆزی كرد بە وێستگەیەك دژی فاشیزم، خۆی سوتاند، تا ببێتە كڵپەیەكی نوێ لە سەرهەڵدان، وەك خۆی دەڵێت: "ئاگرەكەم مەكوژێنەوە." با كورد ڕووناكییەكەم ببینێت.
(بەرگری سەرسوڕهێنەر دەهێننە ئاراوە، دژی فاشیزم! مردن شتێكی ئاساییە، بەڵام بەو مەرجەی مردنی ناو زیندان بەدەست دوژمن نەبێت، بەدەست خۆیانەوە بێت. سزاو لێدان و گۆشەگیركردن و هەموو تەكنیكەكانی سزادان، دەكەنە وێستگەیەك بۆ خۆهەڵچینینەوە!)
زیندانی ئامەد ناسراوە، پڕسزاترین شوێنە بەرامبەر بە كوردی باكوور و شۆڕشەكەی. دەیانەوێت نەریتەكەی (سەید ڕەزا) دووبارەبكەنەوە، هاواردەكەن لە سێدارەمان بدەن، بەڵام نابێت مردنەكەمان بەدەست ئێوەبێت، دەبێت بەدەست خۆمان بێت و، وەك (سەید ڕەزا) خۆمان شەق لە تەپڵەكەكەی ژێرپێمان دەدەین، هەندێك لە هاوڕێیانیان وایانكرد، وتیان_ ئەو تەپڵەكەی ژێرپێمان كۆماری توركیایە، شەقی تێهەڵدەدەین بۆ ئەوەی بەكوردی بە پەتی سێدارەوە بمرین.
پڕە لە چیرۆكی سەركەوتن و بەرگری، شكست و دەستپێكردنەوە، مێژووی كارەكتەرێك نییە، خۆی بیانووە، بۆ نووسینەوەی گەلێك و هەڵسانەوەی بەرامبەر فاشیزم.
زۆر نییە (٢)هەزار لاپەڕەیە، یارمەتی خوێنەر دەدات لە پرسی كورد و سیستەمی كۆماری توركیا ڕۆبچێت. تەكنیكی نووسینەكەشی تایبەتە، وزەیە بۆ هەڵسەنگاندنی زۆر پرسی گرنگ.
بەنیاز نیم تێبینی لەسەر بنووسم، تەنها بەم پیشاندانە بانگی خوێنەر دەكەم، بۆ خوێندنەوەی.
هـ . ب