به‌رنامه‌ی ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ له‌نده‌ن

ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ ڕۆژانی ١٣-٢٢ی نیسان له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چێت و بڕیاره‌ له‌ ٣ سینه‌ما فیلمه‌كوردییه‌كان نمایش بكرێن. خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌مساڵ له‌ژێر ناوی شه‌هید مه‌همه‌ت ئاكسۆی دابه‌ش ده‌كرێت.

ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ له‌نده‌ن، ڕۆژانی ١٣-٢٢ی نیسان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، فیلمێك له‌سه‌ر یڵماز گونه‌ی و فیلمێكیش له‌سه‌ر ژنانی ئێزدی پیشان بدرێت.

فیلمه‌كان له‌ هه‌ر سێ سینه‌مای Vue Cinema, Rio Cinema, Soas University له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا پیشان ده‌درێن.

بۆ یادی ئاكسۆی

بڕیاره‌ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ژێر ناوی «مه‌همه‌ت ئاكسۆی» كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشی داعش له‌ ڕه‌قا شه‌هید بووبوو، دابه‌ش بكرێت. هاوكات له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ڵگه‌فیلمێكی شه‌هید مه‌همه‌ت ئاكسۆی-ی سینه‌ماكار، ڕاگه‌یاندنكار و چالاكی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل پیشان بدرێت.

فیلمی «G بوون» كه‌ مه‌همه‌ت ئاكسۆی له‌ ساڵی ٢٠١٠ ده‌ستی به‌ به‌رهه‌مهێنان كردبوو و كاره‌كانی ته‌واو نه‌كردبوو، بڕیاره‌ له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا نمایش بكرێت. «چیرۆكه‌كانی به‌رخۆدان» كه‌ له‌ فیلمه‌كوردییه‌كاندا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه‌، به‌رنامه‌كانی فێستیڤاڵ ڕه‌نگینتر ده‌كه‌ن.

له‌ ٩ ڕۆژدا ٤٤ فیلم نمایش ده‌كرێن

ئه‌مساڵ ١٠ فیلمی ماوه‌درێژ، ١٢ به‌ڵگه‌فیلم و ٢٢ كورته‌فیلم له‌ ماوه‌ی ٩ ڕۆژی ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی له‌نده‌ن نمایش ده‌كرێن. فه‌رهان ستێرك یه‌كێك له‌ سه‌رپه‌رشتیارانی فێستیڤاڵه‌كه‌ ڕایگه‌یاند: له‌ كوردستان و ئه‌ورووپا ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلم بانگهێشت كراون. وتیشی: له‌ ساڵی ٢٠٠١ به‌دواوه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن سینه‌مای كوردی به‌ جیهان بناسێنن. 

«له‌ له‌نده‌ن زۆر چالاكیی هونه‌ری ساز ده‌كرێن، زیاتر له‌ ١٠٠ فێستیڤاڵ كه‌ سازده‌كرێن، گوزارشت له‌ سینه‌مای نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ن، من ده‌توانم بڵێم پێشوازییه‌كی زۆر له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌مان ده‌كرێت.»

ستێرك ده‌ستنیشانی كرد كه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌یان له‌ سایه‌ی هه‌وڵ و ماندووبوونی زۆر كه‌س به‌ڕێوه‌ده‌چێت و وتی: له‌ بواری فیلمه‌كاندا، هه‌ڤاڵی سینه‌ماكارمان هه‌ن. هه‌روه‌ها چاوی ڕاگه‌یاندنی سینه‌ما و مێدیای‌ له‌نده‌ن له‌سه‌ر فێستیڤاڵه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌بێت. ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ كه سه‌رنجی‌ خه‌ڵكی بیانیش بۆ فێستیڤاڵه‌كه‌مان ڕابكێشین.

s.m