لە شاری سلێمانی وۆرکشۆپێک دەربارەی پەیوەندیکردن بەبێ توندوتیژی بەڕێوەچوو

لە ڕێکخراوی ئازادبوون، لە شاری سلێمانی، لەلایەن گروپی سکێچ بۆ شانۆی ڕاگوزەری وۆرکشۆپێک دەربارەی پەیوەندیکردن بەبێ توندوتیژی بەڕێوەچوو.

شانۆی ڕاگوزەری، ئەو جۆرە لە شانۆیە کە هیچ جۆرێک لە دەق و سیناریۆی ئامادەکراوی تێدا نییە، لە شانۆی ڕاگوزەریدا هەموو ئەکتەرەکان لە یەک ئاستی چاودا تەماشا دەکرێن و هەمووان پێشنیار و کەسایەتی یەکتر قبوڵ دەکەن.

لە لایەن گروپی سکێچ بۆ شانۆی ڕاگوزەی، بە هاوکاری ستافی ڕێکخراوی ئازادبوون لە ١٢ی ئەم مانگە لە ڕێکخراوی ئازادبوون وۆرکشۆپێک ئەنجامدرا، وۆرکشۆپەکە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.

بابەتی وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە "پەیوەندیکردن بەبێ توندوتیژی"، ناوەڕۆکی چالاکییەکە ئەنجامدانی چەندین چالاکی و ڕاهێنانی پراکتیکی بوو دەربارەی دروستکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو ئاست و جۆرەکاندا، بەبێ ئەوەی توندوتیژی و بەزاندنی سنوری ئەوانی تری تێدا بێت.

بەژداربووانی چالاکییەکە، لە سەرجەم چین و توێژ و تەمەنەکانی کۆمەڵگا بوون و ژمارەیان زیاتر لە بیست کەس بوو، هەمووان بە وزە و جوڵە و ویستێکی پڕ خرۆشەوە، بەشداری چالاکییەکان بوون و پێیان وابوو، وۆرکشۆپی پراکتیکی کاریگەری زیاترە لە چاو ئەو وۆرکشۆپانەی تەنیا لەڕووی تیۆرییەوە بابەتەکان باس دەکەن.