هەڵۆ شێرکۆ بێکەس شیعرێکی بۆ شەهید ڕێزان جاوید بڵاوکردەوە، کە لە ٦ی ئابی ٢٠٢٢دا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بە هاوکاریی رژێمی ئێران لە گەڕەکی سەناعەى شاری قامیشلۆ کرایە ئامانج و شەهید کرا.
دەقی شیعرەکەى هەڵۆ شێرکۆ بێکەس بۆ شەهید ڕێزان جاوید
ڕێزان جاوید!
ئەسپە سپییەكەت بئاژوو وەك ئەوەی هەورێ بئاژووی
تۆ سوارێكی ئەرخەوانیت و ئەسپەكەت زادەی بەفرێكی بەخوێن سوورە!
ڕووبكەیتە هەر ئاقار و زەمانێ لە چۆمی ورمێ وە تا شەقامەكانی قامیشلۆ،
هەموو دڵێكت هەر لەگەڵە، تەماشا لە ئاو پاكتری،
نیگات لە كارێز ڕوونترە،
تەماشای دایە فاتمەی میهرەبانی ئەگریجە سپی وەكو بەفری
قەندیل و مێژوویەكی بەسام، چوون شێرە ژنێ لای بێشەیەكی غەمگینەوە دانیشتووە،
هەر وەكو خۆی فرمێسكی سەر پەڕەی گوڵ و گەڵا ئەسڕێ و چاوێكی هەر لێتە!
پەڕەسێلكەی تەماشای دێت و دێت بە هێواشی
لەسەر یاڵی ئەسپی سپیت هەڵئەكورمێ و لە ڕۆحی هەموومانەوە ئاوێزانتە!
تۆ لە موكریانەوە هاتوویت و لەجیاتی
ئێمە لە كانی سپی وەكوو
گوڵی پەموو هەڵوەریت و وەكوو پوشووی دەشتی حەسكە گڕ
گرتیتی؟! چەندە بروسكە لێی دایت و هەر نەمردیت
چەند وەرز و تەقویمی ئەم زەمانە ناچیزەیەت تەواو كرد و
هەر نەمردیت...دەوران دەوی شەقژنی ئەم خولی نەخشە
ئەنجن ئەنجنەت كرد و هەر مایت!
تۆ نامریت چونكە ئازایەتیتان بووە بە گوڵە سەمەلی
ناو داستانەكان، خۆڕاگریتان بووە بە هزری بیرنەچوونەوەی
هەموو قەسیدەكانی شاخ...دەبێ ئەم سەفەرەت تێكەڵی
نیشتمان بكەم و پرێس كۆنفرانسی مەرگێكی پیرۆزتان بۆ
ڕێكبخەم لەگەڵ ئەبو لەیلایی هەمووان!
ئەوە ئێمە نین كە ئەڵێین بیرناچنەوە
ئەوە مەهاباد و كۆبانێ و دیاربەكر و كەركووكە وا ئەڵێن!
ئەسپە سپییەكەت پێشەنگی كاروانە و هەر ئەگاتە تەنگەی دەربەند و هەقی تووڕەی خاكێكە ئەحیلێنێ و بە ناو خەون و خەیاڵی هەموواندا ڕێ ئەكات و
هەورە بروسكە و ڕەهێڵەیەكی هیلاكە و
ئارەقەی كۆڵنەدانێك دەرئەدات و لە تەوێڵیدا گڕێگ بۆ
هەمیشە ڕواوە و هەر ئەسووتێ! بۆیە نامریت هاوڕێ!
ژ.ت