لە کەرکوک، بازارێک بۆ بەرهەمەکانی کاری دەستی کرایەوە
لە شاری کەرکوک، بە پاڵپشتی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، سەدان گەنجی شارەکە فێری پیشەبوون، وە لەپێناو نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بازارێکیان بۆ کرایەوە.
لە شاری کەرکوک، بە پاڵپشتی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، سەدان گەنجی شارەکە فێری پیشەبوون، وە لەپێناو نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بازارێکیان بۆ کرایەوە.
ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٨:٣٠ی شەو، لە مۆڵی کەرکوک لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بازرێکی تایبەت بە بەرهەمەکانی کاری دەستی کرایەوە کە تیدا کاری دەستی ژمارەیەکی زۆری ژنانی شارەکە نمیاشکرا، هەروەها ژمارەیەکی کەم لە کوڕان لە بازارەکە بە بەرهەمەکانیان بەشداربوون، بازارەکە بە هاوکاری و پاڵپشتی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کرابووەوە، کە لەماوەی ڕابردوو پرۆگرامی خۆراکی جیهان بەهاوکاری پەیمانگای ڕاهێنانی پێشەی سەر بە بەڕێوبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، خولی فێربوونی جۆرەها پیشەیان بۆ (٥٠٠) کەس لە ژنانی گەنج و کوڕانی شارەکە کردەوە و دوای تەواوی بوونی خولەکان بازارێکیان کردەوە تا بەشداربووان بتوانن بەرهەمەکانیان نمایش بکەن و بیفرۆشن.
جێگای باسە بازارەکە بەرهەمی خولەکانی پەروەردەکردنی ٥٠٠ گەنجی شارەکە بوو لەچوارچێوەی پرۆژەی بەهێزکردنی پەرەپێدانی ئابوری، وە ئەو خولانەی کە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بۆ گەنجانی شارەکەی کردەبووەوە بریتیبوو لە خولەکانی(فێربوونی کۆمپیوتەر، دروستی خوارک، دروومان دورین، شەرچاککردن'دەلاکی'، ئاریشتگای ژنان، بەڕیوەبردنی کار، ناساندنی جیهانی کار و چاککردنەوەی مۆبایل).
لە رۆژی یەکەمی بازارەکدا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی شارەکە لە هەردوو ڕەگەز بەشدارین بە جۆرەها بەرهەمی وەکو خوراک و جلو بەرگی دەستکرد و ئیکسسوارات و بەرهەمەکانی چنینی خوری و چەندین بەرهەمی دیکە، هەروەها هەزاران هاووڵاتی شارەکە بە تەواوی پێکهاتەکانەوە سەردانی بازارەکەیان کرد.
گرنگە بۆ خانمان کە بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان
شەیما فاخر ژنێکی گەنجی بەشداربووی بازارەکە بوو، شەیما بە چەندین بەرهەمی کاری دەستی وەکو دەستەوانە و تەوقەی سەر، و کەلوپەلی جل و بەرگی کوردی و دروستکردنی ملوناکە بە مێخەک و چەند بەرهەمێکی دیکە بەشداری لە بازارەکە کردبوو، شەیما بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا: "ماوەی چەندین ساڵە کاری دەستی دەکەم وە لەم پرۆژەیەدا بەشداریم لە خۆلێکی دروومان دوورین کردبوو، وە توانیم سوودێکی زۆر لەو خولە ببینم کە لە کۆتایی خولەکەماندا بەشداریم کرد لەم بازارکە بریتییە لە پێشەنگایەک بۆ نمایش کردنی بەرهەماکانمان،وە زۆر گرنگە بۆ خانمان کە بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن لە دابین کردنی بژێوی ژیانیان وە ئەرکە لەسەر بنەماڵە و هاوژینەکانیان کە پاڵپشتی ژنان بکەن کە پەرە بە تواناکانیان بدەن".
داواکارم لە ژنان کارەکانیان پێشبخەن
هەروەها شەیما فاخر ووتیشی: "گەورەترین بەربەست لە بەردەم تواناکانی خانمان ڕێگری بنەماڵە و هاوژینەکانیان و قسەی کۆمەلگایە، داواکارم لە تەواوی ژنانی کورد بە تایبەتی لە کەرکوک کە کارەکانیان بەرەوپێش ببەن، وە داواکارین بازارێکی هەفتانەی تایبەت بە ژنان بکرێتەوە لە شارەکە تا ژنان بتوانن بەرهەمەکانیان نمایش بکەن و بیفرۆشن".
سەرەتایەک دەبێت بۆ ئەوەی بتوانم کاری تایبەت بەخۆم دابنێم
هەروەها هەڵگورد عەبدولکەریم گەنجێکی دیکەی شاری کەرکوکە، کە بەشداری خولێکی سەرچاککردن(دەلاکیی)بووبوو، سەبارەت بەگرنگی ئەم پرۆژانە بۆ نەهێشتنی بێکاری ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "خۆشحاڵین کە پرۆژەیەکی بەم شیوەیە هەیە کە هەوڵدەدات گەنجەکانمان بخاتە سەر کار، منیش دوای مانگێک لە خولی پەروەردەیی توانیم سوود وەربگرم ئەمەش سەرەتایەک دەبێت بۆ ئەوەی بتوانم کاری تایبەت بەخۆم دابنێم و لەبێ کاری ڕزگارم ببێت".
ڕاهێنانی پیشەییمان پێشکەش بە سەدان کەس کرد
لەلای خۆیەوە، شاهۆ خورشید نوری، چاودێری مەیدانی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە کەرکوک، سەبارەت بە پرۆژەکەیان بۆ هاوکاری کردنی ژنان و کوڕانی شاری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئێمە وەکو پرۆگرامی خوراکی جیهانی بە هاوکاری لەگەل بەڕێوبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، هەستاین بە پێشکەش کردنی ڕاهێنانی پیشەیی بە (٥٠٠) کەس لە شاری کەرکوک، ئەو کەسانەی کە بەشداری خولەکە بوون وەکو هاوکاری کەلوپەل وەردەگرن، کردنەوەی ئەم بازارەش ئەنجامی ئەو خولە بوو لە چوارچیوەی پرۆژەی بەهێزکردنی بەرپێدانی ئابوری".
هەوڵدەدەین دەستپێکێک بدەین بەو گەنجانە، تا پیشەی تایبەت بە خۆیان هەبێت
هەروەها شاهۆ نوری ووتیشی: "ئەم بازارە بەشێکە لە ڕاهێنانەکە چونکە ئێمە ئەو گەنجانەمان فێری پیشەکردن وە لەڕیگەی کردنەوەی ئەم بازارە هەوڵدەدەین دەستپێکێک بدەین بەو گەنجانە، تا دەستبکەن بە پیشەی تایبەت بە خۆیان و داهاتی خۆیان بەرهەم بهێنن و پشت بەخۆیان ببەستن".
گەنجانی بەهرەدار هەیە تەنها هەلێکیان پێویستە
لە کۆتایدا شاهۆ نوری ئاشکرای کرد: "ئەو خولانەی کە لیرەدا بەشدارنین ئێمە جێگای کارکردنمان بۆیان دابین کردووە تا بتوانن داهاتی خۆیان بەرهەم بهێنن، وە گەنجانی کەرکوک دوو جۆرن بەشێکیان بەتوانان و تەنها هەلێکیان دەوێت تا هاوکارییان بکرێت و کاربکەن چونکە بەهرەیان هەیە بەڵام کەسێک نیە دەستیان بگرێت، بەڵام بەداخەوە بەشێکی دیکەی گەنجان هەیە کە یارمەتیش ئەدرێت بەڵام ناتوانێت کارەکانی بەسەربەرێت".
هـ . ب